بان کی مۆن سەردانی ئیسرائیل دەکات

بان کی مۆن سەردانی ئیسرائیل دەکات
"بان کی مۆن" سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە مەبەستی دیدار لەگەڵ رێبەرانی ئیسرائیل و فەلەستین، ئەمڕۆ سەردانی ئیسرائیل دەکات.

بە پێی هەواڵی "رادیۆ فەردا"، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەر لە گەشتەکەی بۆ ئیسرائیل داوای لە هەر دوو لایەنی ناکۆکی کرد ئارامی بپارێزن و جەختی کردۆتەوە کۆتایی هێنان بەو بارودۆخە بە رێگای سەربازییەوە چارەسەر ناکرێت.

لە لایەکی ترەوە، "جۆن کێری" وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رۆژی یەکشەممەی رابردوو رایگەیاند، بە مەبەستی دیدار لەگەڵ "بنیامین نەتانیاهۆ" سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و "مەحمود عەباس" رێبەری فەلەستین، لەم هەفتەیە بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەچێت.

لە ئاکامی ناکۆکییەکانی ئەو یەک مانگە لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستین کە بە هۆی زیاد بوونی گرژییەکانی لە بیتولموقەدەسی رۆژهەڵات هاتووتە ئاراوە، لانی کەم هەشت ئیسرائیلی و 40 فەلەستینی کوژراون.
Top