ناکۆکی نێوان ئەڵمانیا و تورکیا قوڵتردەبێتەوە

 ناکۆکی نێوان ئەڵمانیا و تورکیا قوڵتردەبێتەوە
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رەتیکردەوە مۆڵەت بدات بە شاندێکی وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا و پەرلەمانتارانی ئەو وڵاتە بۆ ئەوەی سەردانی بنکەی سەربازی ئینجەرلیک بکەن، ئەڵمانیاش هەڵوێستی تورکیای بە "نابەرپرسانە و بە ئاژاوەگێڕی" ناوزەد کرد.

راوێژکاری وەزارەتی بەرگریی و ژمارەیەک پەرلەمانتاری ئەڵمانیا پلانیان دانابوو بۆ ئەوەی مانگی داهاتوو سەردانی بنکەی سەربازی ئینجەرلیک بکەن، بەڵام تورکیا داواکارییەکەیانی بۆ وەرگرتنی مۆڵەت رەتکردەوە.

لەوبارەیەوە مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "رێگە دەدەین بە شاندی سەربازیی و تەکنیکی بۆ ئەوەی سەردانی ئەنجەرلیک بکەن، بەڵام سەردانی شاندی سیاسیی بە گونجاو نابینین".

رەتکردنەوەی داواکارییەکەی شاندە ئەڵمانییەکە لەلایەن تورکیاوە، کاردانەوەی ئەڵمانیای بەدوای خۆیدا هێنا.

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا رایگەیاند "هەڵوێستی تورکیا وەک هاوپەیمانێکی ناتۆ راست نییە. بەدواداچوون دەکەین بۆ وەرگرتنی زانیاریی ورد لەبارەی رەتکردنەوەی داواکارییەکە".

فلۆریان هاهن، گوتەبێژی کاروباری دەرەوە و ئاسایش و بەرگریی پارتی یەکێتی سۆشیال-کریستیانی ئەڵمانیایش رایگەیاند "هەڵوێستی تورکیا لە هیچ جۆرە سیاسەتێکدا جێگەی نابێتەوە، هەڵوێستێکی نابەرپرسانەی ئەندامێکی ناتۆیە".

هاهن رەتکردنەوەکەی تورکیای بە "ئاژاوەگێڕییەکی ئامادەکراو" ناوبرد و بە باشی زانی "ئەڵمانیا بیر لەبەکارهێنانی بنکەی سەربازی دیکە بکاتەوە لەدەرەوەی تورکیا وەک بنکەی سەربازی عەممان لە ئوردن".

میدیاکانی ئەڵمانیاش لەزاری سەرچاوە دیپلۆماتییەکانەوە بڵاویانکردووەتەوە، هۆکاری رەتکردنەوەی داواکاری شاندە ئەڵمانییەکە، بەهۆی بە جینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژی ساڵی 1915ی ئەرمەنییەکانەوەیە لەلایەن پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیاوە، کە ئاڵۆزی لە پەیوەندییەکانی نێوانیاندا دروست کرد.
Top