نارین فەقە بۆ گوڵان ئاشكرای دەكات گۆرانییەك نوێ دەكاتەوە كە تەمەنی بۆ پێش زیاتر لە (٤٠٠) ساڵ دەگەڕێتەوە
خانمە هونەرمەند نارین فەقە، لە دێركا حەمكۆی نزیك قامیشلۆ لە ڕۆژئاوای كوردستان لەدایك بووە، یەكێكە لەو دەنگە ناسك و پڕسۆزانەی كە ماوەی زیاتر لە دوو دەیەیە بە شێوەیەكی بەردەوام خزمەت بە هونەری كوردی دەكات. لە بنەماڵەیەكی هونەرییەوە هاتووە كە باپیر و باوكی (جودی فەقە) بە گۆرانی و لاوكە كوردییەكان ناسراو بوون، و ئەم میراتە فۆلكلۆرییە لە منداڵییەوە كاریگەرییەكی قووڵی لەسەر داناوە. سەرەڕای ئەوەی كە لە تەمەنی دە ساڵیدا لەگەڵ خێزانەكەی كۆچی كردووە بۆ سوید، هەرگیز پەیوەندیی خۆی بە ڕەگ و ڕیشەی كوردییەوە نەبڕیوە، بەڵكو لە دوورەوە زیاتر خۆی تەرخان كردووە بۆ پاراستنی ڕەسەنایەتیی ئەم هونەرە.
نارین بەم دواییە گۆرانییەكی نوێی بڵاو كردەوە و لە دیدارێكی بۆ گوڵاندا بەم شێوەیە باسی لە بەرهەمە نوێیەكەی كرد: «بەم دواییە بەرهەمێكی نوێم بە ناوی «داوەت هاتە» بڵاو كردەوە، ئەم گۆرانییە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە ٤٠٠ ساڵ لەمەوبەر و گۆرانییەكی فۆلكلۆریی دەڤەری بادینان و شاری ئامێدییە. تێكست و ئاوازەكەی هی هونەرمەندی كۆچكردووە «حەمكێ تۆڤی»یە، ئەو هونەرمەند و گۆرانیبێژی تایبەتی میری ئامێدی بووە و بەر لە (٤٠٠) ساڵ لەو دەڤەرە ژیاوە و چەندین گۆرانی، لاوك و حەیرانی پێشكەش كردووە و یەكێك بووە لە هونەرمەندە ناسراوەكان و چەندین بەرهەمی هونەریی ڕەسەنی لە دوای خۆی جێهێشتووە و بە زیندوویی ماوەنەتەوە، كە زۆریان ئەرشیف كراون».
دەربارەی هەڵبژاردنی ئەم بەرهەمە نارین گوتی: «گۆرانییەكە سەرنجی ڕاكێشام كە بە ڕیتمی خێرایە، بۆیە ویستم نوێی بكەمەوە، هەم بۆ ئەوەی بەرهەمێكی نوێ پێشكەش بە هەوادارانم بكەم، هەمیش بۆ پاراستنی ئەم گۆرانییە و كەلتوور و فۆلكلۆری خۆمان، تا بۆ نەوەكانی داهاتوو بمێنێتەوە و نوێ بێتەوە، ئەم گۆرانییە لە ڕووی ئارانژەوە لەلایەن «عەلی شاكر»ی هاوسەرم و «هۆزان فەقە»ی برام ئامادە كراوە، هەوڵمان داوە لە ناو كلیپەكەدا دیمەنەكانی شاری ئامێدی كە وەك بووكێكی ڕازاوەیە نیشان بدەین. كلیپەكەی بە هاوكاری دەرهێنەرێكی گەنجی ڕۆژئاوای كوردستان بە ناوی «سیپان فازڵ» لە ئەڵمانیا ئامادە كراوە، هەروەها میكس و ماستەرینگەكەی لەلایەن «سەمیر حسێن»ـەوە لە ئەڵمانیا ئەنجام دراوە».
هەروەها دەڵێ: «تێكستی دروستی گۆرانییەكەمان لە كتێبێكی دكتۆر «مەسعوود كتانی» دەرهێنا و منیش هەوڵم دا بە هەردوو شێوەزار، هەم بە شێوەزاری بەهدینی و هەم بە شێوەزاری جزیرەی بۆتان گۆرانییەكە بڵێم، ئەمەش ئەزمونێكی نوێ بوو بۆ من.
نارین فەقە هەروەها دەڵێ: «من لە نوێكردنەوەی ئەم بەرهەمەدا هەوڵم داوە یەكێك لەو گۆرانییە كۆن و فۆلكلۆرییە جوانانە زیندوو بكەمەوە كە لە مێژووی گەلەكەماندا سنووریان بەزاندووە. ئەم گۆرانییە بە تایبەتی لە ناوچەی ئامێدییەوە تا جزیرەی بۆتان لە ناو دەنگبێژان و خەڵكدا بەناوبانگ بووە و، سەرەڕای ئەوەی لەو سەردەمەدا نە سۆشیال میدیا هەبووە و نە تەلەڤزیۆن، لە ناو گەلدا دەستاودەست دەكراوە و لە دەنگبێژێكەوە بۆ دەنگبێژێكی دی گوازراوەتەوە و تا ئێستاش بە زیندوویی ماوەتەوە، بۆ من، زیندووكردنەوە و دووبارە گەڕاندنەوەی ئەم بەرهەمە هەوڵێكە بۆ پاراستن و نوێكردنەوەی بەشێك لە كەلتووری گۆرانی و فۆلكلۆری كوردی. هیوادارم لە پاشەڕۆژدا بتوانین بە بەرهەمە نوێ و نیشتیمانییەكان خزمەتی گەلەكەمان بكەین و ئەم فۆلكلۆرە بە شێوەیەكی نوێ بگەیەنینە نەوەكانی داهاتوو».
لە كۆتایی لێدوانەكەیدا بۆ گوڵان نارین فەقە دەڵێت: «بۆ من ئەم بەرهەمە تەنیا گۆرانییەك نییە، بەڵكو پەیوەندییەكی قووڵی هەیە بە ڕەگ و ڕیشەی بنەماڵە و ناسنامەی كوردییەوە. ڕەچەڵەكی بنەماڵەی من لە جزیرەی بۆتانە؛ باپیر و داپیرەم لەوێ بوون و دوای جەنگی دووەمی جیهانی بنەماڵەكەمان كۆچیان كرد بۆ ڕۆژئاوای كوردستان، كە لەوێ باوكم و دواتریش من لەدایك بووم. ئەم گۆرانییە یەكێكە لەو گۆرانییە كۆن و فۆلكلۆرییانەی كە لە ناو بنەماڵەی ئێمە و ناو گەلدا ماوەتەوە. كاتێك گوێی لێ دەگریت، هەست بە ڕەسەنایەتی، و بۆنی فۆلكلۆری كوردی دەكەیت. ئەم گۆرانییەی «حەمكێ تۆڤی» بۆ من شانازییە كە توانیم بە شێوەیەكی نوێ پێشكەشی گەلی خۆمی بكەم، هیوادارم ئەم هەوڵە ببێتە هۆی زیندووكردنەوەی بەشێك لە میراتی دەنگی و فۆلكلۆری كوردی بۆ نەوەكانی داهاتوو».
