دواجار ئەمریکا و رووسیا لەسەر حەلەب رێککەوتن

 دواجار ئەمریکا و رووسیا لەسەر حەلەب رێککەوتن
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند بۆ ئەوەی ئاگربەستی سووریا شاری حەلەبیش بگرێتەوە، رێکاری پێویست لەگەڵ رووسیا کۆتای پێ ھاتووە. ئەم رێکارەش لە سەعات ١٢ی شەوەوە بەکاتی ناوخۆی شاری دیمەشق پەیڕەو کراوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند کە لە چوارچێوەی ئاگربەستی سووریا، رێکاری پێویست لەگەڵ رووسیا کۆتایی ھاتووە بۆ ئەوەی ئەو ئاگربەستە پارێزگای حەلەب، ناوەندی شاری حەلەب و ناوچەکانی دەوروپشتی بگرێتەوە.

راشگەیەنرا کە ئەم رێکارە دوێنێ شەو لە دوای ١٢ی شەو پەیڕەو کراوە و بەم ھۆیەش شەڕ و پێکدادانەکان کەم بووەتەوە.

لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە بۆ چاودێری ئاگربەست، ھەماھەنگی بەھێز لەگەڵ رووسیا ھەیە.

لە راگەیەندراوەکەدا بەرامبەر راگرتنی شەڕ و پێکدادانەکان لە ناوچەی غوتەی رۆژھەڵات لە دوای ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی دوێنێی رژێمی ئەسەد، خۆشحاڵی نیشان دراوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە ئامانجیان ئەوەیە لە جیاتی ئاگربەستی ناوچەیی لە سووریا رێککەوتنی ئاگربەست لە سەرتاسەری ئەو وڵاتە بکەن.
Top