توركیا و ئیسرائیل گەیشتنە رێككەوتن

توركیا و ئیسرائیل گەیشتنە رێككەوتن
توركیا و ئیسرائیل لەسەر ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان رێككەوتن، دەستپێكردنەوەی سەردانە فەرمییەكان و كردنەوەی باڵیۆزخانەكانیش لە خاڵە سەرەكییەكانی رێككەوتنەكەن.

دوای شەش ساڵ لە ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەكانیان بەهۆی كوشتنی چەند هاووڵاتییەكی توركیا لەلایەن ئیسرائیلەوە لە كەشتگەلی ئازادی كە بەرەو غەززە دەڕۆشت، ئەنقەرە و تەلئەبیب ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا راگەیاند.

بەپێی رێككەوتنەكە، یەكەم خاڵی ئاساییكردنەوەی هەنگاوەكان بە گەڕانەوەی باڵیۆزەكانی هەردوو وڵات بۆ پایتەختەكانی یەكدی دەستپێدەكات.

لە رێككەوتنەكەدا، كە بڕیارە سبەی سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل رایبگەیێنێت، ئاماژە بەوەشكراوە، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هیچ وڵاتێكیان دژی یەكدی كار ناكەن.

خاڵەكانی رێككەوتنەكە:

1. گەڕانەوەی باڵیۆزانی هەردوو وڵات.

2. دوای ئەوەی سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل داوای لێبووردنی لە رووداوی کەشتیگەلی ئازادی كرد، پێویستە ئیسرائیل 20 ملیۆن دۆلاریش وەك قەرەبوو بداتە كەسووكاری قوربانییەكانی ئەو رووداوە.

3. لەبردنی لابردنی گەمارۆی تەواو، توركیا هاوكاری مرۆیی بگەیێنێتە غەززە.

4. هەموو هاوكارییە سەربازیی و هەواڵگرییەكان و پەیوەندییە سیاسیی و ئابوورییەكان دەچنەوە دۆخی جاران.

5. توركیا دەست لەو سكاڵایانە هەڵدەگرێت كە لە دادگا نێودەوڵەتییەكان دژی ئیسرائیل تۆماری كردوون.

6. لە ئاستی نێودەوڵەتی؛ هەردوو وڵات هاوكاری یەكدی دەكەن و دژی یەكدی كار ناكەن.

7. سەردانە فەرمییەكان لەنێوان هەردوو وڵات دەستپێدەكەنەوە.

بەپێی زانیارییەكان توركیا بەڵێنیداوە نێوبژیوانی لەنێوان حەماس و ئیسرائیل بكات بۆ ئازادكردنی سەربازە دیلەكانی ئیسرائیل لەلای حەماس.

بڕیارە رۆژی دووشەممە 27-6-2016 بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل خاڵەكانی رێككەوتنەكە رابگەیێنێت.
Top