دوایین هەینی 2011ى لە سوریا چۆن دەبێ?
لەگەڵ بەرزبوونەوەى هەڵمەتى تەناهی لە شارەكانى ئەو وڵاتە و بەرزبوونەوەى سەركۆنەى ناودەوڵەتی و سزاگەلی عەرەبی و یاخیبوونى دەیان ئەفسەر و سەربازى سوپا و پێكهێنانى سووپای ئازادى سووریا و گەیشتنی 70 چاوێریی عەرەبی بۆ ئەو وڵاتە، لێژنەكانى هاوئاهەنگى لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ئاماژە دەكەن كە سبەى شانبەشانى هەینیی هەموو مانگەكانى پێشوو وەك دوایین هەینی ساڵی 2011 درێژە بەخۆپێشان دان دەدەن.
نووسیویانە سبەى لەژێر ناوى \""هەینی پێشڕەوى بەرەو گۆڕەپانى ئازادى\"" درێژە بەخۆپێشاندان دەدەین، لاپەڕەی تۆڕى كۆمەڵایەتیی فەیسبووك \""شۆڕشی سووریا دژی بەشار ئەسەد 2011\"" گواستییەوە، كە تا بەیانى ئەمڕۆ پێنجشەم زیاتر لە334 هەزار لایكی هەیە و نووسویانە \""هەینی پێشڕەوى بەرەو گۆڕەپانەكانى ئازادى ئەوانەى توانیان پێشڕەوى بكەن\""
هەینیی رابردوو و لەژێر ناوى \""هەینیی پرۆتۆكۆلی مردن\""خۆپێشاندان درێژەى هەبوو و زیاتر لە 29 كەس هاتنە كوشتن.
لە 12ى تشرینی دووەم/نۆڤێمبەرى رابردوو وەزیرانى دەرەوەى عەرەبی لە كۆبوونەوەیەكی نائاساییدا لە قاهیرە بە زۆرینەى دەنگ ئەندامیەتی ئەو وڵاتەیان لە كۆوەندی عەرەبی سڕ كرد، هاوكات 23ى هەمان مانگ جارێكی تر وەزیرانى دەرەوە لە رەباتى پایەتەختى مەغریب دەرفەتێكی 3 رۆژیان بەو وڵاتە دا تا رێگە بە 500 چاودێریى عەرەبی بدا بچنە ئەو وڵاتە و چاودێریی دۆخى مرۆیی بكەن.
پاشان لە 27ى تشرینی دووەم/نۆڤێمبەرى رابردوو كۆوەندی عەرەبی لەبەرامبەر ملنەدانى سووریا و سەركوتكردنى خۆپێشاندەران، هەڕەشەى چەند سزایەكی تری كرد، دواى لە 5ى ئەم مانگە سووریا رەزامەندی خۆى دەربڕی لە هەمبەر هاتنى چاودێرانى عەرەبی بۆ وڵاتەكەى.
لەلایەكی تریشەوە وارگەى شەهیدانى سووریا ئەمڕۆ بڵاوى كردەوە كە هەر لەسەرەتاى دەسیتپێكردنى شەپۆڵی ناڕەزایەتییەكان لەو وڵاتە لە 15ى ئادار/مارسی رابردووەوە تا 26ى ئەم مانگە 5 هەزار و 949كەس هاتوونەتە كوشتن، ئەو وارگەیە ناوى هەموو ئەو كوشتیانەى دیكۆمێنت كردووە. "
