وەزیری بەرگری ئەمەریکا رەخنە لە وڵاتانی کەنداو دەگرێت
بە گوێرەی هەواڵی بی بی سی، "کارتەر" لە گفتوگۆ لەگەڵ گۆڤاری ئەمەریکی ئەتلانتیک گوتویەتی: "ئەگەر بە دوای هۆکاری زیادبوونی کارتێکەری ئێرانییەکان بن، دەبینن کە ئەوان لە یارییەکە ئامادەن، لە رووی وشکاییەوە".
ئەو جەختیشی کردۆتەوە، ئەمەریکا لەو ئامادەبوونەی ئێران رازی نییە و لە هەمان کاتیشدا رەخنەی ئاراستەی هەندێک وڵاتی کەنداو کردووە کە لە جیاتی ئامادەیی هێزی وشکاییان، "لە بەرزایی سی هەزار پێ" و بە شێوەی ئاسمانی بوونیان هەیە.
شایەنی ئاماژە پێکردنە، نزیکەی دە رۆژ لەمەوبەریش بەرپرسی ژووری هاوبەشی سوپای ئەمەریکا رایگەیاند، ئێران کەمتر لە دوو هەزار هێزی سەربازی لە سوریا و هەزار هێزی سەربازیشی لە عێراق هەیە.
فەرماندەکان و بەرپرسانی ئێرانیش لە هەفتەکانی رابردوو ئاماژەیان بە زۆربوونی هێزی راوێژکاریان لە سوریا داوە. ژمارەی کوژراوەکانی ئێرانیش لە سوریا لە ماوەی یەک مانگی رابردوو رووی لە زیاد بوون کردووە و گەیشتووتە 40 کەس.
وەزیری بەرگری ئەمەریکا ئاماژەشی داوە کە جگە لە ئێمارات کە خاوەن "هێزێکی سنووردار بەڵام بە توانا" لە یەمەنە، بەڵام وڵاتانی دیکەی کەنداو و هەروەها میسر خاوەن ئەو جۆرە هیزانە نیین.
