ساڵیادی کۆمەڵکوژی سۆریا؛ پەڕەیەکی خوێناوی لە مێژووی تاوانەکانی عێراق
مێژوو تەنها کۆمەڵێک ڕووداو نییەکە لە پەڕەکانی کتێبەکاندا تۆمار کرابێت بەڵکو یادەوەریی مرۆڤەکانە، یادەوەریی ژیانی لەدەستچووان، ئازارەکانی خێزانەکان و پرسیارە بێوەڵامەکانی نەوەکان ، مێژوو، یادەوەریی زیندووی مرۆڤایەتییە چیرۆکی گەلان، کۆمەڵگەکان. مێژوو تەنها تۆمارکردنی ڕووداوەکانی ڕابردوو نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ تێگەیشتن لە هۆکارەکان، بارودۆخەکان و ئەنجامەکانی ئەو ڕووداوانەی کە ژیانی مرۆڤ و کۆمەڵگەیان پێکهێناوە کاتێک باس لە کۆمەڵکوژی و تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی دەکەین، ئەرکی مێژوو تەنها یادکردنەوە نییە، بەڵکو پاراستنی ڕاستی و گەیاندنی دەنگی قوربانیانە بە نەوەکانی داهاتوو.
کۆمەڵکوژی گوندی سۆریا یەکێکە لەو ڕووداوانەی کە لە یادەوەریی کۆمەڵایەتی و نیشتیمانیی کوردستاندا شوێنێکی تایبەتی هەیە. ساڵیادی ئەم ڕووداوە هەر ساڵێک دەرفەتێکە بۆ ئەوەی یادی قوربانیان بکرێتەوە و پرسیاری دادپەروەری، ناساندنی ڕاستی ڕووداوە مێژووییەکان و پاراستنی یادەوەریی کۆمەڵکوژییەکان دووبارە بخرێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ، لەڕووی جوگرافیاوە گوندی سۆریا لە ناوچەی باتێل، لە سنووری قەزای زاخۆی پارێزگای دهۆک هەڵکەوتووە. گوندەکە لە بەشی باشووری ڕۆژئاوایی دەشتی سیلێڤانە و لە نزیکی ڕووباری دجلە و ناوچەی فیشخابوور، لە نزیکی سێگۆشەی سنووری عێراق، تورکیا و سووریا، بۆیە شوێنی جوگرافییەکەی گرنگییەکی ستراتیژیی هەبوو.
سۆریا گوندێکی بچووک و فرەکۆمەڵ بوو؛ خێزانە کوردە موسڵمان و مەسیحییەکان تێیدا بەیەکەوە دەژیان و ژیانیان بە کشتوکاڵی و ئاژەڵداری بەسەر بردووە ،لە ١٦ی ئەیلوولی ١٩٦٩، پاش تەقینەوەی مینێک لە نزیک گوند، هێزێکی سوپای عێراق گەڕایەوە سەر سۆریا و دانیشتووانی گوندی کۆکردەوە و کۆمەڵکوژییەکەی تێدا ئەنجام دا . بەپێی بەڵگەنامە مێژووییەکان (٣٩ )کەس کوژران ، (٢٥ )کەس مەسیحی بوون ، (١٤ )کەس موسڵمان بوون، (٢٧) کەس بریندار بوون ، قوربانییەکان لە (ژن، منداڵ، پیاو و بەساڵاچووان )پێک هاتبوون. هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یادەوەریی ڕووداوەکەدا ژمارەی (٣٩ )قوربانیی پشتڕاست کردووەتەوە و ئاماژە بە برینداربوونی زیاتر لە (٢٠ )کەس دەکات.لە بەرامبەردا، هەندێک سەرچاوەی ئاشووری ژمارەی ٤٧ کوژراو و ٢٢ بریندار دەخەنەڕوو؛
سۆریا؛ ناوی گوندێک، بەڵام یادەوەرییەکی گەورە
گوندەکان لە مێژووی کوردستاندا تەنها شوێنی نیشتەجێبوون نەبوون؛ بەڵکو شوێنی ژیان، کار، کلتور، خێزان و بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی بوون. بۆیە هەر کاتێک گوندێک تووشی تاوانێکی گەورە دەبێت، زیانەکە تەنها لەسەر تاکەکەسەکان نییە، بەڵکو بەشێک لە یادەوەری و پێکهاتەی کۆمەڵگەش بریندار دەکات.
کۆمەڵکوژی سۆریا لە چوارچێوەی ئەو مێژووە پڕ لە ئازارەدا دەخوێندرێتەوە؛ مێژوویەک کە تێیدا ژمارەیەکی زۆر لە خێزان و گوندە کوردەکان بە شێوەی جۆراوجۆر تووشی توندوتیژی و کوشتار بوون.یادکردنەوەی قوربانیانی سۆریا تەنها بۆ ئەو خێزانانە نییە کە کەسانی خۆیان لەدەست داوە. ئەمە بەرپرسیارێتییەکی کۆمەڵایەتی و مێژووییە، چونکە ئەگەر ڕووداوەکانی ڕابردوو بە دروستی تۆمار نەکرێن، نەوەکانی داهاتوو ناتوانن بە تەواوی تێبگەن کە کۆمەڵگە چ بەها و نرخێکی گران بۆ پاراستنی ژیان و ناسنامەی خۆی داوە.لەبەر ئەوە، ساڵیادی کۆمەڵکوژی سۆریا پێویستە ببێتە دەرفەتێک بۆ تۆمارکردنی بەڵگەکان، کۆکردنەوەی شاهێدحاڵە زیندووەکان پاراستنی ناوی قوربانیان و گواستنەوەی یادەوەریی ئەو ڕووداوە بۆ نەوەی نوێ.
یادکردنەوەی قوربانیان بەبێ هەوڵ بۆ ناساندنی ڕاستییەکان و دادپەروەری تەواو نابێت. کۆمەڵگەکان بۆ ئەوەی بتوانن لەگەڵ ڕابردووی خۆیان ڕووبەڕوو ببنەوە، پێویستیان بە تۆمارکردنی ڕاستییەکان، پاراستنی بەڵگەکان و لێکۆڵینەوەی مێژوویی و یاسایی هەیە.ئامانج لە یادکردنەوەی تاوانەکانی ڕابردوو تەنها زیندووکردنەوەی ئازار نییە؛ بەڵکو دڵنیابوونەوەیە لەوەی کە ئەو تاوانانە لە یادەوەریی گشتی ون نەبن و هەمان تراژیدییەکان دووبارە نەبنەوە.
ئەرکی نەوەی نوێ
نەوەی نوێ پێویستی بەوە هەیە مێژووی کۆمەڵکوژییەکان بە شێوەیەکی زانستی و لەسەر بنەمای بەڵگە بخوێنێتەوە. خوێندنەوەی ئەو مێژووە پێویستە دوور بێت لە تەنها هەست و هەڵچوون، و لە هەمان کاتدا نابێت یادەوەریی مرۆیی و ئازاری قوربانیان لەبیر بکرێت.زانکۆکان، دامەزراوەکانی توێژینەوە، ڕۆژنامەنووسان و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ دەتوانن ڕۆڵێکی گرنگ لە تۆمارکردن و ناساندنی ئەم ڕووداوانەدا بگێڕن.
کۆتایی
ساڵیادی کۆمەڵکوژی گوندی سۆریا ڕۆژی یادکردنەوەیە؛ یادکردنەوەی ئەو کەسانەی کە ژیانیان بە ناحەق لێ سەندرا، و یادکردنەوەی خێزانێک کە بەشێک لە ژیانیان لەگەڵ ئەو کارەساتەدا لەدەست دا.سۆریا نابێت تەنها ناوی گوندێک لە مێژوودا بێت؛ بەڵکو پێویستە ببێتە بەشێک لە یادەوەریی گشتیی کۆمەڵگە، بۆ ئەوەی ڕاستییەکان بپارێزرێن و دەنگی قوربانیان نەمرێت یادکردنەوەی قوربانیان، پاراستنی مێژووە؛
پاراستنی مێژوو، بەرپرسیارێتییە و دادپەروەری، داواکارییەکی مرۆییە.
یادی قوربانیانی کۆمەڵکوژیی سۆریا بەرز و ڕێز لە
یادەوەریی خێزانە زیانپێگەیشتووەکان دەگرین.
توێژەری مێژووی سیاسی *

* پەرژین جەعفەر حاجی رۆستەم