خانمە شێوەكاری عێراقی مەریەم ئەلعوبێدی بۆ گوڵان:بەهای ڕاستەقینەی تابلۆ لە ڕەهەندی هونەری و مرۆیی و ئەو چیرۆكەدایە كە هەڵیگرتووە

خانمە شێوەكاری عێراقی مەریەم ئەلعوبێدی بۆ گوڵان:بەهای ڕاستەقینەی تابلۆ لە ڕەهەندی هونەری و مرۆیی و ئەو چیرۆكەدایە كە هەڵیگرتووە

لە نێوان وردەكاریی دەرمانسازی و ئازادیی ڕەنگەكاندا، خانمە شێوەكار «مەریەم ئەلعوبێدی» توانیویەتی تابلۆیەكی جیاواز بۆ ژیانی پیشەیی و هونەریی خۆی بكێشێت. ئەو شێوەكارەی كە سەرەتا لە جیهانی دەرمان و تاقیگەكانەوە دەستی پێكرد، ئێستا بە فڵچە و ڕەنگەكانی گوزارشت لە هیوا و جوانییە فەرامۆشكراوەكانی ژیان دەكات. لەم دیدارەدا، قسە لەسەر وەرچەرخانی گەورەی ژیانی، قوتابخانە هونەرییەكەی و تێڕوانینی بۆ داهاتووی هونەری شێوەكاری لە عێراقدا دەكەین.

*بە كورتی باسی ژیانی ئەكادیمی و هونەریی خۆتمان بۆ بكە، گرنگترین ئەو وێستگانە كامانەن كە ڕۆڵیان هەبووە لە داڕشتنی ئەزموونە هونەرییەكەتدا چین؟

-من كاروانی زانستیم بە خوێندنی دەرمانسازی دەست پێكرد، كە گەشتێكی درێژ و پڕ لە تەحەدا بوو. لەو ساڵانەدا، هونەر بۆ من وەك فەزایەك بوو كە تێیدا هەناسە بدەم؛ پەنام بۆ دەبرد تا ئازادیی دەربڕین بە خۆم ببەخشم و لە خەیاڵمدا بەرەو جیهانە جوانەكان گەشت بكەم، دوور لە وشكی و وردەكارییەكانی لایەنی زانستی. دوای دەرچوونم لە بواری دەرمانسازی دەستم بەكار كرد، ئەزموونێكی گرنگ و باش بوو، بەڵام هەمیشە هەستم دەكرد لایەنێكی ناوەوەم هەیە كە هێشتا شوێنی خۆی نەدۆزیوەتەوە. خاڵی وەرچەرخان ئەو كاتە بوو كە لە گەلەرییەكی هونەریدا كارم كرد، لەوێ زیاتر لە جیهانی هونەر نزیك بوومەوە، ئەم جیهانە ئەوەندە سەرنجی ڕاكێشام كە هێدی هێدی خۆم تێدا نوقم كرد و بۆم دەركەوت ئەمە ئەو لایەنەیە كە بەدوایدا دەگەڕام.

خانمە شێوەكاری عێراقی مەریەم ئەلعوبێدی بۆ گوڵان:بەهای ڕاستەقینەی تابلۆ لە ڕەهەندی هونەری و مرۆیی و ئەو چیرۆكەدایە كە هەڵیگرتووە

*پێش ئەوەی ڕوو لە هونەری شێوەكاری بكەیت، لە بواری پزیشكیدا خوێندووتە و كارت كردووە؛ ئەم گۆڕانكارییە لە پزیشكییەوە بۆ هونەر چۆن ڕوویدا، ئایا هێشتا لە تەنیشت، چالاكییە هونەرییەكانتەوە بەردەوامیت لە كاركردن لە بواری پزیشكیدا؟

-گۆڕانكارییەكە دوای نزیكەی چوار ساڵ لە كاركردنم لە بواری دەرمانسازی ڕوویدا، كاتێك هەستم بە ئارەزوویەك كرد بۆ گەڕان بەدوای بژاردەی دیكە لە ژیانمدا. بەدوای ئەزموونێكی جیاوازدا دەگەڕام، دەرفەتی كاركردنم لە پیشانگای (The Gallery) بۆ ڕەخسا، ئەزموونێكی جوان بوو كە ڕێگەی پێدام هونەرمەندانی بەتوانا بناسم، لە ڕێگەی ئەوانیشەوە ئاستی خولیای خۆمم بۆ هونەر دۆزییەوە، لەو سەردەمەدا هەر كەسێك كارە سادەكانمی دەبینی، هانی دەدام بەردەوام بم و كارامەییەكانم پەرە پێ بدەم. دواتر هونەرمەند (سەباح حەمەد)م ناسی و زۆر شتی لێوە فێر بووم دەربارەی بنەماكانی وێنەكێشان و هونەر، ڕۆڵێكی گەورەی هەبوو لە پەرەپێدانی كارامەیی و دیدگای هونەریمدا، پاشان لە دامەزراوەی ئەمریكی «میلان بۆ هونەرەكان» بەردەوام بووم لە خوێندنی هونەر، تا ئەزموونەكەم قووڵتر و ڕوونتر بێتەوە. تا ئەمڕۆش لە پاڵ چالاكییە هونەرییەكانمەوە لە بواری پزیشكیدا كار دەكەم و پێم وایە هەریەكێكیان فەزایەكی جیاوازیان لە ژیانمدا هەیە.

*چ قوتابخانە یان ڕێچكەیەكی هونەریی هەیە كە هەست دەكەیت لە ڕۆح و شێوازەوە لە تۆوە نزیكە؟ ئەمە چۆن ڕەنگی داوەتەوە لە كارەكانتدا؟

-هەست بە نزیكییەكی زۆر دەكەم لە قوتابخانەی ئیمپریۆنیزم (ئینتیباعی)، هەروەها ئەو شێوازەی كە تێكەڵەیەكە لە نێوان تەجرید (پوختەگەری) و واقیعیزم. ئەوەی لەم ڕێچكانەدا سەرنجم ڕادەكێشێت ئەو ئازادییەیە كە بە هونەرمەندی دەبەخشن؛ ڕێگەی پێ دەدات لە شتێكی واقیعییەوە دەست پێ بكات، بەڵام بەو شێوەیە نیشانی نەدات كە تەنیا چاو دەیبینێت، بەڵكو بەو شێوەیەی كە هەستی پێ دەكات و لە ناوەوەیدا دەیبینێت، ئەمەش ئەو شتەیە كە هەوڵ دەدەم لە كارەكانمدا ڕەنگ بداتەوە، كە واقیع ئامادەیی هەبێت، بەڵام لە ڕێگەی دیدگەی تایبەتی خۆمەوە، و هەر تابلۆیەك شتێك لە ڕۆح و ئینتیباعی كەسیی من بەرامبەر بە بابەتەكە هەڵبگرێت.

خانمە شێوەكاری عێراقی مەریەم ئەلعوبێدی بۆ گوڵان:بەهای ڕاستەقینەی تابلۆ لە ڕەهەندی هونەری و مرۆیی و ئەو چیرۆكەدایە كە هەڵیگرتووە

*واقیعی هونەری شێوەكاری لە عێراقی ئەمڕۆدا چۆن هەڵدەسەنگێنیت، ئایا پێت وایە بزووتنەوەی شێوەكاریی عێراقی خەریكە پێگە و ئامادەیی مێژوویی خۆی بەدەست دەهێنێتەوە؟

-پێم وایە هونەری شێوەكاری لە عێراقدا هێشتا پێویستی بە پشتگیریی زیاتر و هۆشیاریی كۆمەڵایەتی هەیە، چونكە ژمارەی ئەوانەی گرنگی بە هونەری شێوەكاری دەدەن و لێی تێدەگەن هێشتا سنووردارە بەراورد بەو میراتە شارستانی و هونەرییە گەورەیەی كە عێراق هەیەتی. لەگەڵ ئەوەشدا، لە ساڵانی دواییدا تێبینی گەشەكردنێكی ڕوون دەكەین لە بزووتنەوەی شێوەكاریی عێراقیدا، و هەوڵی جدی و هەمەجۆر هەن بۆ گەڕاندنەوەی پێگەی هونەر كە عێراق لە مێژوودا پێی ناسرابوو، ئەمەش جێگەی گەشبینییە.

*دیدگەی كۆمەڵگەی عێراقی بۆ هونەری شێوەكاری چۆن دەبینیت؟ ئایا جەماوەر زیاتر گرنگی بە هونەر دەدات و بڕوای بە ڕۆڵی هونەر لە دەربڕینی كێشەكانی كۆمەڵگەدا هەیە؟

-كۆمەڵگەی عێراقی لە سرووشتیدا كۆمەڵگەیەكی زیندووە و حەزی لە هونەرە بە هەموو شێوەكانییەوە، چ هونەری شێوەكاری بێت یان مۆسیقا یان ئەدەب و هونەرەكانیتر. ئەوەی جوانە ئەوەیە كە ماڵی عێراقی كەمە كارێكی هونەری تێدا نەبێت، ئەگەر سادەش بێت، كە گۆشەیەكی تایبەت داگیر دەكات و جوانییەك بەو شوێنە دەبەخشێت. لەگەڵ تێپەڕبوونی كات و كرانەوەی زیاتر بەسەر ئەزموونە هونەرییە جیاوازەكاندا، پێم وایە هۆشیاری بە گرنگیی هونەر دەستی بە گەشەكردن كردووە، نەك تەنیا وەك توخمێكی جوانی، بەڵكو وەك ئامرازێك بۆ دەربڕینی واقیع و یادەوەری و ئەو ڕووداوانەی تێیدا دەژین.

*لە كاتی بەشداریكردنت لە پێشانگە هونەرییەكان لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق، وەك هونەرمەندێك و وەك بەشێك لە جەماوەر، چی زیاتر سەرنجت ڕادەكێشێت: ئاستی كارەكان، هەمەجۆریی قوتابخانە هونەرییەكان، شێوازی نمایشكردن، یان كارلێكی جەماوەر لەگەڵ تابلۆكان؟

-وەك هونەرمەندێك، ئەوەی زۆر سەرنجەم ڕادەكێشێت كارلێكی جەماوەرە لەگەڵ كارە هونەرییەكەدا؛ ساتی وەستان لەبەردەم تابلۆیەك، و تێڕامانی قووڵ تێیدا، پاشان پرسیاركردن دەربارەی چیرۆكەكەی، یان ئەو كەرەستە و تەكنیكانەی بەكارهاتوون. حەزم لەو ساتەیە كە هەست دەكەم بینەر لەبەردەم مەتەڵێكی بچووكدا وەستاوە و هەوڵ دەدات بە شێوازی تایبەتی خۆی نهێنییەكانی بدۆزێتەوە، بەڵام وەك بەشێك لە جەماوەر، ئەوەی زۆر ڕام دەكێشێت هەمەجۆرییە؛ هەمەجۆریی شێواز و قوتابخانە و دیدگاكان، بە تایبەت چێژ لەو كارانە وەردەگرم كە قورسە بخرێنە ناو چوارچێوەی قوتابخانەیەكی دیاریكراوەوە، وەك ئەوەی هونەرمەندەكە زمانێكی بینینی تایبەت بە خۆی دروست كردبێت. ئەم جۆرە لە بوێری و جیاوازی ئیلهامم پێ دەبەخشێت و كاریگەریم لەسەر دادەنێت.

خانمە شێوەكاری عێراقی مەریەم ئەلعوبێدی بۆ گوڵان:بەهای ڕاستەقینەی تابلۆ لە ڕەهەندی هونەری و مرۆیی و ئەو چیرۆكەدایە كە هەڵیگرتووە

*دیارترین جیاوازییەكانی نێوان هونەری شێوەكاری عێراقی ئەمڕۆ و ئەو هونەرەی لە حەفتاكان و هەشتاكانی سەدەی ڕابردوودا باو بوو چییە، لە ڕووی بابەت، شێواز، قوتابخانە هونەرییەكان و ئامادەیی هونەرمەند لە كۆمەڵگەدا؟

-پێم وایە هونەری حەفتاكان و هەشتاكان زیاتر بەستراوە بوو بە ناسنامەی عێراقی و كەلەپوور و هێما ناوخۆییەكانەوە، لە تەنیشت ئامادەیی ڕوونی قوتابخانە و گرووپە هونەرییەكان و دامەزراوە ڕۆشنبیرییەكان، و هونەرمەند لەو كاتەدا پێگەیەكی دیاری هەبوو لە كۆمەڵگەدا، بەڵام هونەری عێراقی ئەمڕۆ زیاتر بووە بە تاكەكەسی و هەمەجۆر، و زۆرێك لە هونەرمەندان ڕوویان لە بابەتەكانی یادەوەری و تاسە (غەریبی) و ناسنامەی كەسی و گۆڕانكارییە كۆمەڵایەتییەكان كردووە، لەگەڵ تێكەڵكردنی زیاتری شێواز و ئامرازە هونەرییە جیاوازەكان. هەروەها شێوازی ئامادەیی هونەرمەندیش گۆڕاوە؛ چیتر تەنیا بە دامەزراوە و پێشانگاكانەوە نەبەستراوەتەوە، بەڵكو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و بازاڕی هونەری بوونەتە بەشێكی گرنگ لە ناساندنی هونەرمەند و گەیشتنی كارەكانی بە جەماوەر.

*ئایا پەیوەندی و هاوكاریی هونەری لە نێوان تۆ و هونەرمەندانی شێوەكاری كورد لە هەرێمی كوردستان هەیە؟

-تا ئێستا دەرفەتم بۆ نەرەخساوە كە لە پێشانگا هونەرییەكانی هەرێمی كوردستاندا بەشداری بكەم، یان هەماهەنگییەكی ڕاستەوخۆم لەگەڵ هونەرمەندانی شێوەكاری كورد هەبێت، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی دەرفەتێكی لەو شێوەیە دەكەم. پێم وایە پێشانگا و وۆرك شۆپ و پڕۆژە هاوبەشەكان دەتوانن فەزایەكی جوان بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموون و دیدگا هونەرییەكان دروست بكەن، و خۆشحاڵ دەبم لە داهاتوودا دەرفەتی بەشداریكردن و هاوكاریم لەگەڵ هونەرمەندانی هەرێمی كوردستاندا بۆ بڕەخسێت.

*كاتێك دەست بە كێشانی تابلۆیەكی نوێ دەكەیت، پشت بە چی دەبەستیت لە هەڵبژاردنی بابەت و ڕەنگ و پێكهاتەكەیدا؟ ئایا بیرۆكەكانت لە واقیعەوە وەردەگریت، یان لە ئەزموونی كەسی، یان لە خەیاڵ و یادەوەری؟

-زۆربەی كات تابلۆكانم لە ساتێكی دیاریكراوەوە دەست پێ دەكەن، كە تێیدا ژیاوم، یان گۆشەیەك كە سەرنجی ڕاكێشاوم، یان هەستێك كە لە یادەوەریمدا ماوەتەوە. حەزم لێیە ئەو ساتە جوانانە و ئەو گۆشە فەرامۆشكراوانە بكێشم كە ڕەنگە خەڵكانیتر بەبێ سەرنجدان بەلایاندا تێپەڕن؛ من جوانییەكی تایبەت لەم وردەكارییە بچووكانەدا دەدۆزمەوە. سەبارەت بە ڕەنگەكان، مەیلم بۆ ڕەنگە زیندووەكان و پڕ لە ژیانەكانە، و حەز دەكەم تابلۆكە هەستی هیوا و شادی بەو كەسە ببەخشێت كە دەیبینێت. بیرۆكەكانم لە تێكەڵەیەك لە نێوان واقیع و ئەزموونی كەسی و یادەوەری و خەیاڵەوە دێن؛ جوانیی هونەر بۆ من لەوەدایە كە دەتوانێت ئەوەی لە ناخمدا هەستی پێ دەكەین، بیگۆڕێت بۆ شتێك كە كەسانیتر بتوانن بیبینن و بە شێوازی تایبەتی خۆیان هەستی پێ بكەن.

*ئایا هونەرمەندی شێوەكاری عێراقی ئەمڕۆ دەتوانێت فرۆشتنی كارەكانی بكاتە سەرچاوەیەكی ڕاستەقینە و بەردەوامی بژێوی؟ دیارترین ئەو تەحەداییانە چین كە ڕووبەڕووی هونەرمەند دەبنەوە لە بەبازاڕكردنی كارەكانیدا لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق؟

-پێم وایە پشتبەستن تەنیا بە فرۆشتنی تابلۆكان وەك سەرچاوەیەكی جێگیر و بەردەوامی بژێوی مەحاڵ نییە، بەڵام بێگومان قورسە، و پێویستی بە كات و بەردەوامی و دروستكردنی جەماوەرێك هەیە، كە قەدری كاری هونەری بزانێت. یەكێك لەو تەحەداییانەی لە ساڵانی دواییدا دەركەوتووە، گەشەكردنی خێرای زیرەكیی دەستكرد (AI) و پەنابردنی هەندێك كەسە بۆی وەك جێگرەوەیەكی هەرزانتر بۆ ئەو كارە هونەرییانەی هونەرمەند دەستی تێدایە، ئەمەش تەحەدایەكە تەنیا ڕووبەڕووی هونەرمەندی عێراقی نابێتەوە، بەڵكو ڕووبەڕووی هونەرمەندان لە هەموو جیهاندا دەبێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، بڕوام وایە ئەو كارەی مرۆڤ بە دەستی خۆی دروستی دەكات و شتێك لە ئەزموون و ڕۆحی خۆی پێ دەبەخشێت، بەهایەكی هەیە كە ناتوانرێت تەنیا لە وێنەیەكدا كورت بكرێتەوە.

*تا ئێستا بە نزیكەیی چەند تابلۆت فرۆشتووە، و بەرزترین نرخ كە تابلۆیەكت پێ فرۆشراوە چەند بووە؟ ئایا پێت وایە بەهای تابلۆ بە نرخەكەی دەپێورێت یان بە بەها هونەری و مرۆییەكەی؟

-ئەزموونی من لە جیهانی هونەردا هێشتا لە سەرەتادایە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا توانیومە زیاتر لە ٢٥ كاری هونەری بفرۆشم. ڕەنگە هەندێك كەس وا بزانن ژمارەكە كەمە، بەڵام من وەك هەنگاوێكی جوان و گەشەكردنێكی خێرا و هاندەر لە كاروانەكەمدا دەیبینم، بەتایبەت كە هەر كارێك لای كەسێك شوێنی خۆی دۆزیوەتەوە، كە هەڵیبژاردووە، چونكە هەستێكی بۆ دروست كردووە. بەرزترین نرخیش كە یەكێك لە تابلۆكانمی پێ فرۆشراوە لە دەوروبەری ٥٠٠ هەزار دیناری عێراقیدا بووە. بۆ من بەهای تابلۆ لە نرخەكەیدا كورت نابێتەوە، چونكە بەها ڕاستەقینەكەی لە ڕەهەندە هونەری و مرۆییەكەیدایە، و لەو چیرۆكەی كە هەڵیگرتووە، و ئەو هەستەی كە لای بینەرەكەی جێی دەهێڵێت. نرخ ڕەنگە بەهای كارەكە لە بازاڕدا دیاری بكات، بەڵام ئەو كاریگەرییەی تابلۆكە جێی دەهێڵێت، ئەوەیە كە بەها قووڵەكەی پێ دەبەخشێت.

Top