بانگەوازێك لە پۆلیسی ئینتەرپوڵەوە بۆ هاوڵاتیانی ئەوروپا

بانگەوازێك لە پۆلیسی ئینتەرپوڵەوە بۆ هاوڵاتیانی ئەوروپا
پۆلیسی ئینتەر پوڵ وێنەو زانیاری لەسەر 10 كەس بڵاودەكاتەوە كە وەك كەسانی"گەورە بازرگان بە مرۆڤەوە" ناویان دەبات، بۆدۆزینەوەشیان داوای هاوكاری لەهاوڵاتیانی ئەوروپا دەكات.

پۆلیسی ئینتەر پوڵ كە بارەگای سەرەكی لەشاری لیۆن-ی فەرەنسایە، لەبانگەوازێكیدا كە ئەمڕۆ لەپێگەی خۆی بڵاویكردۆتەوە، داوای كردووە هاوڵاتیانی ئەوروپی بەدەنگیانەوە بچن‌و هاوكاری لایەنە پەیوەندیدارەكان بكەن بۆ دۆزینەوەی ئەو كەسانە كە بەسەرانسەری جیهاندا بڵاوبوونەتەوە.

لەناو ئەو "گەورە بازرگانانە بەمرۆڤەوە" ناوی هەریەك لە ماریانا گرۆكریسكۆ سەرۆكی یەكێك لەباندەكانی رۆمانیا‌و خۆلیۆ كۆلییڤ سەرۆكی باندێكی بولگاریی هاتووە.

لەبانگەوازەكەیدا ئینتەر پوڵ پێشبینی كردووە تەنها لەساڵی رابردوودا داهاتی ئەو گەورە بازرگانانە لەبردنی كۆچبەرانی نایاسایی بۆ وڵاتانی ئەوروپا گەیشتبێتە 5 ملیار دۆلار، هەروەك ئەوەش روونكراوەتەوە پڕۆسەی گەڕان بەدوای نزیكەی 180 قاچاخچی بەمرۆڤەوە(لەنێویاندا 5 لەو بازرگانە گەورانە هەن) لەسەرجەم ئەو وڵاتانەی ئەندامن لەئینتەر پوڵ بەردەوامە‌و جەختیشكراوەتەوە لەسەر هەماهەنگی نێودەوڵەتی لەپێناوی دەستگیركردنی ئەو كەسانەدا.

ئینتەر پوڵ ئەوەشی خستوەتەڕوو كە 44 دەوڵەت هاوكاری پڕۆسەكانی دەكەن لەسەرتاسەری جیهاندا كە عێراقیش یەكێكە لەو دەوڵەتانە.

ئینتەر پوڵ ساڵی 1923 دامەزراوەو پۆلیسی 190 دەوڵەت لەخۆدەگرێت، ناوی تەواوی پۆلیسی ئینتەر پوڵ-یش بریتییە لە: رێكخراوی پۆلیسی تاوانی نێودەوڵەتی(International Criminal Police Organization) كاری ئەو دامەزراوەیەش بریتییە لە دەستگیركردنی ئەو تۆمەتبارانەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی‌و حكومەتی وڵاتەكانیان داواكراون.
Top