كۆنگرەی كۆمەڵگەی دیموكراسی داوای بایكۆتكردنی پەرلەمانی توركیا دەكات
دوای كۆبوونەوەی كۆنگرەكە لە شاری دیاربەكر بۆ تاوتوێكردنی بڕیارێكی دەستەی هەڵبژاردنەكانی توركیا بەلێخستنی ئەندامیەتیی خەتیب دیجلە كە لەئێستەدا لە گرتیگەیە، كۆنگرەكە بەیاننامەیەكی لەو بارەیەوە دەركرد.
جەمال جۆشكون گۆتیاری كۆنگرەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا دەقی بەیاننامەكەی خوێندەوە و بڕیارەكەی دەستەی هەڵبژاردنەكانی توركیای بەدژی دیموكراسییەت وەسپ كرد و بەرپرسیاریەتیی سەرهەڵدانی هەر پشێویەكی لە وڵات خستە ئەستۆی حكوومەتی توركیا.
زیاتر گوتی، كۆنگرەكە ئەو بڕیارە بەرێگر لەبەردەم پەرلەمانتارانی كورد دادەنێ بۆ چارەسەركردنی دۆزی كورد بەرێگەچارەی ئاشتییانە و لە رێگەی پەرلەمانەوە.
جۆشكون داوای لە پارتی داد و گەشەپێدان و پارتی سەرەكی بەرهەڵستكاری توركیا كرد، كە هانی پەرلەمانی ئەو وڵاتە بدەن بۆ هاتنە ناو بابەتەكە و چارەسەركردنی كێشەكە.
جۆشكون داواشی لە گەلی كورد كرد كە بەشداری لە خۆپێشاندانە دیموكراسییەكان بكەن بۆ پاڵەپەستۆخستنەسەر دەستەی هەڵبژاردنەكان، بەمەبەستی پاشگەزبوونەوە لە بڕیارەكەی بەلێخستنی ئەندامیەتیی دیجلە.
دەستەی هەڵبژاردنەكانی توركیا بەكۆی دەنگ بڕیاری لێخستنی ئەندامیەتیی خەتیب دیجلە پاڵاوكی سەربەخۆی براوەی هەڵبژاردنەكانی توركیای سەر بەبارستەی رەنج و ئازادی دا، بەهۆی جێبەجێكردنی سزای گرتن بۆ ماوەی ساڵێك و 8 مانگ بەتۆمەتی بانگەشەكردن بۆ پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە).
لە 12ی ئەم مانگەدا هەڵبژاردنی گشتیی توركیا بەبەشداری زیاتر لە 50 ملیۆن دەنگەدەر بەڕێوە چوو و تێیدا پاڵاوكانی كورد توانیان 36 كورسی لە كۆی 550 كورسیی پەرلەمانی توركیا دەستەبەر بكەن.
