سزاى گرتنی 15 ئێرانى بە تۆمەتى خەفیەیی بۆ بەرژەوەندیی ئیسرائیل
عەباس جەعفەری دەوڵەت ئابادی داواكار لە دادگەى گشتیی لە تاران گوتى، سزاى گرتن بەسەر تاوانباران هاتە سەپاندن كە زۆربەیان بە تۆمەتى خەفیەیی بۆ بەرژەوەندیی ئیسرائیل تۆمەتبار كرابوون، 10 كەس لە تاوانبارەكان حەوتووى رابردوو سزاكانیان بەسەردا سەپێندرا، ئەمڕۆش سزاى 5 تاوانبارەكەى تر دێتە راگەیاندن.
ئابادى روونى كردەوە كە زانیاریی زیاتری لای نییە لەبارەى ئەو تاوانبارانەى كە حەوتووى رابردوو دادگایی كران، تەنیا ئەوە دەزانێ كە بە تۆمەتى خەفیەیی هاتبوونە تۆمەتباركردن.
ئاژانسى هەواڵى رەسمیى ئێران بڵاوى كردەوە، تاوانبارەكان لە رێگەى بانگەشەى هەڵبەستراوەوە پێوەندییان بە دەزگەى هەواڵگریی مۆساد كردووە و لە هەندێ وڵات چاویان بە بەكرێگیراوانى ئیسرائیل كەوتووە، بۆ ئەنجامدانى كاری خەفییەیی.
