لە ڕۆژهەڵاتى منبج هێرشێکى چەکدارەکانى داعش تێکشکا و ٣٠ چەکدار کوژران

لە ڕۆژهەڵاتى منبج هێرشێکى چەکدارەکانى داعش تێکشکا و ٣٠ چەکدار کوژران
هێرشێکى چەکدارەکانى داعش بۆ سەر دوو گوند لە ڕۆژهەڵاتى قەزاى منبج لەلایەن شەڕڤانانەوە تێکشکێنرا و ٣٠ چەکدارى داعشیش کوژران.

ئاژانسى هەواڵی هاوار لە ڕۆژئاواى کوردستان ئەمڕۆ ٢٢ى حوزەیرانى ٢٠١٦ بڵاویکردەوە، چەکدارەکانى داعش هێرشیانکردووەتە سەر گوندەکانى نەخیل و یاستا لە سێ کیلۆمەتریى ڕۆژهەڵاتى قەزاى کۆبانێ و بەهۆى ئەو هێرشەوە پێکدادانێکى قورس لە نێوان شەڕڤانان و چەکدارەکانى داعشدا ڕوویداوە.

ئاماژ بەوەشکراوە، لە دواى سێ کاتژمێر لە بەرەنگاریى شەرڤانانى ئەنجوومەنى سەربازیى مبنج ئەو هێرشەى چەکدارەکانى داعش تێکشکێنراوە و لە ئەنجامدا ٣٠ چەکدارى داعش کوژراون.

لە ڕۆژى ١ى حوزەیرانى ٢٠١٦ەوە ئۆپراسیۆنی "شەهیدى فەرماندە فەیسەڵ ئەبو لەیلا" بۆ کۆنترۆڵکردنى منبج دەستیپێکردووە. لەو کاتەوە تا ئێستا زیاتر لە ١٠٠ گوندى گەورە و بچووک لە ڕووبەرێکى زیاتر لە هەزار و ٤٠٠ کیلۆمەتر چوارگۆشەدا لە دەورووبەرى منبج و هەموو ڕێگاکانى نێوان ڕەقە و سنوورى تورکیا لەلایەن شەڕڤانانەوە کۆنتڕۆڵکران.

هاوکات هەواڵى ئەوە بڵاوبوویەوە، کە ڕۆژی ١٤ى حوزەیرانى ٢٠١٦ یەکەم ژنە شەڕڤانى یەپەژە لە ئۆپراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنى قەزاى منبجدا شەهید بووە.

لەگەڵ دەستپێکردنى ئۆپراسیۆنى کۆنترۆڵکردنى منبجدا فڕۆکە جەنگییەکانى هاوپەیمانان لە ئاسمانەوە هاوکاریى شەرڤانان دەکەن و بنکە و بارەگاى چەکدارەکانى داعش لە دەورووبەرى منبج بۆردومان دەکەن.

شەڕڤان دەروێش وتەبێژى ئەنجوومەنى سەربازیى منبج ڕۆژى ٨ى حوزەیرانى ٢٠١٦ ڕایگەیاند، لە ڕووى سەربازییەوە هێزەکانیان زاڵن بەسەر منبجدا و کۆنترۆڵکردنى ئەو قەزایە لە ئان و ساتدایە، بەڵام لەبەر پاراستنى ژیانى ئەو ژمارە هاووڵاتییە لە قەزاکەدا ماون بە هۆشیارییەوە پێشڕەوى دەکەن.

لە ڕۆژى ٣ى حوەزیرانى ٢٠١٦ فەرماندەى ئۆپراسیۆنى کۆنترۆڵکردنى منبج بە ناوى ئەبو لەیلا بە قورسى برینداربوو و لە دواى گەیاندنى بۆ نەخۆشخانى شار لە شارى سلێمانى و سەربارى هەوڵى پزیشکەکان ڕۆژى ٥ى حوزەیرانى ٢٠١٦ بە هۆى قورسیى برینەکەیەوە شەهید بوو و ڕۆژی ٦ى حوەزیرانى ٢٠١٦ بە ئامادەبوونى جەماوەرى کۆبانێ لە کۆبانێى ڕۆژئاواى کوردستان بە خاک سپێردرا.

هاوکات ئەنجوومەنى سەربازیى قەزاى منبج بڕیاریداوە، ناوى ئۆپراسیۆنى کۆنترۆڵکردنى منبج بگۆڕێت بۆ ناوى "ئۆپراسیۆنى شەهیدی فەرماندە فەیسەڵ ئەبو لەیلا". شەهیدبوونى ئەو فەرماندەیە ژمارەیەک کاردانەوەى لێکەوتووەتەوە برێت مەک گۆرک نوێنەرى باراک ئۆباما بۆ شەڕى دژ بە داعش بەبۆنەى شەهیدبوونی ئەبوو لەیلاوە پەیامێکى بڵاوکردەوە.

دیجلە ئەحمەد هاوسەرى ئەبو لەیلا لە چاوپێکەوتنێکیدا لە دواى شەهیدبوونى ئەبو لەیلا ڕایگەیاند، بە خۆشەویستى هاوسەرگیریى لەگەڵ ئەبو لەیلادا کردووە.

قەزاى منبج سەر بە ناوچەى شەهبایە و ناوچەى شەهبا دەکەوێتە نێوان کانتۆنەکانى کۆبانێ و عفرین هەر یەک لە ناوچەکانى منبج، جرابلۆس، باب و ئەعزاز لە خۆى دەگرێت.
Top