ئۆباما: دژی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستینی پەنا بۆ ڤیتۆ دەبەین

ئۆباما: دژی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستینی پەنا بۆ ڤیتۆ دەبەین
كۆشكی سپی رای گەیاند، باراك ئۆباما سەرۆكی ئەمەریكا، مەحموود عەباس سەرۆكی دەسەڵاتی فەلەستینیی ئاگەدار كردووەتەوە كە هەرجۆرە داوایەك بۆ وەرگرتنی فەلەستین بەوڵاتێكی سەربەخۆ لە نەتەوەیلی یەكگرتوو دێَتە ڤیتۆكردن.

بێن رۆدز گۆتیار بەناوی كۆشكی سپی ئاشكرای كرد، ئۆباما لە دیداری شەوی رابردوویدا لەگەڵ مەحموود عەباس وریایی دا كە ئەگەر فەلەستین لەسەر داواكاری بۆ وەرگرتنی لە نەتەوەیلی یەكگرتووە رژد بێ و بەڕەسمی ئەو داوایە بخاتە ناو كاری ئەنجوومەنی گشتییەوە، ئەگەریش بێتە پەسندكردن، ئەوە ئەمەریكا پەنا بۆ مافی ڤیتۆی خۆی دەبا و رەتی دەكاتەوە.

ئۆباما گوتی، خەڵكی فەلەستین مافی دەوڵەتی سەربەخۆیان هەیە، بەڵام بۆ ئەو مەبەستە پێویستە لە رێگەی دانوستاندنەوە هەوڵ بدەن و هیچ جۆرە رێگەبڕییەك بۆ گەیشتن بەوڵاتی سەربەخۆ بۆ فەلەستین نایەتە پەسندكردن.

گۆتیارەكەی كۆشكی سپی هەروەها گوتی، ئۆباما سەرۆكی دەسەڵاتی فەلەستینیی ئاگەدار كردووەتەوە لەوەى پێویستە بەگفتوگۆ بەرەو وڵاتی سەربەخۆ بڕۆن، چونكە دواجار ئەوە لایەنەیلی فەلەستینی و ئیسرائیلین لەبارەى كێشەیلی سنوور، تەناهی، ئاوارەیل و ئۆرشەلیمەوە وتووێژ دەكەن.

ئەو دۆخە پاش ئەوە هات، دەسەڵاتی فەلەستینی رای گەیاند، لەم رۆژانەدا بەڕەسمی داوای وڵاتی سەربەخۆ لە نەتەوەیلی یەكگرتوو دەكا و ئەمەریكا و ئیسرائیل تەواو رەتیان كردەوە.


-ئاكانیوز
Top