ئوردن سنوورەکانی لەگەڵ سووریا و عێراق دادەخات

 ئوردن سنوورەکانی لەگەڵ سووریا و عێراق دادەخات
حکومەتی ئوردن بڕیاریدا لە ناوچە سەربازی و نائارامەکاندا سنوورەکانی لەگەڵ عێراق و سووریا دابخات، ئەمەش دوای هێرشە خۆکوژییەکەی رۆژی سێشەممە کە بووە هۆی کوژرانی 6 سەربازی ئەو وڵاتە.

تاوەکو ئێستا روون نییە چ لایەنێک لەپشت هێرشەکەی دوێنێوە بووە، هیچ لایەنێکیش بەرپرسیاریێتی خۆی لە ئەنجامدانی هێرشەکە رانەگەیاندووە. ئێوارەی رۆژی سێشەممە بە دەیان کەس لە عەمانی پایتەختی ئوردن بەشدارییان لە مەراسیمی رێزگرتن لەو سەربازە کوژراوانە كرد و مۆمیان داگیرساند.

رۆژی سێشەممە 21-6-2016، ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگری پڕ لە ماددەی تەقینەوە، لەكاتێكدا لە سووریاوە بەرەو نێو خاکی ئوردن دەچوو، خۆی بە بنکەیەکی سەربازی پاسەوانانی سەر سنووری ئوردندا تەقاندەوە، تەقینەوەكە كە لە نزیک کەمپێکی کۆچبەرانی سووریا روویدا، بووە هۆی کوژرانی 6 سەرباز.

لە بەیاننامەیەکدا سوپای ئوردن رایگەیاند "لەمەودوا هەر ئۆتۆمبێلێک و جوڵەیەک لەو سنوورەوە بە ئاراستەی ئوردن بڕوات، بەبێ ئاگادارکردنەوە و هەماهەنگیکردنی پێشوەختە، وەک دووژمن سەیردەکرێت و دەکرێتە ئامانج".






رووداو
Top