فەرەنسا: فڕۆکەکانمان سەرکردایەتیی داعشیان لە تەلەعفەر بۆردوومان کرد
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، ئەو بەرپرسە فەرەنسییە، کە یاوەریی فرانسوا ئۆلاندی سەرۆکی فەرەنسای دەکرد لە گەشتەکەی بۆ ئەمریکا، رایگەیاندووە، کە بەهۆی بۆردوومانەکەی رۆژی سێشەممە 24ـی تشرینی دووەمی 2015، بارەگای سەرکردایەتیی داعش لە شارۆچکەی تەلەعفەر، بە تەواویی وێران بووە.
زانیارییەکان ئاماژە بەوەدەکەن، کە ئەو فڕۆکە جەنگییانەی ئەو بۆردوومانەیان ئەنجامداوە، لەسەر کەشتیگەلی چارلس دیگۆڵی فەرەنسی هەڵساون، کە لە دەریای سپیی نێوەڕاست جێگیرکراوە.
شارۆچکەی تەلەعفەر دەکەوێتە دووریی 45 کیلۆمەتری رۆژئاوای سەنتەری شاری موسڵ و نزیکە لە شارۆچکەی شنگال، کە رۆژی 13ـی تشرینی دووەمی 2015 بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هێزەکانی پێشمەرگە رزگاریان کردەوە.
باسنیوز
