ئەمڕۆ رۆژی جیهانی پەنابەرانە
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوەش دەکات کە لە هەر 113 کەسدا لە جیهان یەکێکیان وەک پەنابەر دەژی و ئاشکراشی دەکات، چوار ملیۆن و 900 هەزار کەس لە سووریا وەک پەنابەر لە وڵاتان دەژین و دەشڵێت، منداڵان رێژەی 51%ی پەنابەران پێکدەهێنن.
شەڕی نێوخۆیی و دڵەراوکێیی بۆمبارانی فڕۆکەی جەنگی هۆکارێکی دەربەدەربوونی خەڵکن، هەڕەشە و هێرشە خوێناوییەکانی گرووپە چەکدارییەکانی وەکو داعش هۆکارێکی دیکەن، هەموو ئەو هۆکارانە وایانکردووە، ئەمساڵ نەتەوەیەکگرتووەکان لە رۆژی جیهانی پەنابەراندا ناخۆشترین هەواڵی سەدە بڵاوبکاتەوە، ئەویش تۆمارکردنی ژمارەیەکی پێوانەییە لە زۆری پەنابەران لە جیهاندا.
بەگوێرەی ئاماری ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ساڵی 2015دا ژمارەی پەنابەر و دەربەدەربوان لە سەرانسەری جیهاندا گەیشتووەتە 65 ملیۆن و 300 هەزار کەس. تەنیا سووریا خاوەنی 4 ملیۆن و 900 هەزار پەنابەرە، هاوکات 6 ملیۆن و 600 هەزار کەس تەنیا لە نێوخۆیی وڵاتەکەوە دەربەدەربوونە، ئەمە جگەلە ئەوەی لەماوەی 5 ساڵی شەڕی نێوخۆیی سووریاوە زیاتر لە 400 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.
فلیپۆ گراندی - کۆمیسیاری باڵای پەنابەران لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت " ئاماری ئەمجارە کە دەیخەینەڕوو بە نموونە باشتر بۆتان رووندەبیتەوە، لە هەر دەقەیەکدا 24 کەس دەربەدەردەبن، ئەگەر بیری لێبکەینەوە ژمارەیەکی ئێجگار گەورەیە."
بەهۆی خراپی رەوشی ژیانیان، یاخود بەهۆی ئەو زەبر و زەنگەی ئاسن کە لەسەر سەریانە، خەڵکی سووریا و عێراق و ئەفریقا بەشێوەیەکی گشتی، بەردەوام هەوڵیانداوە بەدوای گوزەرانییەکی خۆشتردا بگەڕێن، رۆژانە سەدان کەس لە وڵاتانی باکووری ئەفریقا لەڕێگەی ئاوەوە روو لە ئەورووپا دەکەن، ئامارەکان سەبارەت بە قوربانیانی کۆچکردن لەم رێگایەوە پڕن لە تراژیدیا.
زۆربەی وڵاتانی جیهان کۆکن لەسەر ئەوەی، لەناوبردنی گرووپە چەکدارەکان بۆ نموونە داعش، هاوکات چارەسەرکردنی کێشە نێوخۆییەکانی ئەو وڵاتانە رێگاچارەن بۆ ئەوەی پەنابەران روو لە وڵاتانیان بکەنەوە، فرۆکەی جەنگی زیاتر لە 30 وڵات لە عێراق و سووریا داعش دەپێکن، لە جنێڤ لایەنە ناکۆکەکانی سووریا دانوستاندن لە پێناو رێگا چارەیەک دەکەن. لە کوەیتیش لایەنە ناکۆکەکانی یەمەن دانوستاندن لەسەر پشکی 8 هەزار کەس دەکەن کە لەماوەی ساڵێکدا بوونەتە قوربانی، 80 لەسەدای دانیشتوانیشی پێویستیان بە یارمەتی مرۆیی هەیە.
