جهماوهری پارتی داد و گەشەپێدان كەمی كردووه
خۆشەویستیی پارتی داد و گەشەپێدان لەچاو ساڵی 2012، 9% كەم بووەتەوە، كەچی خۆشەویستیی پارتە ڕكابەرەكانی لە توركیادا زیاتر بووە.
هۆكاری كەمبوونەوەی ئەو خۆشەویستییە، بۆ سەركوتكردنی خۆپێشاندەرانی ئیستانبوڵ و شارەكانی تری توركیا لە دژایەتیكردنی سیاسەتەكانی حكوومەت دەگەڕێتەوە.
بەپێی ڕاپرسییەكی ڕێكخراوی لێكۆڵینەوەی \"سونار\"" ئەگەر ئەمڕۆ لە توركیادا هەڵبژاردن بكرێ، پارتی داد و گەشەپێدان 44.1%ی دەنگەكان دێنێتەوە كە لەچاو فێبریوەری پار 9% كەمی كردووە.
ئەو ڕێكخراوەیە پار ڕاپرسییەكی هاوشێوەی كرد و، پارتی سەرۆكوزیرانی ئەو وڵاتە بە 53.2%ی زۆرترین دەنگی بەدەست هێنا.
لەو ڕاپرسییەدا ڕێژەی دەنگەكانی پارتی گەلی كۆماری وەك سەرەكیترین ركابەری پارتەكەی ئەردۆغان 28.2% و، پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی 16.3% بوو، هەڵبەت ئەگەر ئەمڕۆ لە توركیا هەڵبژاردن بكرێت.
پارتی داد و گەشەپێدان لە هەڵبژاردنەكانی پێراردا 49.8%ی دەنگەكانی بەدەست هێنابوو، بە گوتەی بەڕێوەبەری ڕێكخراوی \""سونار\"" چۆنییەتی ڕووبەڕووبوونەوەی پۆلیس لەگەڵ بەرهەڵستكاران و، هەروەها لێدوانەكانی ئەردۆغان دژ بە خۆپێشاندەران، بووەتە هۆی كەم بوونەوەی خۆشەویستیی پارتی داد و گەشەپێدان لە ناو خەڵكیدا."
