ئەلەین گاگنۆن پڕۆفیسۆری زانستی سیاسی لە زانكۆی كیوبیك بۆ گوڵان: فیدڕاڵیزم دەبێت متمانە و ددانپێدانانی دوولایەنە دروست بكات
فیدڕاڵیزم تەنیا شێوازێك بۆ دابەشكردنی دەسەڵات لەنێوان ناوەند و هەرێمەكان نییە، بەڵكو پرۆسەیەكی سیاسی و دەستوورییە بۆ بەڕێوەبردنی فرەیی و دابینكردنی هاوسەنگی لەنێوان یەكێتی و جیاوازی. لەم چاوپێكەوتنەدا، ئەلەین گاگنۆن، پڕۆفیسۆری زانستی سیاسی لە زانكۆی كیوبیك، باس لە ئەزموونی فیدڕاڵیزمی كەنەدا و بە تایبەتی پەیوەندیی نێوان كیوبیك و دەوڵەتی كەنەدا دەكات. ئەو جەخت لەوە دەكاتەوە كە بنەمای فیدڕاڵیزم دەبێت لەسەر ددانپێدانان، ڕەزامەندی، متمانە و ڕێزگرتن لە بەردەوامیی مێژوویی و ناسنامەی پێكهاتە جیاوازەكان دامەزرابێت. لە هەمان كاتدا، ئەزموونی كەنەدا بەراورد دەكات لەگەڵ دۆخی عێراق و كوردستان، جەختیش لە گرنگیی دروستكردنی شێوازێكی فیدڕاڵیی گونجاو لەگەڵ تایبەتمەندییە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانی عێراق دەكات. ئەم گفتوگۆیە هەوڵێكە بۆ تێگەیشتن لەوەی چۆن دەتوانرێت لە ڕێگەی فیدڕاڵیزمەوە فرەیی بپارێزرێت، مافی كەمینەكان دابین بكرێت و لە هەژموونی یەك لایەن بەسەر لایەنەكانی دیكەدا ڕێگری بكرێت.
• لە میانەی كار و توێژینەوەكانتاندا، باس لەوە دەكەن كە فیدڕاڵیزم تەنیا سیستمێكی میكانیكی نییە، بەڵكو فەلسەفەی پێكەوەژیان و ڕێزگرتنی دوولایەنەیە. بە تێڕوانینی ئێوە بەڵێنی سەرەكیی فیدڕاڵیزم چییە و تا چ ئاستێك كەنەدا توانیویەتی ئەم بەڵێنە بەدی بهێنێت؟
- لە ڕاستیدا پرسیارە سەرەكییەكە پەیوەستە بە بەڵێنی فیدڕاڵیزمەوە، كە تا چەند فیدڕاڵیزم بووەتە ئامرازێكی گونجاو بۆ برەودان بە فرەیی. ئەوەی پەیوەست بێت بە كەنەداوە، ئەوا ئەگەرچی ناو بە ناو بارگرژی دروست دەبێت، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی ئەم وڵاتە دیموكراسییەتێكی سەقامگیری هەیە. واتە توانای ڕێزگرتنی لە فرەییە قووڵەكەی ئەم وڵاتەی هەیە. مەبەستم لە فرەیی قووڵ بریتییە لە بوونی كولتووری جیاواز و پێكەوەژیانیان. ئەوەتا لەم وڵاتەدا ئینگلیزیی زمان و فەڕەنسیی زمان هەن، بەڵام لە سەرەتادا نە ئینگلیز و نە فەڕەنسییەكان بایەخێكی ئەوتۆیان بە دانیشتووانە بنەڕەتییەكەی ئەم وڵاتە نەدا و ئەمەش نیگەرانی و بارگرژی لێكەوتەوە. هەرچۆنێك بێت، وڵاتەكە لەسەر ئەو بنەمایە بنیادنرا كە هاوپیشەكەم، «جەیمس تولی»، ناوی ناوە «دەستوورگەرایی دێرین». دەستوورگەرایی دێرینیش- كە دەبێت ببێتە بنچینەی پەیوەندییەكانی دەسەڵات و ئاڵوگۆڕی نێوان پێكهاتە و كۆمەڵگەكان-سێ توخم لەخۆ دەگرێت. یەكەمیان پەیوەستە بە ددانپێدانانی دوولایەنەی پێكهاتە و كۆمەڵگەكان بە یەكتری. ئەوەی پەیوەست بێت بە كەنەداوە، ئەمە واتای ددانپێدانانی دوولایەنەی نێوان نەتەوە بنەڕەتییەكە و نەتەوەی كیوبیك و نەتەوەی كەنەدییە. مەبەستم ئەوەیە دەبێت لە پێگەیەكدا بین كە یەكتری لەبەرچاو بگرین. لەسەر ئەو بنەمایەش، دەتوانین بە متمانەوە هەنگاو هەڵبگرین-نەك متمانەیەكی كوێرانە، بەڵكو متمانەیەكی مەرجدار، تاوەكو ئامادەی ددانپێدانانی زیاتری یەكتر بین، ئەو كات دەتوانین پتر متمانە بنیاد بنێین. لەبەر ئەوە دەبێت ڕێگەیەك بدۆزینەوە بۆ بە برەوپێدان و بە دامەزراوەییكردنی ئەم ددانپێدانانە. لەم ڕووەوە دەكرێت گرتنەبەری فیدڕاڵیزم ئەم دەرئەنجامەی لێبكەوێتەوە. ئەمە ڕەهەندی یەكەمی دەستوورگەرایی دێرینە. ڕەهەندی دووەم بریتییە لە ڕەزامەندی. ئەمەش بنەمایەكی سەرەكییە: واتە ناتوانیت چۆنیەتی هەڵسوكەوتكردن بەسەر كەمینەیەكدا بسەپێنێت. بۆ نموونە ئەگەر ئەمە لەسەر كوردستان جێبەجێ بكەین، ئەوا پێویستە كورد بتوانن جیاوازییەكانی نێوان خۆیان یەكلا بكەنەوە و ڕێگایەك بۆ چۆنیەتیی گفتوگۆ لەگەڵ گرووپی زۆرینە لە عێراقدا بدۆزنەوە. مەبەستم ئەوەیە تۆ ناتوانیت ڕەزامەندی بسەپێنێت. بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت كە دەبێت هەموو كورد هاوڕا بن لەسەر گرتنەبەری سیاسەتێكی دیاریكراو، چونكە دیموكراسی ئەوە دەخوازێت كە باشترین شێواز لە ڕێی گفتوگۆوە، بۆ خۆیان بدۆزنەوە بۆ گەڵاڵەكردنی باشترین دید و تێڕوانینی خۆیان. بە چەشنێك كە بتوانن بچنە نێو دیالۆگێكی ڕاستەقینەوە لەگەڵ گرووپی زۆرینە لە عێراقدا. لێرەدا ژمارە گرنگ نییە، بەڵكو ئەوەیە پەیوەندییەكان لەسەر چ بنەمایەك دادەڕێژرێن و برەویان پێدەدرێت. ڕەهەندێ سێیەم بریتییە لە بەردەوامبوونی مێژوویی گرووپەكە. مەبەستم ئەوەیە كە ناتوانین گرووپی كەمینە بسڕینەوە، ئەوان سەرەوەرییان هەیە و ناكرێت لێیان زەوت بكرێت، تەنیا ئارەزومەندانە نەبێت، واتە لە نێو دەوڵەتە فرە نەتەوەییەكە، یان فیدڕاڵییەتە فرە نەتەوەییەكە مومارەسەی سەروەریی خۆیان دەكەن. خۆ ئەگەر ئەم سێ ڕەهەندەی دەستوورگەرایی پێكەوە لە ئارادا بن، ئەوا دەرئەنجامەكە دیموكراتیەتێكی زیاتر دەبێت، بە چەشنێك كە هەر پێكهاتەیەك جێی ڕێزگرتن دەبێت و هیچ گرووپێك مامەڵەی ناڕەوای لەگەڵدا ناكرێت و هەر یەكەیان سەنگ و قورسایی و پێگەی خۆی دەبێت. وەك كەسێكی كیوبیكی فەڕەنسی زمان، من زۆر هەستیارم بەرانبەر ئەم پرسە، كاتێك دەسەڵاتی هەمواركردنەوەی دەستووری كەنەدی لە ساڵی 1982 لە بەریتانیاوە بۆ كەنەدا گواسترایەوە بۆ داڕشتنی دەستوورێكی نوێ، زۆرێك لە ئێمە هەستمان كرد ئەم دەستوورگەراییە ڕێزی لێنەگیرا. هەر لەبەر ئەمەش بوو كە بارگرژی لەنێوان كیوبیكە فەڕەنسیی زمانەكان و باقی كەنەدا هاتەئاراوە، كە ئینگلیزی زمانەكان گرووپی زۆرینەن لە كەنەدا. ئەم بارگرژییە بوونی هەبوو، بەڵام توانرا بە شێوەیەكی باش ئیدارە بكرێت، بە چەشنێك كە ڕێگە نەدرا سەربكێشێت بۆ توندوتیژی، لەبەر ئەوەی ئێمە متمانەمان بە دامەزراوە گشتییەكان و بە دامەزراوە سیاسییەكان هەبووە. واتە ئەگەر هەستیشمان كردبێت كە سكاڵایەك هەیە، بەڵام هێشتا مافی هاووڵاتییەكان ڕێزی لێدەگیرێت. ئەوەتا لە كیوبیك میساقی ماف و ئازادییەكان هەیە، هەروەها لە كەنەداش میساقی ماف و ئازادییەكان هەیە كە تێكڕای وڵاتەكە دەگرێتەوە. ئەم میساقانە پارێزگاری بۆ هاووڵاتییانی تێكڕای وڵاتەكە دەستەبەر دەكەن، كە كیوبیكییەكانیش دەگرێتەوە. لە هەندێ ڕووەوە، ئەم میساقانە قەرەبووی نەبوونی ڕێككەوتنی سیاسی و دەستووری دەكەنەوە. ئەو ڕێككەوتنانەی سەردەمی گەڕاندنەوەی دەستوور لە ساڵی 1982. ناو بە ناو هەندێ هەڵچوون و هەڵكشانی لە نێو كیوبیكدا دروست كرد. ئەوەتا بڕیاری هەڵبژاردنی پەرلەمانیش بكرێت لەم هەرێمە، ئەو پارتەی دەیەوێت زۆرینە بەدەست بهێنێت، سەربەخۆییخوازە، بەڵام حزبی دیكە هەن پشتیوانی لە سەروەریی ناوخۆیی دەكەن، واتە مافی بڕیاردانی چارەنووس لە چوارچێوەی وڵاتەكەدا. هەروەها كەسانێكیش هەن كە خۆشحاڵن بە بوونی خودی سیستمە فیدڕاڵییەكە.
• ئایا ئەزمونی فیدڕاڵیی كەنەدا هەڵگری چ وانەیەكە بۆ عێراق، بۆ تێپەڕاندنی گرفت و ئالنگارییەكانی فیدڕاڵیزمی ئەم وڵاتە؟
- تەمەننام دەكرد زانیاريی زیاترم لەسەر بارودۆخی عێراق هەبووایە. من پێشتر بانگهێشتی زانكۆی كوردستان كرام لە هەولێر، بەڵام بە هۆی هەندێ پێشهات و هەلومەرجی لۆكاڵییەوە بڕیارم دا سەردانەكەم دوابخەم. پێشتریش من سەردانی لوبنان و هیندستانم كردووە. ئەوەی پەیوەست بێت بە وانەی فیدڕاڵیزمی كەنەدا بۆ عێراق، ئەوا من پێموایە وانە سەرەكییەكە ئەوەیە كە دەبێت دیموكراسی هێزی زاڵ و باڵادەست بێت، بۆ من ئەمە بنەمایەكی بنچینەییە. واتە ئەگەر بارگرژییش هەبێت، دەبێت دامەزراوە دیموكراسییەكان بەهێز و پتەو بكرێن و ڕێزیان لێبگیرێت. ئەگەر لە كەیسی كەنەدا بڕوانین، دەبینین فیدڕاڵیزم چەند شێوە و فۆرمی وەرگرتووە، واتە تەنیا مۆدێلێك لە ئارادا نییە. لە پەیوەندی بە عێراقەوە، لە نێویاندا دۆخی كوردستان، پێموایە ڕێگەی بەرەوپێشچوون لە عێراق گرتنەبەری فیدڕاڵیزمێكی تایبەت و جیاواوە، كە دەبێت پێگەی كوردستان لە پێگەی لایەنەكانی دیكە جیاواز بێت. لەبەر ئەوە كارێكی باشە ئەگەر برەو بە پرۆسەیەكی سیاسی بدرێت كە جیاوازی و پێداویستییەكانی هەر گرووپێك لەخۆ بگرێت. ئەگەر كوردستان بیەوێت سیاسەتێكی دیاریكراو و تایبەت بگرێتەبەر، ئەوا نابێت لایەنەكانی دیكە ڕاستەوخۆ بەرهەڵستی بكەن، هەر تەنیا لەبەر ئەوەی ئەوان جیاوازن. مەبەستم ئەوەیە دەبێت ڕێگایەك بدۆزیتەوە بۆ لەخۆگرتنی ئەم سیاسەتە جیاوازە، بەڵام دەبێت لە هەمان كاتدا ڕێز لە مافی كەمینەكانی نێو وڵاتەكە بگیرێت. هەروەها كوردستان تەواو یەكڕەنگ نییە و نەتەوە و گرووپی دیكەی تێدا نیشتەجێن، لەبەر ئەوە دەبێت میكانیزمێك بدۆزرێتەوە بۆ ڕێزگرتن لە مافەكانی تاكەكەس، لە نێویاندا مافی ئینتیما بۆ گرووپی نەتەوەیی زۆرینە. زامنكردنی ئەم پارێزگارییانە دەبێتە هۆی ئەوەی كە دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان گومان نەكەن لە مافی ئێوە بۆ بڕیاردانی چارەنووس. ئەمە بانگەشە سەرەكییەكەیە، كە مەرج نییە ئەم بڕیاردانی چارەنووسە بە مانای جیابوونەوە بێت، بەڵكو دەكرێت مافی مومارەسەكردنی چارەنووس لە نێو وڵاتەكە و لە چوارچێوەی فیدڕاڵیزمدا بێت. چەمكێكی دیكەی پەیوەندیدار بریتییە لە چەمكی سازان، كە لە وڵاتانی وەك بەلجیكا و سویسرا جێبەجێ دەكرێن، كە سەروەریی زیاتر لەسەر ئاستی لۆكاڵی مومارەسە دەكرێت. واتە لەسەر ئاستی هەرێمە فیدراڵییەكان. لە كۆتاییدا، توخمە بنەڕەتییەكان بریتین لە فرەیی و ئۆتۆنۆمیی هەرێمە فیدڕاڵییەكان، ڕێگریكردن لە هەژموونی لایەنێك بەسەر لایەنەكانی دیكەدا، هەروەها مافی ڕەتكردنەوە ( ڤیتۆ). لە هەمان كاتدا پێویستە هەندێ شتی هاوبەش هەبن لە نێو تێكڕای هاووڵاتییانی عێراقدا، وەك مافەكانی پەیوەست بە هاووڵاتیبوونەوە. واتە دەبێت هەندێ پایەی نیشتمانیی هاوبەش هەبن، سەرباری زامنكردنی مافەكانت، ئیدی لە هەرێمی خۆتدا بێت، یان هەر بەشێكی دیكەی وڵاتەكە، واتە مافی ئەوەت هەیە ڕێزلێگیراو بیت، وەك كورد و وەك عێراقییەك.
