ئیسرائیل: ئابڵوقەی ئاویی سەر کەرتی غەززە هەڵناگرین
کەرتی غەززەی فەلەستینی لە ساڵی 2006ـەوە لەلایەن بزووتنەوەی حەماسی ئیسلامییەوە دەستی بەسەردا گیراوە، کە ئەو بزووتنەوەیە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بە رێکخراوێکی تیرۆریستی دانراوە.
رۆژی دووشەممە 27ـی حوزەیرانی 2016، بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا رایگەیاند، کە رێککەوتنی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانیان رێگری لە ”چالاکیی تیرۆریستی“ گرووپە فەلەستینییەکان دەکات.
پێشتر خالید مەشعەل، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس سەردانی تورکیای کرد و لەگەڵ رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کۆبووەوە و ئەردۆغان دڵنیایی دا لەوەی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ ئیسرائیل، زیانی بۆ حەماس نابێت.
بنیامین نەتەنیاهۆ ئاماژەی بەوەش دا، کە بەردەوامیی ئابڵوقەی ئاوی لەسەر کەرتی غەزەە، ”لە بەرژەوەندیی ئاسایشی باڵای ئیسرائیلە و هەرگیز گفتوگۆی لەسەر ناکەم“.
لە بەشێکی رێککەوتنەکەی ئیسرائیل و تورکیادا هاتووە، کە حکوومەتی ئیسرائیل رێگا بە تورکیا دەدات هاوکاریی مرۆیی بگەیەنێتە کەرتی غەززە، بەڵام سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندووە، کە پێویستە هاوکارییەکان بە بەندەرەکانی ئیسرائیلەوە ببرێنە غەززە.
لە مانگی ئایاری 2010، تورکیا بەمەبەستی شکاندنی ئابڵوقەی ئابووری سەر کەرتی غەززەی فەلەستینی، کەشیگەلێکی بە ناوی کەشتیگەلی سەربەستی، بە چەندین تۆن خواردن و هاوکاریی مرۆیی بەرەو کەرتی غەززە بەڕێکرد و لەلایەن هیزەکانی ئیسرائیلی هێرشی کرایە سەر و نۆ هاووڵاتیی تورکیا گیانیان لەدەست دا.
