راپۆرتی زالمای خەلیلزاد و وتووێژ لەگەڵ (شەیتانی گەورە)!

راپۆرتی زالمای خەلیلزاد و وتووێژ لەگەڵ (شەیتانی گەورە)!
خامنەیی بەردەوام ئەمریكای بە دوژمن داناوە. لەو بارە ناوبراو ئەوندە زیادەڕەوی دەكا كە دەڵێ: كەسانێك قسە لە وتووێژ لەگەڵ ئەمریكا دەكەن، یان لە ئەلف و بێی سیاسەت تێناگەن، یان لە ئەلف و بێی غیرەت نازانن.

لەگەڵ گۆران لە هەڵوێستی ناوبراو سەبارەت بە وتووێژ لە سەر پەروەندەی ناوكەیی، كاتێك دەرگەی وتووێژی كردەوە كە ئەو وتووێژانە تەنیاو تەنیا تایبەت بە مەسەلەی ناوكەیی بێ. ئەگەر چی گومانی زۆر هەیە بەڵام بەڵگەی تەواو لە بەردەستدا نیە كە لە پەراوێژی وتووێژە ناوكەییەكان باسی مەسەلەكانی دیكە نەكرابێ، بەڵام لە ئێستادا كتێبێك لە چاپ بووندایە كە تیایدا باس لە پێوەندی نهێنی رژێم لەگەڵ (شەیتانی گەورە) لە كاتی هیرشی ئەمریكا بۆ رووخانی رژێمی سەدام دەكا.

ئەو كتێبە بەناوی نوێنەری تایبەت (THE ENVOY)، بیرەوەریەكانی زاڵمای خەلیلزاد دیپلۆماتی پلەبەرزی ئەمریكاییە كە پەردە لە سەر وتووێژی نهێنی درێژماوەی خۆی لەگەڵ محەمەد جەوادی زەریف نوێنەری ئەوكاتی رژێمی ئێران لە نیۆیۆرك لادەدا. كە ئەو وتووێژانە لە پێش و پاش هێرشی ئەمریكا بۆ سەر رژێمی بەعسی عێراق ئەنجام دراوە. نیۆیۆرك تایمز چەند بەشێكی ئەو راپۆرتەی خەلیلزادی بڵاوكردۆتەوە كە چەندین خاڵی گرینگ و سەرنج راكێش لە خۆ دەگرێ.
یەكێك لە خاڵە گرینگەكان، ئەوەیە كە لەگەڵ دژایەتیەكانی ئاخوند خامنەیی بۆ وتووێژ لەگەڵ ئەمریكا، وتووێژێكی درێژماوە و نهێنی لە پێش و پاش هێرشی ئەمریكا بۆ سەر سەدام حوسێن لە ئارادا بووە.

لەلایەكی دیكەوە ئەو گوومانەی كە ئەو وتووێژانە بە بێ ئاگاداری رێبەری رژێم بەرێوەچووبێ بێ بنەمایە، چوونكە بەپێی قسەی خەلیلزاد ئەو وتووێژانە لەگەڵ تاران بۆ ئەوە دەستی پێ كرد كە ئەمریكا دڵنیایی تەواو لە پەدافەندی هەوایی ئێران بەدەست بێنێ كە لە ئەگەری چوونە ئاسمانی ئێران فرۆكە شەركەرەكانی ئەمریكا پارێزراو بن و تەقەیان لێ نەكرێ. هەر بە پێی گوتەی ناوبراو، رژێمی ئێران ئەو گفتەی بە ئەمریكا دا. كە دانی بەڵێنی وا بە ئەمریكا بەبێ رەزامەندی خامنەیی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان، جێ بەجێ نەدەبوو.

سەیر ئەوەیە ئەو وتووێژانە لە دوای رووخانی رژێمی سەدام حوسێن-یش هەر بەردەوام بووە. ناوبراو ئەوەشی پێ زیاد دەكا كە یەكێك لە قەرارەكانی وتووێژەكان ئەوە بوو كە تاران بە كەڵك وەرگرتن لە پێگەی خۆی لە نێو هێزەكانی شیعەی عێراق، هانیان بدا بۆ ئەوەی دوای سەدام حوسێن دەوڵەتی عێراق پێك بێنن.
زالمای خەلیلزاد هۆی راگرتنی وتووێژەكان لەگەڵ رژێمی ئێران دەگێرێتەوە بۆ ئەوەی جۆرج دەبلیۆ بووشی سەرۆكی ئەوكاتی ئەمریكا ناوی رژێم دەخاتە لیستی وەڵاتانی (تێكدەر).
ئەو سەفیرەی ئەمریكا گرینگترین ئەركی خۆی لەو وتووێژانە لەگەڵ محەمەد جەوادی زەریف، تێگەیشتن لەو خاڵەیە كە ئەمریكا ویستوویەتی لە رێژەی هاوكاریەكانی رژێم لەگەڵ ئەمریكا بۆ روخانی سەدام حاڵی بێ.
یەكێك لە كۆسبەكانی بەردەم وتووێژەكانی ئەمریكا و رژێمی ئێران، جیاوازی خوێندنەوەی دوو لایەن بووە بۆ ترۆریسم، ناوبراو دەڵێ لە باسی ترۆریسم دا زەریف داوای لێ كردوە كە ئەمریكا بەرپرسانی رێكخراوی موجاهیدینی خەڵكی ئێرانیان رادەست بكاتەوە لە بەرانبەردا ئەوانیش بەرسانی پلەبەرزی رێكخراوی ئەلقاعیدە كە لە ئێراندا بوون رادەستی ئەمریكا بكا. كە ئەو داوایە لەلایەن واشینگتۆنەوە رەد كراوەتەوە و لە ئاكامدا باسی وتووێژەكان لەگەڵ رژێمدا سنووردار كراوە تا كاتێ‌ لە ساڵی 2005 وەك سەفیری ئەمریكا لە عێراق دیاری كراوە.

ناوبراو هەروەها دەنووسێ لەو كاتەی نوێنەری ئەمریكا لە عێراق بووە، لایەنە عێراقیەكانی وەكوو عەبدولعەزیز حەكیم داوایان لە خامنەیی كردوە كە دەرگای وتووێژ لەگەڵ ئەمریكا بكاتەوە،كە ئەو داوایە قەبووڵ كراو لە ئاكامدا تیمێك لە وەزارەتی دەرەوەو دەزگا ئەمنیەتیەكان لەلایەن رژێم و ناوبراویش لایەن ئەمریكاوە بۆ ئەو مەبەستە دیاری كراوە.
بە رای خەلیلزاد كێشەی بەردەم وتووێژەكان ئەوە بووە كە تەنها رێگەی پێ دراوە بە شێوەی سنووردار و لە سەر رووداوەكانی عێراق لەگەڵ لایەنی بەرامبەر وتووێژ بكا. ناوبراو هەروەها دەڵێ بە هۆی نادیار وتووێژەكان بە فەرمانی واشینگتۆن لە دەقەی ئاخرادا راگیرا.

راگرتنی ئەو وتووێژانە بەپێی قسەی خەڵیلزاد كە لە زمان عەبدولعەزیز حەكیمەوە دەگێرێتەوە، بۆتە هۆی ناراەحەتی خامنەیی و ئەوەش وای كرد رژێم چەك و تەقەمەنی پێشكەوتوو بداتە هێزە شیعە عێراقیەكان، كە دژ بە هێزەكانی ئەمریكا بكاری بێنن.
ئەو دیپلۆماتەی ئەمریكا هەروەها دەنووسێ: سێ مانگ پێش ئەوەی ئەركەكەی لە عێراق كۆتایی پێ بێ داوای لە واشینگتۆن كردوە كە هەنگاوی توندتر دژ بە رژێمی ئێران پەیرەو بكرێ كە لە نەتیجەی ئەو داوایەدا سەردانی هەندێ بەرپرسی سوپای قودس بۆ عێراق قەدەغە كراو ئەو بریاریە لە دیسامبری 2006 جێ بەجێ كرا.

ئاكام: بەپێی ئەو راپۆرتە، ئەگەر چیی دیپلۆماسیەتی نهێنی و ژێربەژێر بەشێكە لە دیپلۆماسی، بەڵام بە پێی كاركردی خامنەیی بەو نەتیجە دەگەین كە رژێمی ئێران ناتوانێ‌ بانگەشەی ئەوە بكا كە (ئەمریكا ناتوانێ‌ هیچ غەڵەتێك بكا) ئەگەر ترس لە هەنگاوەكانی ئەمریكا نەبووە بۆ چی رێبەری رژیم ئامادەی هاوكاری ئەمریكا دەبێ بۆ روخانی تالیبان و سەدام حوسێن؟
لە هەمانكاتدا بیرەوەریەكانی خەلیلزاد ئەوەمان پێ دەڵێ كە سیاسەتی خامنەیی بۆ وتووێژ لەگەڵ ئەمریكا پێچەوانەی سیاسەتی تەبلیغی ئەوان بووە.
Top