ئاگربڕ له نێوان حه‌ماس و ئیسرائیل راگه‌یه‌نرا
به‌رپرسێكی رێكخراوی حه‌ماس له په‌یوه‌ندییه‌ك له‌گه‌ڵ \"بی بی سی\""، پشتڕاستی كردووه‌ته‌وه كه به ناوبژیوانیی حكوومه‌تی میسر، ئاگربڕ له نێوان هێزه فه‌له‌ستینییه‌كان و ئیسرائیل هاتووه‌ته ئاراوه و له سه‌عات 1ی نیوه‌شه‌وی رابردوو به كاتی ئیسرائیل، هێرشه‌كان وه‌ستێنراوه.
له ماوه‌ی 4 رۆژ بۆردومان و مووشه‌كبارانی هێزه‌كانی حه‌ماس و جیهادی ئیسلامی و كۆمیته‌ی به‌رگریی جه‌ماوه‌ری له‌لایه‌ك و هێزی ئاسمانیی سوپای ئیسرائیل له‌لایه‌ك، 25 فه‌له‌ستینی و له‌وانه فه‌رمانده‌یه‌ك كوژراون و هه‌روه‌ها 35 هاووڵاتیی ئیسرایل بریندار بوون.
سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان وێڕای ئاماژه به مه‌ترسییه‌كانی هه‌ڵگیرسانی ده‌ورێكی نوێی توندوتیژی، ئیدانه‌ی هێرشه مووشه‌كییه‌كانی فه‌له‌ستینییه‌كانی كردووه و داوای له ئیسرائیل كردووه خۆڕاگرتر بێت.
توندوتیژییه‌كان دوای ئه‌وه په‌ره‌ی سه‌ند كه رۆژی هه‌ینیی رابردوو، سه‌رۆكی كۆمیته‌ی به‌رگریی جه‌ماوه‌ری له كه‌رتی غه‌ززه، زوهێر ئه‌لقه‌یسی، له هێرشێكی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل‌دا كوژرا. سوپای ئیسرائیل ده‌ڵێت ئه‌لقه‌یسی سه‌رقاڵی جێبه‌جێ كردنی هێرشێكی مووشه‌كی له دژی ئیسرائیل بوو."
