وەزیرانی بەرگریی ئەمەریكا و بەریتانیا: دۆخی سووریا لەدەست دەرچووە
بەپێی ئاژانسی \"ئیتار تاس\""ی رووسیایی پانیتا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ هاوتا بەریتانیایییەكەی لە دوای وتوێژیان لە پێنتاگۆن گوتی، توندوتیژی لە سووریا رووی لە زیادی كردووە و ژمارەی قوربانیان زیاتر بووە و ئەوانەش نیشانەی ئەوەن كە دۆخەكە لەژێر كۆنترۆڵ دەرچووە.
زیاتر گوتی، پێویستە كۆمەڵگەی ناودەوڵەتی بەهەموو توانایەك پاڵەپەستۆ بخاتە سەر ئەسەد بۆ ناچاركردنی بۆ وازهێنان لە دەسەڵات و رێگەدان بە ئاڵوگۆڕییەكی ئاشتییانەی دەسەڵات و دووپاتی كردەوە، ئەمەریكا لە هەوڵەكانی بەردەوام دەبێ بۆ گەیشتن بەو ئامانجە لە رێگەی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە.
لای خۆیەوە وەزیری بەرگریی بەریتانیا هاوبۆچوونی خۆی لەگەڵ پانیتا راگەیاند و ئاماژەی كرد، رووداوەكانی ئەمڕۆ رووخانی بەرەبەرەی رێژیمی سووریا دەسەلمێنن و تا دێ بەرهەڵستكارانی ئەو وڵاتە بەهێزتر دەبن و سەرچاوەی زیاتری چەكیان بۆ فەراهەم دەبێ.
ولیەم هیگ وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە لێدوانێكی لەبارەی تەقینەوەكەی ئەمڕۆی تەلاری ئاسایشیی نەتەوەییی سووریای لە دیمەشقی پایەتەختی ئەو وڵاتە كردە ئامانج و بووە هۆی كوژرانی ژمارەیەك گەورە بەرپرسی تەناهی ئەو وڵاتە گوتی، ئەو جۆرە هێرشە پاڵپشتە بۆ پێویستی وەرگرتنی بڕیارێكی توند و یەكلاكەرەوە لەلایەن نەتەوەن یەكگرتووەكانەوە لەبارەی سووریا.
ئەمڕۆ سەرچاوەیەك بە وارگەی هەواڵی\""عەرەبییە\""ی سعوودی راگەیاند كە 50 ئەندامی هێزە تایبەتەكانی سورویا لە ناوچەی قابوون لە دیمەشقی پایەتەختی سووریا جیابوونەی خۆیان راگەیاندووە، وێڕای گوێبیستنی دەنگی 5 تەقینەوە لە بارەگەی فیرقەی چواری سوپای سووریا و كشانەوەی سوپا لە چەند ناوچەیەكی ئەو وڵاتەدا.
تەلەڤزیۆنی رەسمیی سووریا كوژرانی عیماد داوود عەبدوڵا راجیحە وەزیری بەرگریی سووریا و ئاسف شەوكەتی جێگری لە تەقینەوەكەی ئەمڕۆ چوارشەمی تەلاری ئاسایشیی نەتەوەییدا راگەیاند، هاوكات سەرچاوەگەلی هەواڵ كوژرانی هەریەك لە وەزیرانی ناوەخۆ و سەرۆكی دەزگای هەواڵگریشیان راگەیاند.
ئاكانیوز"
