دەیان ئەندامی سوپای ئێران کوژران

دەیان ئەندامی سوپای ئێران کوژران
بەهۆی وەرگەڕانی دوو پاسی گواستنەوەی ئەندامانی هێزی سوپا (ئەرتش)ی کۆماری ئیسلامیی ئێران نزیکەی 30 ئەندامی ئەو سوپایە کوژران و زیاتر لە 50 کەسیش بریندار بوون و بەرپرسانی سوپاش دەڵێن، هۆکارەکە کێشەی تەکنیکی بووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە (22.6.2016)، وەڕگەرانی دوو پاسی گواستنەوەی ئەندامانی سوپا (ئەرتەش)ی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پارێزگای فارس دەیان کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.

پاسێکی سوپا لە جادەی سیرجان- نەیریز لە پارێزگای فارس کەوتووەتە دۆڵێکی 20 مەترییەوە و بەو هۆیەوە، 19 سەربازی ئەو سوپایە گیانیان لەدەست داوە و ئەوی دیکەشیان لە جادەی فەسای ئەو پاریزگایە وەرگەڕاوە و بەو هۆیەوە 5 ئەندامی سوپا کوژران.

فەرماندەی پۆلیسی هاتوچۆی ئێران بە هەواڵدەری (عەسر)ی، ڕاگەیاند؛ "یەک لەو پاسانە لە شاری کرمانەوە و بەرەوە ئەهواز دەڕۆیشت کە لە نزیکی بنکەی پۆلیسی نەیریز لە پارێزگای فارس بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە کەوتووەتە نێو دۆڵێکی 20 مەترییەوە و بە هۆیەوە 19 کەس گیانیان لەدەست دا".

فەرماندەی پۆلیسی هاتوچۆی ئێران گوتیشی: "جگە لەو 19 سەرباز کە گیانیان لەدەست داوە، 16 ئەندامی سوپا لەو ڕووداوەدا بریندار بوون". ماڵپەری خۆجێی هورگان نوسیویەتی: "ئەو پاسە لە سەندووقی یەدەکی خۆیدا 2 هاووڵاتی ئەفغانی و چەندین کاڵای قاچاخی وەکوو جگەرە جێسازیی کردووە".

هۆرگان باسی لەوەش کردووە؛ کە ئەو 19 ئەندامەی سوپا سەرجەمیان بڕوانامەی بەکالۆریوسیان بووە، بە گوتەی بەرپرسانی سوپا ئەو پاسە تایبەت بووە بە بنکەی فێرکاریی 5ی کرمان.

فەرماندەی پۆلیسی هاتوچۆ گوتیشی: "لە ڕووداوێکی دیکەی هاوشێوەدا پاسێکی دیکەی سوپا لە جادەی فەسا لە پارێزگای فارس وەرگەڕا و بەو هۆیەوە 5 کەس گیانیان لەدەست داوە و 40 کەسی دیکەش بریندار بوون.










باسنيوز
Top