ئەنان پێشوازى لە بڕیاری ناردنى 300 چاودێرى ناودەوڵەتى بۆ سووریا دەكا

ئەنان پێشوازى لە بڕیاری ناردنى 300 چاودێرى ناودەوڵەتى بۆ سووریا دەكا
كۆفى ئەنان نێردەى ناودەوڵەتى بۆ سووریا پێشوازى لە بڕیارەكەى دوێنێى ئەنجوومەنى ئاسایش كرد بۆ ناردنى 300 چاودێرى بێچەكى ناودەوڵەتى بۆ سووریا بەمەبەستى چاودێریكردنى پابەندبوون بە ئاگربەست لەنێوان حكوومەت و شۆڕشوانانى ئەو وڵاتە و بڕیارەكەى بە \"ساتێكى یەكلاكەرەوە لەپێناو سەقامگیریى وڵات\"" لەقەڵەم دا. بی بی سی گواستیەوە.

ئەنان لە بەیاننامەیەكدا كە ئەمڕۆ یەكشەم لە جنێف دەرى كرد، داواى لە هەردوو لایەنى بەشەڕهاتوو كرد چەكەكانیان دابنێن و هاوكاریى تیمى چاودێران بكەن لەپێناو سەرخستنى پلانى ئاگربەست كە 10 رۆژە چووەتە وارى جێبەجێكردن.

داواى لە حكوومەتى سووریاش كرد چەكە قورسەكانى بەكار نەهێنێ، هەروەها وەك بەڵێنى دابوو سوپا لە ناوچە ئاوەدانییەكان بكێشێتەوە.

دوێنێ ئەنجوومەنى ئاسایش بە كۆى دەنگ بڕیارى دا 300 چاودێرى ناودەوڵەتى لە سووریا بڵاو بكرێنەوە، هەڵسەنگاندنى كارەكانیشیان لەلایەن سكرتێرى شگیتى نەتەوە یەكگرتووەكانەوە دەبێ.

هەفتەى رابردوو یەكەم كاروانى چاودێرانى ناودەوڵەتى گەیشتنە سووریا، ئەویش لەچوارچێوەى ئەو پلانى ئاشتییەدایە كە ئەنان پێشكێشى كردووە و لە 6 خاڵ پێك دێ، بەمەبەستى كۆتاهێنان بەتوندوتیژییەكانى سووریا كە 13 مانگە بەردەوامە."
Top