نەرویج هێزێک بۆ شەڕی دژی داعش دەنێرێت و مەشق بە پێشمەرگە دەکا

 نەرویج هێزێک بۆ شەڕی دژی داعش دەنێرێت و مەشق بە پێشمەرگە دەکا
حکوومەتی نەرویج رایگەیاندووە، هێزێکی سوپای وڵاتەکەی بۆ شەڕی دژی رێکخراوی توندڕەوی داعش دەنێرێت.



وەزارەتی بەرگریی نەرویج لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، کە هێزە ناوچەییەکانی سووریا سەرکەوتنی زۆریان بەدەست هێناوە، کە پێشبینی نەکراو بوو.



حکوومەتی نەرویج سوورە لەسەر ناردنی 60 سەرباز و راوێژکاری سەربازی بۆ ئوردن لەم هاوینەدا، بۆ مەشقکردن بە هێزە میانڕەوە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا.



بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی (رۆیتەرز)، پەرلەمانی نەرویج رەزامەندیی نیشان داوە لە ناردنی هێزی سەربازی بۆ سووریا و ”رەنگە“ حکوومەتی نەرویج هێزێک بنێرێتە سووریا، کە بەشێکیان لە ”هێزی تایبەت“ی نەرویجی دەبن.



پێشتریش حکوومەتی نەرویج 120 سەرباز و راوێژکاری سەربازیی سوپای وڵاتەکەی ناردبووە کوردستانی باشوور و عێراق و لە شری هەولێریش لە فێرگەیەکدا، بەردەوامن لەسەر مەشقکردن بە هێزەکانی پێشمەرگە.



دوای ئاڵۆزبوونی بارودۆخی سووریا و دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لە مانگی ئاداری 2011، داعش وەک هێزێکی تیرۆریستی لەو وڵاتە دەرکەوت و دوای داگیرکردنی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لە عێراق لە مانگی حوزەیرانی 2014، خەلافەتێکی ئیسلامی لە بەشێک لە خاکی سووریا و عێراق پێکهێنا.







باسنیوز
Top