فەڕەنسا دواین هەڵوێستی خۆی راگەیاند
مانیۆل ڤالس، سەرۆک وەزیرانی فەڕەنسا، ئەمڕۆ یەکشەممە 4ی تشرینی یەکەم، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، کە لە وڵاتی ژاپۆن و لەمیانەی سەردانە سێ رۆژییەکەیدا بۆ ئەو وڵاتە پێکهێنرابوو رایگەیاند، کە پێویستە روسیا لە پێکانی ئامانجەکانیدا هەڵە نەکات.
ناوبراو لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هێرشە ئاسمانییەکانی روسیا لەناو خاکی سوریادا وتی : " دەتوانرێت لە چوارجێوەی چەند مەرجێکدا بەرهەڵستیی روسیا لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکانی لەناو خاکی سوریادا نەکرێت".
وتیشی : " پێویستە هێرشەکان ناوچەی گرنگ و بە دیاریکراوی رێکخراوی تیرۆرستیی داعش بکەنە ئامانج و داوا لە هەمووان دەکەین لەوبارەیەوە هەڵە نەکەن".
ناوبراو، پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی وەک مەرجی دووەمی فەڕەنسا لە بۆ رازیبوون بە هێرشە ئاسمانییەکانی روسیا ئاشکراکرد و سێیەم مەرجیش بەشداریی روسیایە لە دروستکردنی سوریایەکی نوێی بێ-ئەسەد.
وتیشی : روسیا لە ماوەی سێ رۆژدا، زیاد لە 60 هێرشی ئاسمانیی لەناو خاکی سوریادا ئەنجامداوە و تاکو ئێستا وادەردەکەوێت، کە هێرشەکان بۆ پاراستنی ئەسەد بن".
خەندان
