پەرلەمانی توركیا پاكێجی نوێ دیموكراتیزە كردنی توركیای پەسەند كرد

 پەرلەمانی توركیا پاكێجی نوێ دیموكراتیزە كردنی توركیای پەسەند كرد
ئەو پاكێجە نوێیە كە بە ناوی پاكێجی پێنجەمی دیموكراتیزە كردنی توركیا لە لایەن حكوومەتەوە ئامادە و روانەی پەرلەمان كرابوو، لە لایەن پەرلەمانەوە پەسەند كرا. لەو پڕۆژە یاسایەدا سەرەڕای هەڵوەشاندنەوەی یاسای دژە تیرۆر هاوكات دادگاكانی خاوەن دەسەڵاتی تایبەتیش هەڵوەشێنراونەتەوە، و داوای ئەنجامدانی چەندین گۆڕانكاریش لە یاسای سەربازیدا دەكرێت.

بە پێی ئەو پاكێجە، دادگاكانی خاوەن دەسەڵاتی تایبەت كە پێشتر بە هۆی گۆڕینی یاسایەوە هەڵوەشێنرابوونەوە، بەڵام بە هۆی كۆتایی نەهاتنی كەیسەكانی بەردەستیان درێژەیان بەكاری خۆیان دەدا، بە گشتی هەڵدەوەشێنرێنەوە. ئەو دادوەر و داواكارانەی لەو دادگایانەدا كاریان دەكرد دوای كۆتایی هێنان بە خولێكی 10 رۆژی لە لایەن لێژنەی باڵای دادوەر و داواكارانی گشتییەوە، لە لایەن هەمان لێژنەوە لە شوێنی گونجاو و پێویست دادەنرێن.

ئەو كەیسانەی لە لایەن داواكاری گشتی سەربەو دادگایانە هەڵسەنگاندنیان بۆ دەكرا رادەستی سەرۆكایەتی داواكاری گشتی دەكرێن، ئەو كەیسانەی كە دادگایی كردن لە سەریان بەردەوامە، رادەستی دادگاكانی دیكە دەكرێن، ئەو كەیسانەیش لە لایەن هەمان دادگاوە بۆ لێكۆڵینەوە روانەی دادگای باڵا كراون، لێكۆڵینەوە لە سەریان بەردەوام دەبێ.

ئەرشیڤی ئەو دادگایانەی هەڵدەوەشێنرێنەوە رادەستی ئەو دادگایانە دەكرێن كە لە لایەن لێژنەی باڵای دادوەر و داواكارانی گشتییەوە دەستنیشان دەكرێن، ئەو دادگایانە كاروباری پێویستی كەیسەكانی دیكە جێبەجێ دەكەن و بڕیاریان لە سەر دەدەن.

ئەو سكاڵایانەی لە سەر ئەو تاوانانەی پێشتر لە چوارچێوەی دادگای خاوەن دەسەڵاتی تایبەتدا بوون بە هۆی پێگە یا پلەی كۆمەڵایەتی تۆمەتبارەوە، بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوە بەردەوام بێ بڕیاری پێویستیان لە سەر دەدرێ. هەر لە چوارچێوەی هەڵوەشاندنەوەی دادگا خاوەن دەسەڵاتە تایبەتییەكانەوە، ماوەی دەستگیركردنیش لە 10 ساڵەوە بۆ پێنج ساڵ كەم دەكرێتەوە و ماوەی دەستنیشانكردنی پەیوەندی، گوێگرتن و تۆمار كردنیش لە شەش مانگەوە بۆ سێ مانگ دادەبەزێ.
Top