كەمیی ئاسن لە پێستی دەموچاودا دەردەكەوێت
كەمی كانزای ئاسن نیشانە لە دەموچاودا پەیدا دەكات بە شێوەی ئەڵقەی تاریك لە ژێر چاوەكان لەگەڵ كاڵبوون، یان خۆڵەمێشبوونی ڕەنگی پێستی دەموچاو. كەمیی ئاسن واتە كەمخوێنی، كە هۆكارە بۆ نەگەیشتنی ڕێژەی پێویستی ئۆكسجین بە هەموو بەشەكانی لەش و هۆكارە بۆ نیشانەیتری وەكو: زووماندووبوون و هیلاكیی جەستەیی، كولبوونی دەم، قژهەڵوەرین، ناسكبوون و شكانی نینۆكەكان، هەروەها بێهێزبوونی سیستمی بەرگریی لەش، واتە زوو تووشبوون بە نەخۆشی. ئاسن كانزایەكی زۆر گرنگە بۆ: دروستبوونی هێمۆگلۆبینی ناو خڕۆكە سوورەكانی خوێن كە پێویستە بۆ گواستنەوەی ئۆكسجین بۆ هەموو بەشەكانی لەش، هاندانی گەشە، سیستمی بەرگریی لەش، هەروەها بەرهەمهێنانی وزە لە لەشدا. كەمیی ئاسن بە پشكنینی ڕێژەی فێریتین Ferritin لە خوێندا دەستنیشان دەكرێت، فێریتین پرۆتینێكە كە ئاسن خەزن دەكات.
