ئەردۆغان: "رژێمی ئەسەد نەوت لە داعش دەکڕێت"
لە میانی گوتارێكیدا رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: "ئەو نەوتەی داعش دەری دەهێنێت، دەیفرۆشێتە ئەسەد، لەبەرامبەردا ئەسەد پاڵپشتیان دەكات، بڕۆن لەگەڵ ئەسەد بدوێن دەیفرۆشنە ئەو و پارەكەش لەو وەردەگرن، سەرچاوەی پارەكە دیارە. ئێمە نەماندەویست بگەینە ئەم خاڵە. ئەوەی زۆرترین پاڵپشتی داعش دەكات لە رووی ئابووری و چەكەوە رژێمەكەی ئەسەدە، شانبەشانی ئەسەدیش چەند وڵاتێكی دیكە هەن. ١٢٠ وڵات ئۆپۆزسیۆنی سووریایان وەك نوێنەری گەلی سووریا قبووڵ كرد، كەچی ئەوان ئۆپۆزسیۆنی سووریا دەكەنە ئامانج".
ئەردۆغان تیشكی خسەر ئەو سیاسەتمەتدار و دەسەڵاتدارانەی كە باس لە كڕینی نەوتی داعش دەكەن لەلایەن توركیاوە و گوتی: "ئێستا دەڵێن توركیا نەوت لە داعش دەكڕێت. كەسانی بەرپرس ئەمانە دەڵێن. زۆر شوورەییە، بەداخەوە. لەئێستادا ئەو شوێنانەی توركیا نەوت و غازی سرووشتی لێدەكرێت دیارن. ئێمە لەو بوارەدا زۆرترین هاوردەمان لە رووسیاوەیە. بە پلەی دووەم لە ئێرانەوە . لە ئازەربایجان و باكووری عێراقیشەوە بەهەمان شێوە. لەگەڵ ئەوەیشدا غازی LNG لە جەزائر و قەتەر دەكڕین. ئەوانەی ئێمە بە كڕینی نەوت لە داعش تۆمەتباردەكەن پێویستە لەسەریان بیسەلمێنن. بەپێچەوانەوە هیچ كەس ناتوانێت بوختان بەم وڵاتە بكات. من ئەوانە بە بوختانچی ناودەبەم".
سەركۆماری توركیا جەختی لە جدییەتی توركیا كردەوە لە بەرەنگاربوونەوەی داعش و گوتی: "وڵات نییە هێندەی توركیا بەجدی بەرەنگاری رێكخراوی داعش ببێتەوە. توركیا ئەو رێكخراوەی لە 2005ەوە بەناوە كۆنەكەیان بە رێكخراوی تیرۆریستی ناو بردووە. لە 2013یشەوە بەناوە تازەكەیان بە هەمان شێوە وەك رێكخراوی تیرۆرستی بەرەنگاری بووینەتەوە و بەردەوام دەبین لە بەرەنگاربوونەوەیان. لەبەرئەوە هەڵوێستی وڵاتەكەمان لەبەرانبەر داعشدا لە سەرەتاوە روونە. لێرەدا نیشانەیەكی پرسیار بوونی نییە. لەوبارەوە هیچ كەس مافی ئەوەی نییە مشتومڕ لەسەر بابەتی بەرەنگاربوونەوەی ئێمە لەگەڵ داعش بكات و بمانخاتە ژێر تۆمەتەوە".
رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: "بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی داعش هێزیان هێنایە سووریا، بەڵام تاكو ئێستا هیچ زیانێكیان بە داعش نەگەیاندووە، تەنیا ئەو هێزانە دەكەنە ئامانج كە بەرەنگاری رژێمەكەی ئەسەد دەبنەوە".
لەبارەی بۆردومان كردنی دوو ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری یارمەتی مرۆیی لەسووریا، كە گیان لەدەستدانی سێ كەس و بریندار بوونی حەوتی دیكەی لێ كەوتەوە، سەركۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: "سەرەڕای هەموو ئەوانە دێن و بە جیهان دەڵێن ئێمە رووبەڕووی داعش دەبینەوە، ببوورە، رووبەڕووی داعش و شتی وا نابیتەوە، بەڵكو ئێوە بۆ چۆڵ كردنی باكووری لازقییە، دەستان ناوەتە دەستی رژێمەوە و بەداخەوە برایانی توركمان دەكوژن، هاووڵاتییانی سووریا دەكوژن، هەندێك هەن كەوتوونەتە هەڵەی ئەوەی كە لەژێر ناوی رووبەڕووبوونەوەی داعشدا پشتگیری رێكخراوی تیرۆریستی دیكە دەكەن و لەو وڵاتە چالاكی ئەنجام دەدەن".
سەركۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان تیشكی خستە سەر كارە قێزەونەكانی داعش و گوتی: "ئەوەی داعش كردوویەتی بەدڵنیاییەوە ناتوانرێت ببەخشرێت. هەرگیز لێبووردەیی بەرامبەر ئەم رێكخراوە نیشان نادرێت. تەنها ئەوان نین، بەڵكو پەیەدە، یەپەگە، پەكەكەش لە وڵاتی ئێمە هاوشێوەی ئەوانن، بۆكۆ حەرام و بزووتنەوەی شەبابیش هاوشێوەی ئەوانن. ئەمانە بەداخەوە لەرێگەی ئەو چالاكییانەوە كە لەئێستادا لە جیهان ئەنجامی دەدەن، هەنگاوگەلێك دەنین كە مایەی بەخشین نییە. ئێمە زۆر باش ئەوە دەزانین كە گەورەترین زەرەر داعش لە ئیسلام و موسڵمانانی داوە. بەڵام رژێمی ئەسەدیش هیچی لە داعش كەمتر نییە و پێویستە ئەوەش ببینرێت كە لەنێوان تیرۆری ریكخراوێك و تیرۆری دەوڵەتێكدا هیچ جیاوازییەك بوونی نییە".
ئەردۆغان گوتی: "بەنیگەرانییەوە چاودێری ئەو كاردانەوانە دەكەین كە پەیوەندییان بە بابەتەكەوە نییە. ئێمە لەگەڵ رووسیا شەراكەتی ستراتیجیمان هەیە. بەڵام ئەم پێكەوەبوونەی ئێمە پێویستی بە یەكتر قبووڵكردنە، ئەم پێكەوەبوونەمان پێویست بە هەڕەشەكردن لە یەكتری ناكات، ئەمە ئێمەی نیگەران كردووە. سەرەڕای ئاگاداركردنەوە، بەزاندنی كایەی ئاسمانیمان لەلایەن فڕۆكەیەكی نەناسراوەوە كە پێشتر 3-4 جار دووبارەبۆتەوە، ئیدی بێگومان هەنگاوێكە لەپێناو ئاسایشدا نراوە".
ئەردۆغان گوتی: "ئێمە لە ناوچەكە هەوڵ بۆ بەرژەوەندییەكانی تایبەتی خۆمان نادەین، بەڵكو هەوڵدەدەین ئارامی و ئاشتی بۆ ناوچەكە دابین بكەین، پەیوەندیەكی زۆر پتەو و بەهێزمان هەبوو لەگەڵ رووسیا، هیچ هۆكارێك نەبوو كە ئەگەر كایەی ئاسمانی وڵاتەكەمانیان نەبەزاندبایە فڕۆكەكەمان بپێكاندایە. جیاوازی بیروڕامان لە پەیوەندی نێوان رووسیا و سووریا بابەتێكە و، یاساكانمان بۆ پێشێلكردنی كایەی ئاسمانی توركیا بابەتێكی دیكەیە".
سەركۆماری توركیا گوتی: "نە لە بەرامبەر رووسیا و نە لە بەرامبەر هەر وڵاتێكی دیكەدا دەستێوەردانی سەربازییمان بەشێوەی راستەوخۆ جێگەی باس نییە. چاوەڕوان دەكەین هەمووان چاودێری مافەكانی سەروەری وڵاتمان بكەن و هەستیاری لەو بارەیەوە نیشان بدەن. لە رووداوێكدا كە هەموو جیهان ئەوەی پەسەند كردووە كە ئێمە خاوەن مافین، پێمان وانییە گەورەكردنی تا ئەوەی پەیوەندییەكانی سیاسیی و ئابووریمان بگرێتەوە كارێكی درووستە. ئەگەر بێت و هەمان پێشێلكاری ئەمڕۆ ئەنجام بدرێت، توركیا دیسان هەمان وەڵامی دەبێت. لەم بارەیەوە نەك ئەو وڵاتەی كە سنوورەكانی پێشێل كراوە بەڵكو ئەو وڵاتەی كە پێشێلكارییەكەی ئەنجام داوە پێویستە لەخۆی بپرسێتەوە و بەمەبەستی رێگریكردن لە دووبارە بوونەوەی رووداوەكە رێو شوێنی پێویست بگرێتەبەر".
لە كۆتایی گوتەكانیدا سەركۆماری توركیا گوتی: "لێرەوە جارێكی دیكە گوزارشت لەوە دەكەمەوە ئێمە پشتیوانی لە توركمانەكانی بایربوجاك ئۆپۆزسیۆنی میانڕەو و گرووپەكانی دیكەی ئۆپۆزسیۆنی میانڕەو دەكەین كە دژی رژێمی ئەسەد دەجەنگن و بەردەوام دەبین لە پشتیوانیان. چونكە ئەمانە ستەملێكراون، مافخوراون. ئەو خاكەی ئەوێ ئەمانە خاوەنین. ئێمە خزمی یەكین و ئەوان هاوڕەگەزی ئێمەن".
AA
