دوای بەیعەتدانیان بە ئەبوبەكر بەغدادی دوو برا دایك و باوكیان دەكوژن
رۆژنامەكانی ناوخۆی سعودیە رایانگەیاند "رۆژی هەینی 24-6-2016 لەگەڕەكی حەمڕا لە ریازی پایتەخت، 2 برای دووانە دوای بەیعەتدانیان بە ئەبوبەكر بەغدادی خەلیفەی رێكخراوی داعش لە نێو ماڵی خۆیان بە چەقۆ دایك و باوكیان دەكوژن و برا بچووكەكەشیان بە سەختی برینداردەكەن".
بەپێی رۆژنامەكانی سعودیە "بە مەبەستی پەیوەندیكردن بەڕیزەكانی داعش ئۆتۆمبێلێكیان دزیوە و بەرەو وڵاتی یەمەن كەوتونەتەڕێ، دواتر لە ناوچەی (دلم) وەستاون و ئۆتۆمبێلێكی دیكەیان دزیوە، بەڵام دوای ئاگاداركردنەوەی پۆلیس لە پرسی دزینی ئۆتۆمبێلەكە لەلایەن خاوەنەكەیەوە پۆلیس كەوتوتە گومان و هەردووكیانی دەستگیركردوە".
رۆژنامەكان هەروەها دەڵێن "دەورییەكانی پۆلیس ئۆتۆمبێلە دزراوەكەیان لە رێگەی خفس بینیوە و كاتێك داوایان لێكردوە بوەستێ هەوڵیانداوە هەڵبێن ئەمەش گومانی زیاتری لەلایەن پۆلیسەوە دروستكردوە، دواتر هەردووكیانی دەستگیركردوون، بەپێی دوایین زانیاریەكانیش ئەو 2 برا دوانەیە بەیعەتیان بە ئەبوبەكر بەغدادی خەلیفەی داعش داوە."
رووداو
