كۆمكاری عەرەبی باسی ناردنی فایلی سووریا بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش دەكا
جاسم بن حەمەد، سەرۆك وەزیرانی قەتەر و سەرۆكی كۆوەندی عەرەب، شەوی رابردوو لە كۆبوونەوەى تایبەتی كۆوەندەكە لەبارەى سووریاوە رای گەیاند، دیمەشق 3 رۆژ دەرفەتی هەیە تا ملكەچی دەستپێشخەرییەكەى وڵاتانی عەرەبی لەبارەى چارەسەركردنی ئاڵۆزییەكانی سووریا بێ، ئەگینا كۆوەندی عەرەب داوا لە ئەنجوومەنی تەناهیی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكا لەو پرسە بكۆڵێتەوە.
تۆڕی هەواڵی (بی بی سی) وێڕای گواستنەوەی هەواڵەكە ئاماژەى كرد، هەرچەندە ئەو وریادارییەى عەرەبەكان باس لە كردەی سەربازی دژی سووریا ناكا، بەڵام رەوانەكردنی فایلەكە بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ بەرپرسانی دیمەشق مایەى دڵگرانییە.
لە ناوەڕاستەكانی مانگی رابردوو، وڵاتانی عەرەب داوایان لە سووریا كرد سەرجەم توندتیژییەك بەرامبەر هاووڵاتییان بەكۆتا بێنێ و تانك و ئامێری سەربازی لە شار و شوێنی مەدەنی بكشێنێتەوە، بەڵام دیمەشق پابەند نەبوو و تووشی زنجیرە گەمارۆیەكی رژد بووەوە، جگە لەوەی پێشتر ئەندامێتیی سووریا لە كۆوەندی عەرەبی هاتبووە سڕكردن.
ئاماری رەسمیی نەتەوە یەكگرتووەكان ئاماژە بە هاتنەكوشتنی زیاتر لە 5 هەزار خۆپێشاندەر (لەوانە 307 ژن و منداڵ) و 600 لە هێزەیلی تەناهی لە دۆخی نێزیكەى 9 مانگی رابردووی سووریادا دەكەن، جگە لە برینداربوونی زیاتر لە 5 هەزار و گیرانی لایەنی كەم 15 هەزاری تر و راكردنی پتر لە 12 هەزار كەسی تر لەو وڵاتە، دۆخەكەش هەر بەردەوامە.
