وەلید موعەلیم: شاندی ئۆپۆزیسیۆن بەهۆی گوشار بەشداریی لە جنێڤ-3 کرد
وەلید موعەلیم، وەزیری دەرەوەی سووریا رۆژی شەممە رایگەیاند : شاندی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بەهۆی گوشار بەشداری لە کۆبوونەوەکانی جنێڤ-3 کردووە، گوتیشی " شاندی ئۆپۆزیسیۆن نوێنەری هەموو لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن نەبوون".
رۆژی شەممە 6/2/2016 وەلید موعەلیم، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە دیمەشق گوتی" شاندی ئۆپۆزیسیۆن تەنیا بەهۆی ئەو گوشارەوە هاتبوون کە لەسەریان بوو، نەوەک بۆ بەشداربوون لە گفتوگۆیەکی سووری-سووری".
وەزیری دەرەوەی سووریا پێی وابوو " کشانەوەی شاندی ئۆپۆزیسیۆن باشتربوو لەوەی بەشداری لە گفتوگۆکاندا بکەن، چونکە ئەوان بەشێک نین لە گەلی سووریا"، رەتیشی کردەوە ئەو گفتوگۆیانەی کە رۆژی هەینی 29/1/2016 لە جنێڤ کران بە گفتوگۆی جنێڤ ناو ببات.
موعەلیم جەختی کردەوە لەوەی " سووریا بەرەو گفتوگۆیەکی سووری-سووری دەچێت بەبێ هیچ مەرجێک و جێبەجێکردنی داواکاریی هیچ لایەنێک، جا هەر لایەنێک بێت".
روونیشی کردوە " بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش جەختدەکاتەوە لەسەر بەرپرسیارییەتی ستافان دی مستۆرا، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دیاریکردنی نوێنەران، بەڵام ئەو بەدڵی خۆی نوێنەرانی هەڵبژاردووە و لەگەڵ فڵان و فڵان یەکدیان بینیوە و، ئەو کەسانەشی لە خانەی راوێژکاران داناوە".
وەزیری دەرەوەی سووریا دەڵێ " بە دی مستۆرامان گوت هەمان هەڵەی جنێڤ-2 دووبارە مەکەوە، دەبێت نوێنەرایەتییەکە فراوانتر بێت، ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆیی نیشتیمانی کە ئۆپۆزیسیۆنی نیشتیمانین بۆ نوێنەریان نەبێت؟ هیچ کەسێک لە ئۆپۆزیسیۆن ناتوانێت بانگەشەی ئەوە بکات کە لایەنەکەی تاکە لایەنی ئۆپۆزیسیۆنە، هیوادارم بەڕێز دیمستۆرا ئەم خاڵە رەچاو بکات".
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی هەینی 29/1/2016 بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی پێنج ساڵەی سووریا کۆبوونەوەی جنێڤ سێی بەست، بەڵام دوای چەند کۆبوونەوەیەک شاندی ئۆپۆزیسیۆن رایگەیاند کە بەردەوام نابن، چونکە ئەو مەرجانەی هەیانبوون بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکە کە بریتیبون لە: هەڵگرتنی ئابڵۆقەی سەر ناوچەکان، ئازادکردنی ئەوانەی بەهۆی سیاسەتەوە لەلایەن سووریاوە گیراون و راگرتنی شەڕ، جێبەجێ نەکران.
رووداو
