مێركل : لە سەگ ناترسێم بەڵام دووچاری دڵەڕاوكێم دەكات

 مێركل : لە سەگ ناترسێم بەڵام دووچاری دڵەڕاوكێم دەكات
ئەنگێلا مێركل ، راوێژكاری ئەڵمانیا كە ئێستا تەمەنی 61 ساڵە ، بە رەنگی جلوبەرگەكانیشی بووەتە مایەی پرسیارێكی زۆر. بەبۆنەی 25ساڵەی یەكگرتنەوەی ئەڵمانیای رۆژهەڵات و ئەڵمانیای رۆژئاوا، گۆڤاری (زود دۆیچە تسایتۆنگ ) هەڤپەیڤینێكی لەبارەی ژیانی تایبەتییەكەی لەگەڵ مێركڵ ئەنجامداوە، كە تێیدا باسی رەنگی جلوبەرگەكانیشی دەكات .


ئەنگێلا مێركل ، راوێژكاری ئەڵمانیا بەپێی بۆنە و رێوڕەسمەكان و هەندێجاریش بەپێی ئارەزووی خۆی رەنگی جلوبەرگەكانی هەڵدەبژێرێت . بۆ زانینی هەواڵی خزمانیش پشت بە دایكی دەبەستێت .


ئەنگێلا مێركل، لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە ژمارەی كراسەكانی گوتی "بەهیچ شێوەیەك نازانم چەندم هەن ". هەروەها سەبارەت بە هەڵبژاردنی رەنگی جلوبەرەگەكانیشی گوتی " هەندێ بۆنە و رێوڕەسم دێنە پێشەوە ناچارم رەنگی تۆخ لەبەر بكەم، چونكە تێبینی ئەوەم پێدەدەن كە ئەو شوێنەی لێیدەوەستم رەنگی پشتەوەی سپییە . هەندێجاریش بەپێی ئارەزووی خۆم رەنگی ئاڵا و واڵا لەبەردەكەم ". هەروەها دەڵێ زۆربەی جاریش كاتی هەڵبژاردنی رەنگی جلەكانی نییە ، بۆیە هەروا بە رێكەوت لەبەریان دەكات .


دایكی مێركل ، هیرلیندا كاسنەر ، كە تەمەنی 87ساڵە زۆر بایەخ بە ژیانی خۆی دەدات ، بەڵام ئەنگێلا مێركل زۆر كاتی بینینی ئەوی نییە . لەوبارەوە دەڵێ " بەشێوەیەكی بەردەوام ماوە ماوە قسە لەگەڵ یەكتر دەكەین ، بەڵام كەم یەكتر دەبینین". دایكی لە رێگەی تەلەفۆنەوە باسی سیاسەتی لەگەڵ ناكات، بەڵكو هەروەك مێركڵ دەڵێت " باسی خزم و ناسیاو و دۆستەكانمان دەكات ، بۆ ئەوەی لە كاروبارە خێزانییەكانمان دانەبڕێم ".

یواخیم زوار ، هاوژینی تەمەن 66 ساڵیی مێركڵ لە دوایین سەردانیدا بۆ ئەمریكا ، لەگەڵ مێركڵ دەركەوت . مێركڵ سەبارەت بەو گەشتانەی كە هاوژینەكەی لەگەڵی دەبێت دەڵێ " زۆر جار پرسیارم لێدەكرێت كێ بڕیاردەدات هاوژینەكەم لەگەڵ خۆم ببەم یان نەیبەم ، وەڵامەكە ئەوەیە : هاوژینەكەم بڕیاردەدات ".


ئەگێلا مێركل ، وێنەیەكی نێوداری لەگەڵ سەرۆكی رووسیا ڤلادیمێر پووتین هەیە ، كە ساڵی 2007 گیراوەو سەگەكەی پووتینیش تێیدا دەركەوتووە ، مێركڵ دەڵێ ئەو لە سەگ ناترسێت ، بەڵام سەگ دووچاری دڵەڕاوكێی دەكات و سەبارەت بە سەگەكەی پووتینیش دەڵێ " هەرچەندە وابزانم سەرۆكی رووسیا دەیزانی كە من خۆشحال نیم پێشوازی لە سەگەكەی بكەم ، بەڵام لەگەڵ خۆی هێنابوو . لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی روویدا ئەوەبوو من هەوڵمدا زۆر بە ئازایی تەماشای پووتین بكەم نەك بڕوانمە سەگەكەی".






رووداو
Top