داودئۆغڵو: چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ لە رووی سایكۆلۆژییەوە گرنگە

 داودئۆغڵو: چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ لە رووی سایكۆلۆژییەوە گرنگە
سەرۆكوەزیرانی توركیا دەڵێ سوپای وڵاتەكەی سەدان چەكداری داعشی كوشتووە كاتێك ویستوویانە لەو سنوورە نزیكببنەوە. ئەو پێشیوایە چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ لەرووی سایكۆلۆژییەوە گرنگە، هەرچەندە دەڵێ چوونی ئەو رێژەیە لە پێشمەرگە بۆ كۆبانێ بەس نییە.

ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆكوەزیرانی توركیا لە دیدارێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند: "نزیك لە دوو مانگە رزگاركردنی كۆبانێ بووەتە هوتافی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەڵام تاوەكو ئێستا نازانین مەبەست لە رزگاركردنی كۆبانێ چییە، ئەگەر رزگاركردنی كۆبانێ رزگاركردنی خەڵكی سڤیل بێت، ئەوا 200 هەزار كەس روویان لە توركیا كردووە".

بەبۆچوونی ئەو: "كۆبانێ دەرەنجامی شەڕی سێ ساڵەی سووریایە كە 300 هەزار كەس كوژراون، چوار ملیۆن كەس ئاوارەی وڵاتانی دیكە بوون و زیاتر لە 10 ملیۆن كەس لەنێوخۆی سووریا لە شوێنەكانیان بوون و لە رەوشێكی خراپدا دەژین".

داودئۆغڵو رەتیدەكاتەوە هیچ چەكدارێكی بیانی بە سنووری توركیادا چووبێتە نێو سووریا و دەڵێ: "ئێمە رێگەمان بە چوونی هیچ چەكدارێك نەداوە بۆ سووریا، ئەو زانیارییە زانیاری دەزگا هەواڵگرییەكانە كە هیچ شتێك نییە پشتڕاستی بكاتەوە".

هەروەها دەڵێ: "ئێمە لە مانگی ئۆكتۆبەری 2013وە داعشمان خستووەتە نێو لیستی تیرۆرەوە، ئەمە لە كاتێكدا وڵاتانی دیكە تاوەكو ئێستا ئەمەیان نەكردووە، لە مانگی دیسێمبەری 2013 بنكەكانی داعشمان بۆردوومان كردووەو بە سەدان چەكداری داعشمان كوشتووە كە ویستوویانە لە سنوورەكەمان نزیكببنەوە".






رووداو
Top