مورسی هێرشدەكاتە سەر سیسی و داوای بەردەوامیی شۆڕش دەكات
مورسی هەروەها داوایكرد بەشێوازی ئاشتییانە شۆڕش درێژەی پێبدرێت، لەكاتێكدا دادگای تاوانەكانی قاهیرە، دانیشتنی دادگاییكردنەكەی مورسی بە تۆمەتی هێرشكردنە سەر پۆلیس و گەمارۆدانی زیندانەكانی بۆ دووشەممە دواخست.
مورسی لەكاتی ئامادەبوونی لەبەردەم دادوەرانی دادگا لەنێو قەفەزی شووشەییدا، گوتی "ئەو باندە چەكدارە سەرۆكی هەڵبژێردراوی وڵاتیان رفاند و ماوەی چەند مانگێك لەشوێنێكی نهێنی حەشاریاندا".
مورسی جەختیشی لەوە كردەوە، كە هەر خۆی سەرۆكی وڵاتە و لەو نزیكانەدا سەركردەكانی كودەتاكە دادگایی دەكرێن. دەستخۆشیشی لە لایەنگرانی كرد و داوای لێكردن بەردەوامبن لە شۆڕش و ناڕەزاییەكانیان و گوتی "بەهاری عەرەبی بەردەوامە و ئێوەش بەردەوامبن لە شۆڕشە ئاشتیانەكەتان".
مورسی سەركردەكانی سوپای بە ئەنجامدانی كودەتا تۆمەتباركرد بە پشتیوانی ئیسرائیل، بە دادوەرانی دادگاكەشی گوت "ئێوە دەبێت یان كودەتاچییەكان دادگایی بكەن، یان بەرگێكی یاسایی بەبەر كودەتادا بكەن".
رووداو
