ئۆباما داوایەك ئاراستەی پوتین دەكات

 ئۆباما داوایەك ئاراستەی پوتین دەكات
باراك ئۆباما داوایەك ئاراستەی هاوتا رووسیەكەی دەكات و رایدەگەێنێت، پێویستە روسیا ستراتیژیەتی خۆی لە سووریا بگۆڕێت.

لە وتارێكدا لە كۆڕبەندێك لە شاری مانیلا لە فلیپین، باراك ئۆباما، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئاماژەی بە ئاڵۆزییەكانی سووریا و شەڕی تیرۆر لە ناوچەكە و جیهان كرد.

ئۆباما گوتی "پێویستە رووسیا تەركیزی خۆی لەسەر پشتگیریكردنی بەشار ئەسەد، بۆ لەنێوبردنی داعش بگۆڕێت".

وتەكانی ئۆباما چەند كاتژمێرێك دوای بەڵێنەكەی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆكی رووسیا هات كە رایگەیاند "تۆڵەی خستنەخوارەوەی فرۆكەی وڵاتەكەی لە میسر دەكاتەوە و هێرشە ئاسمانییەكان دژی تیرۆریستان لە سووریا چڕتر دەكاتەوە".

ئۆباما گوتی "كێشەی هێرشەكانی رووسیا لە سووریا ئەوەیە لە جێگەی ئەوە داعش بكاتە ئامانج، كە مەترسییە بۆ سەر ئەمریكا و ئەوروپا و رووسیاش، هەوڵ بۆ بەهێزكردن و پشتیوانیكردنی بەشار ئەسەد دەدات، ئەوەش لەڕێگەی كردنە ئامانجی گروپە ئۆپۆزسیۆنەكانی نەیاری دەسەڵاتەكەی ئەسەد".

لە هەمان كۆڕبەند لە فلیپین، دیمتری مێدڤێدێڤ، سەرۆككوەزیرانی رووسیا رایگەیاند "مۆسكۆ لە توانایدایە بە تەنها شەڕی تیرۆر بكات، بەڵام باشترین بژاردە ئەوەیە رووسیا و خۆرئاوا جیاوازییەكانیان وەلابنێنن و پێكەوە تیرۆر بنەبڕ بكەن".

مێدڤێدێڤ گوتیشی "ئەو شەڕەی هەیە دژی هەموو شارستانیەتەكانی جیهان راگەیەنراوە، بۆیە مەترسییەكەی جیهانییە و راستەقینەیە".

لە رۆژی 30ی ئەیلوولی ئەمساڵ لەسەر داوای دیمەشق، رووسیا هێرشە ئاسمانییەكانی لە سووریا دەستپێكرد، كە بەپێی زانیارییەكانی وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتە "دوو هەزار و 289 هێرشی ئاسمانی ئەنجامداون. لەو هێرشانەدا 4 هەزار و 111 پێگەی رێکخراوە تووندئاژۆکان بۆردوومانکراو".

ئەوەش لە كاتێكدایە هێرشە ئاسمانییەكانی هاوپەیمانان بە سەرۆكایەتی ئەمریكا لە مانگی ئەیلوولی ساڵی رابردووەوە دژی داعش لە سووریا دەستیپێكردووه، بە پێی دواین ئامار "هەشت هەزار هێرش بۆ سەر داعش ئەنجامدراون".

تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێنی ئەمریكی لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، تەقاندنەوەی فرۆكە رووسیيەكە لە میسر و هێرشەكانی پاریس، ئۆباما و پۆتین ناچار دەكات پێكەوە دژی ئەو مەترسییە جیهانییەی ناوی داعشە، كاربكەن.










رووداو
Top