ئەمڕۆ كوێتییەكان پەرلەمانێكى نوێ هەڵدەبژێرن

ئەمڕۆ كوێتییەكان پەرلەمانێكى نوێ هەڵدەبژێرن
ئەمڕۆ زیاتر لە 400 هەزار دەنگدەرى كوێتى كە نیوەیان ئافرەتن، روو لە سندوقەكانى دەنگدان دەكەن بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانێكى نوێ، بە ئومێدى ئەوەى وڵاتەكە لە گێژاوى تەنگژە سیاسییەكان دەرباز بكا و چاوەڕوان دەكرێ ئیسلامیییەكان سەركەوتنى گەورە بەدەست بێنن. سایتى رادیۆ (سەوا) بڵاوى كردەوە.

ئەم هەڵبژاردنە چوارەمین هەڵبژاردنى پەرلەمانییە لە ماوەى كەمتر لە شەش ساڵدا لەو وڵاتە بەڕێوە بچێ.

لە هەڵبژاردنەكەدا 286 كاندید، كە 23یان ئافرەتن، كێبەركێ لەسەر 50 كورسیی چواردەمین پەرلەمانى وڵاتەكە دەكەن.

لە سەروبەندى هەڵبژاردنەكەدا پێكدادان لەنێوان هێزەكانى قەڵاچۆكردنى ئاژاوە و ژمارەیەك لاوى هۆزەكان رووى دا كە پاش میوانداریكردنى نەبیل ئەلفەزڵى كاندید بۆ پەرلەمان لەلایەن ئەو كەناڵەوە، هەڵیانكوتابوویە سەر بارەگانى كەناڵى (ئەلوەتەن)، ئەویش بەتۆمەتى سووكایەتیكردن بە هۆزى متەیر، كە دووەم گەورەترین هۆزى كوێتە و 100 هەزار كەسى هەیە.

لەكاتێكدا راپرسییەكان پێشبینى سەركەوتنى گەورە بۆ ئیسلامییە سونەكان دەكەن، بەڵام بە دوور دەزانرێ ئەنجامى هەڵبژاردنەكە كوێت، كە وڵاتێكى دەوڵەمەند و سێیەم گەورەترین بەرهەمهێنى نەوتى ناو رێكخراوى ئۆپێكە، لەو تەنگژە سیاسییەى بەرۆكى گرتووە دەرباز بكا.

لە پەرلەمانى پێشوودا كە بەهۆى سەرهەڵدانى خۆپێشاندان و تەنگژەى سیاسیی ئەو وڵاتە، لە كانوونى یەكەم/دێسەمبەرى رابردوو لەلایەن میرى كوێتەوە هاتە هەڵوەشاندنەوە، ئۆپۆزسیۆن 20 كورسی لە كۆى 50 كورسیی پەرلەمان هەبوو.


-ئاكانیوز
Top