مێركڵ بۆ پەنابەران: هەوڵبدەن بۆ فێربوونی زمانو كاركردن
بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی (دۆیچە ڤێلە)ی ئەڵمانی، ئەنگێلا مێركڵ راوێژكاری ئەڵمانیا لەگفتوگۆی دیالۆگی كراوە كە هەفتانە ئەنجامیدەداتو لەڕێی ئینتەرنێتەوە پەخش دەكرێت، سەبارەت بە باسی تێكەڵبوونی پەنابەران لەگەڵ كۆمەڵگە رایگەیاندووە: هەفتەی داهاتوو بەنیازن لەگەڵ یەكێتی و رێكخراوە كۆمەڵایەتییەكانی تایبەت بە پەنابەران كۆببنەوەو تەئكیدی لەسەر سەركەوتنی پەنابەران لەڕێی كاركردنەوە كردووەتەوە.
مێركڵ بەكاسەتییەكی دۆستی پەنابەران دادەنرێتو ئەوەش چوارەم جارە كە چاوی بە گروپەكانی پەنابەرانی وڵاتەكەی دەكەوێت.
مێركڵ باسلەوەشدەكات ناكرێت بەشێوەیەكی راستەوخۆ لەگەڵ تێكەڵكردنی پەنابەراندا باسلەو تاوانكارییانە بكەن كە لەنێوان پەنابەرانو گەلی ئەڵمانیدا رویانداوە، بەگرنگیشی زانیوە مافو ئەركەكان بەشێوەیەكی روون رونبكرێنەوەو یاساكان پیادەبكرێنو پەنابەران هەوڵەكانیان بۆ فێربوونی زمان و دۆزینەوەی رێڕەوێك بۆ نان پەیداكردن بخەنەگەڕ.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، شارەزایانی نوسینگەی فیدراڵی ئەڵمانیا بۆ كۆچو پەنابەران لەپەیامێكی ناوخۆیدا رەخنەیان لەلاوازی شێوازەكانی چاودێریو دۆسییەكانی پەنابەران گرتووە، بەپێی زانیارییەكانی گۆڤاری شپیگڵی ئەڵمانی، یەكەی بەرپرس لەچاودێری دروستی بڕیارەكانی تایبەت بە دۆسییەكانی پەنابەری لە ساڵی رابردوودا پشنكینی تەواوەتی بۆ نەكراوە.
لەلایەكی ترەوە، هۆڵگەر مونش سەرۆكی دەزگای بنەبڕكردنی تاوان لە ئەڵمانیا، هۆشداریدا لەمەترسی زیادبوونی شانە تیرۆریستییە نوێیە راستڕەوەكان، ئەوەش لە سایەی زیادبوونی ئامادەكاریی ئەنجامدانی توندوتیژی لەلایەن راستەڕەوەكانەوە دژ بە پەنابەران.
لەدیمانەیەكیدا لەگەڵ ئاژانسی (دی بی ئەی) ئەڵمانی مونش دەڵێت"مەسەلەی كۆچ سێبەری راستڕەوەكانی گەیاندووەتە ئەو خەڵكەی كە پێشتر خواستی تاوان و توندوتیژییان تێدا بووە، تەنانەت گەر لە خانەی توندڕەوەكانیشدا پۆلێن نەكرابن".
بەوتەی مونش، بەدوور نازانرێت لەسایەی ئەو دۆخەدا كەسانی رادیكاڵی چەكەرە بكەنو بگەنە ئاستی گروپی تیرۆریستی.
لەم ساڵدا ژمارەی ئەو دەستدرێژییانەی كرانەسەر شوێنی نیشتەجێی پەنابەران گەیشتە 568 دەستدرێژیو ئەو رێژەیەش لە توندوتیژی لەلایەن مونشەوە بە مەترسیدار وەسفكراوە.
لەدووساڵی رابردوودا تەوژمێكی گەورەی كۆچبەران روویان لە وڵاتانی ئەوروپاكرد، ئەڵمانیا یەكێك بوو لەو وڵاتانەی زۆرترین ژمارەی كۆچ بەران روویان تێكرد، بەپێی ئامارەكانیش ژمارەی كۆچبەران لەو وڵاتە لە ملیۆنێك نزیك بووەتەوە.
