هیلاكیی كاتژمێر سێی پاش نیوەڕۆ
گەلێك كەس لە كاتژمێر سێی پاش نیوەڕۆدا هەست بە هیلاكیی جەستەیی دەكەن، چاوەكانیان مەیلی داخستن دەكەن و هەستی ڕاكشانیان بەرجەستە دەبێت و بۆ ماوەیەك دەخەون. هەستكردن بە هیلاكیی پاش نیوەڕۆ Afternoon slump كە بە هیلاكیی كاتژمێر سێ ناسراوە، حاڵەتێكی باوە لە ئەنجامی هەستكردن بە دابەزینێكی بەرچاوی ئاستی وزەی لەش، كە لە كاتژمێرەكانی پاش نیوەڕۆدا ڕوو دەدات. خواردنی ژەمێكی زۆر گەورەی نیوەڕۆ و كەم خەوتن هۆكاری هاندەرن بۆ هیلاكیی سێی پاش نیوەڕۆ و سەرهەڵدانی فشاری خەوتن. پسپۆڕان ئاماژە بەمە دەكەن كە باشترین هەنگاو بۆ ڕێگرتن لە هیلاكیی كاتژمێر سێ بریتییە لە بەركەوتن بە ڕووناكیی سرووشتی، یان تەنانەت ڕووناكیی ناو ژوور، زیاد خواردنەوەی قاوە هەرگیز حاڵەتەكە باشتر ناكات، چونكە كافائین تەنیا ئاستی ئاگایی بەرزدەكاتەوە نەك قەرەبووكردنەوەی خەو. بە هەرحاڵ، خەوێكی كورت بۆ ماوەی 10-20 خولەك حاڵەتەكە سووكتر دەكات و نابێتە هۆی پچڕبوونی خەوی شەوانە.
