ساڵحى: ئێران بۆ چارەسەركردنى تەنگژەى سووریا پێوەندى بە چەند گرووپێكى ئۆپۆزسیۆنەوە كردووە

ساڵحى: ئێران بۆ چارەسەركردنى تەنگژەى سووریا پێوەندى بە چەند گرووپێكى ئۆپۆزسیۆنەوە كردووە
وەزیرى دەرەوەى ئێران راى گەیاند، وڵاتەكەى ئامادەیە ئاسانكاری بۆ دەست پێكردنى گفتوگۆ لەنێوان لایەنەكانى ئۆپۆزسیۆن و حكوومەتى سووریا بكا و روونیشى كردەوە، ئێران ماوەیەكى زۆرە پێوەندى لەگەڵ گرووپەكانى نێو ئۆپۆزسۆنى سووریاوە هەیە.
عەلی ئەكبەر ساڵحى لە كۆنگرەیەكى رۆژنامەوانى دواى سازدانى كۆبوونەوەى لێژنەى ئابووریی نێوان ئێران و توركمانستان لە تاران گوتى، بەشار ئەسەد سەرۆكى سووریا بەم دوایییە عەلی حەیدەر و لایەنێكى تری دیاری كرد بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنى ئۆپۆزسیۆن، لەم رووەوە ئێمەش رامان گەیاند كە ئامادەین ئاسانكاری بكەین بۆ گەیشتنى هەردوولا بۆ سەر مێزى گفتوگۆ.

پتر گوتى، ئێران ماوەیەكە پێوەندى لەگەڵ بەشێكى زۆرى لایەنەكانى ئۆپۆزسیۆن هەیە و تەنانەت گفتوگۆش ساز دراوە، هەموو ئەمانەش بۆ دروستكردنى كەشێكى دیپلۆماتی و نێزیككردنەوەى لایەنى ئۆپۆزسیۆن و حكوومەتى سووریایە.

ئاماژەى بەوەش كرد، كۆنگرەى جنێف تەواوكەری پلانە 6 خاڵییەكەى كۆفى ئەنانە و هەردووكیان گرینگن بۆ كۆكردنەوەى لایەنى ئۆپۆزسیۆن و حكوومەتى سووریا، ئاژانسى هەواڵى \"میهر\""ی ئێرانى بڵاوى كردەوە.

ساڵحى بەپێویستى زانى وڵاتانى ناوچەكە هاوكاری یەكتری بكەن بۆ دەربازبوون سووریا لەو تەنگژەى رووبەڕووى بووەتەوە و هەروەها هەوڵەكان زیاتر بەو ئاراستەیە هەنگاو بنێن كە ئەنجامى كۆتاكەى بۆ بەرژەوەندیی گەلی سووریا و ناوچەكە بشكێتەوە.

ساڵحى رۆژى یەكشەى رابردوو ئامادەى وڵاتەكەى پێشان دا بۆ سازدانى گفتوگۆى ئاشتیی لە نێوان لایەنەكانى ئۆپۆزسیۆن و رێژیمى سووریا.











ئاكانیوز"
Top