گۆرانیبێژی فلامینكۆی فەرەنسی سێسیل ئێڤرۆت بۆ گوڵان:هونەری كوردی و فلامینكۆ هەمان وزە هەڵدەگرن كە خۆی لە خۆڕاگری و ئازادیدا دەبینێتەوە
سێسیل ئێڤرۆت هونەرمەندێكی گۆرانی فلامینكۆی فەڕەنسییە لە تەمەنی پازدە ساڵیدا ڕووی لە گۆرانیگوتن كرد، كە لە سەرەتادا بۆ چەند ساڵێك بە تەنیا و بە خۆی فێری بوو، پاشان لە ئیسپانیا لەگەڵ گۆرانیبێژان خۆسێ مەندێس (خێرێس) و خوان خۆسێ ئەمادۆر (ئیشبیلیە) ڕاهێنانی كرد، هەروەها تواناكانی لە هاوڕێیەتی و هاوەڵگرتنی سەما لەگەڵ كارمەن لێدێسمای سەماكار و پیلار مۆنتۆیا «لا فاراونا» پەرەپێ دا.
لە ماوەی مانەوەی لە ئیشبیلیە لە ساڵی ٢٠١٤، پەیوەندییەكی گرنگ و كاریگەری لەگەڵ گۆرانیبێژی ئەفسانەیی خوان پێنیا «ئەل لیبڕێخانۆ» هەبوو، كە بوو بە ڕێبەر و مامۆستای هونەریی ئەو، لە نێوانیاندا پەیوەندییەكی نزیك دروست بوو، كە هەتا ئەمڕۆش كاریگەریی خۆی لەسەر شێوازی گۆرانیگوتنی هەیە، كاتێكیش گەڕایەوە بۆ پاریس، بە خێرایی لە ناو كۆمەڵگەی فلامینكۆی فەڕەنسیدا ناسراو و بەناوبانگ بوو و بە شێوەیەكی سرووشتی لە شێوازە نەریتییەكانەوە بەرەو پڕۆژە بوێرتر و نوێترەكان گواستەوە.
لە دیدارێكدا چەند پرسیارێكمان ئاراستە كرد دەربارەی فلامینكۆ و زانیاریی لەسەر هونەری كوردی و چەند بابەتێكی دیكە.
*لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا دەستت بەهونەری فلامینكۆ كرد، ئەمە بووە خاڵێكی وەرچەرخان لە ژیانی هونەریتدا، ئەم هەنگاوە چۆن ڕێڕەوی ژیانتی گۆڕی و چۆن ڕووت لەو هونەرە كرد؟
-یەكەم جار زمانی ئیسپانیم خۆشویست، ئەو زمانەی لە تەمەنی ١٣ ساڵیدا لە قوتابخانە دەستم بە فێربوونی كرد، حەزم كرد زانیاریی زیاترم لەسەر ئەم زمانە هەبێت، بۆیە دەستم كرد بە گەڕان لە ئینتەرنێتدا بەدوای فیلم و گۆرانییە ئیسپانییەكاندا، لەوێدا یەكەم پارچەی فلامینكۆم دۆزییەوە، بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەكم لەسەر فلامینكۆ هەبێت، هەر زوو ئەم هونەرە سەرنجی راكێشام، بۆیە هەموو ئەو بەرهەمانەی دەمدۆزینەوە و لە ناونیشانەكەیاندا وشەی «فلامینكۆ» هەبوو، دامدەگرت و دەستم كرد بە كۆكردنەوەی زانیاری لەسەری، ئەوەش بوو بە شوێن و جیهانی نهێنی و تایبەتی خۆم. لەو تەمەنەدا پێشتر دەمزانی كە دەمەوێت ببمە هونەرمەند، بەڵام هەرگیز خەیاڵم نەدەكرد كە ڕۆژێك ببمە گۆرانیبێژی پیشەگەری فلامینكۆ.
*ژمارەیەك لە گەورەترین هونەرمەندانی فلامینكۆ لە ئیسپانیا ڕاهێنانیان پێ كردوویت، گۆرانیبێژی كۆچكردوو خوان پێنیا «ئێل لیبریخانو» كاریگەرییەكی زۆری لەسەر ڕێڕەوی هونەریت هەبووە، ئەم مامۆستایانە چ كاریگەرییەكیان لە دروستكردنی ناسنامەی هونەری و شێوازی گۆرانیگوتنتدا هەبووە؟
-دەرفەتی ئەوەم هەبوو لە گۆرانیبێژ و هونەرمەندی گەورە فێربم، لەوانە خوان خۆسێ ئەمادۆر، خۆسێ مەندێز، ماری پێنیا، ئەنتۆنیۆ بییار و مامۆستای خۆشەویستم خوان پێنیا ئێل لیبریخانو. هەموویان داهێنەر بوون و هەرگیز وایان فێر نەكردووم كە فلامینكۆ هونەرێكی جێگیرە و بەستراوە بە كاتێكی دیاریكراوەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، بەدڵنیاییەوە فلامینكۆ كۆمەڵێك نهێنێ و ڕێسا و یاسای خۆی هەیە. هەروەها زۆر شت لە بەشداریكردن لە (بۆرگاس«Jerges» ـەكاندا فێربووم؛ كە كۆبوونەوە و ئاهەنگە نەریتییەكانن، زۆرجار دوای نمایشەكانی فلامینكۆ و لە درەنگانی شەو بەڕێوە دەچن، هەموو هونەرمەندان لە شوێنێك كۆدەبنەوە و تەنیا بۆ خۆشی و بەسەربردنی كاتێك لەگەڵ یەكتر، مۆسیقا دەژەنن.
جاران شەوان زوو دەخەوتم و پاشان لە دوای كاتژمێر یەك یان دووی بەیانی لە خەو هەڵدەستام تا لەو كۆبوونەوانە بەشدار بم و تا بەیانی گوێ لەو هونەرمەندانە بگرم.
*ئەزموونی هونەریت بریتییە لە تێكەڵ كردنی فلامینكۆی كۆن لەگەڵ پڕۆژە مۆسیقاییە نوێیەكان، وەك (فلامینكۆی ئەلیكترۆنی)، چۆن هاوسەنگییەك دروست دەكەیت لە نێوان پاراستنی ڕەسەنایەتیی فلامینكۆ و كردنەوەی دەرگا بۆ نوێكاری و تاقیكردنەوەی مۆسیقای هاوچەرخ؟
-پێم وایە بۆ هەموو شتێك كاتێكی گونجاو هەیە، كاتێك هەیە بۆ ئەوەی سەرەتا گۆرانی كۆن فێر ببیت، تێیبگەیت، گوێی لێ بگریت و هەوڵ بدەیت دەنگ و شێوازەكەی بە تەواوی دووبارە بەرهەم بهێنیتەوە، هەروەها كاتێك هەیە تەنیا دەست بكەیت بە داهێنان لە مۆسیقا بە هەموو ئەو كەرەستانەی لە بەردەستتدایە.
من عاشقی فلامینكۆم، بەڵام لەگەڵ فلامینكۆشدا مۆسیقام بە گشتی خۆش دەوێت، بۆیە كاتێك شتێك لە ڕووی مۆسیقاییەوە سەرنجڕاكێش بێت، جا كەلتووری بێت یان هاوچەرخ و ئەزموونی نوێ بێت، بەرەو پیری دەچم و هەوڵ دەدەم بە باشترین شێوە دەریببڕم.
*بەشداریت لە ژمارەیەكی زۆر لە فێستیڤاڵ و بۆنە نێودەوڵەتییەكاندا كردووە، لەوانەش فێستیڤاڵی فیلمی كان، گرنگترین وەرچەرخانەكانی ڕێڕەوی هونەریت كامانەن كە شانازییان پێوە دەكەیت، ئەم ئەزموونانە چییان زیاد كردووە بۆ تۆ لە ڕووی هونەری و كەسییەوە؟
-پێم وایە هەموو هەنگاوێك زۆر گرنگە، لەو شوێنە بچووكە یان باریكەوە كە تێیدا مۆسیقا دەژەنین، تا دەگاتە سەكۆی ئەو شانۆ گەورەیەی كە یەكەم جار لەسەر تەختەكەی دەردەكەویت. بیرمە كە چەند سەرسام و سوپاسگوزار بووم كاتێك (ئیل ئامۆر بورژۆ- خۆشەویستی سیحراوی)ی نوسەر مانوێل دێ فایام لەگەڵ ئۆركێسترای سیمفۆنیای شاری ئێكاتێرینبۆرگی ڕووسی پێشكەش كرد لە فێستیڤاڵی كلاسیكی گەورەی لاڤۆل ژۆرنی، پێش ئەوەی بچمە سەر سەكۆ، بۆ چركەیەك وەستام و ئەوەم بە بیر خۆم هێنایەوە كە چۆن وەك گەنجێك بە تەنیا لە ژوورەكەم خۆم فێرە فلامینكۆ دەكرد و هەوڵم دەدا تێبگەم چۆن ئەم هونەرە كار دەكات. هەروەها گۆرانیگوتن لە فێستیڤاڵی فیلمی كان-یش یەكێك بوو لەو یادەوەرییە زۆر بەرچاو و ئەفسانەییانەی ژیانم، بەڵام بە ڕاستی بۆ من فلامینكۆ لەو شوێنە دەنگی جوانتر و خۆشترە، ئەو شوێنانەی دەتوانیت بە ڕاستەوخۆ هەست بە جەماوەرەكە بكەیت كە لە بەردەمت وەستاوە، هەرچەندە بە دڵنیاییەوە پێشكەشكردنی كاری هونەری لەسەر شانۆ گەورەكاندا خۆشیی تایبەتی هەیە.
*جگە لە گۆرانیگوتن، وانەی فلامینكۆش دەڵێیتەوە و لە هەمان كاتدا پڕۆژەیەكی تایبەت بە خۆت لە بواری ئاوازدانان و گۆرانیگوتن بە زمانی فەرەنسی پەرە پێ دەدەیت، لە ڕێگەی ئەم ئەزموونە جۆراوجۆرانەوە دەتەوێت چ پەیامێكی هونەری بگەیەنیت؟
-فێركردنی گۆرانیگوتنی فلامینكۆ بۆ من چێژی تایبەتیی هەیە، چونكە دەنگ دەتوانێت بە شێوەیەكی ڕاستگۆیانە و ڕاستەقینە ڕێگەت پێ بدات بۆ گەیشتن بە كەسانیتر، لە ڕاستیدا ناتوانیت بە دەنگت درۆ بكەیت، من ئەمەم زۆر پێخۆشە.
سەبارەت بە پڕۆژەی تایبەتیی خۆم، من لە تەمەنێكی زوودا هەمیشە گۆرانیی خۆم نووسیوەتەوە و ئاوازم بۆ داناوە، چونكە پیانۆژەنیشم، پێم وایە ئەمە نزیكترین بوارە لە ناسنامەی قووڵی ڕاستەقینەی خۆم.
لە مانگی دێسەمبەر یەكەم ئەلبوومی خۆم لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیە بڵاو دەكەمەوە، پڕۆژەكە گۆرانیی فەرەنسی «Chanson» لەگەڵ فلامینكۆ تێكەڵ دەكات و ئەمە من زۆر دڵخۆش دەكات.
*زۆرێك لە توێژەران و هونەرمەندان پەیوەندی و هاوبەشییەك لە نێوان فلامینكۆ و مۆسیقای ڕۆژهەڵاتدا دەبینن، چ لە ڕووی مەقام، ڕیتم و دەربڕینی هەست و سۆزەوە. چۆن سەیری ئەم پەیوەندییە دەكەیت و لە دیدگای تۆوە گرنگترین خاڵە هاوبەش و جیاوازییەكان چین؟
-فلامینكۆ هونەرێكی فرەكەلتوورە و ڕەگ و ڕیشەی جۆراوجۆر و جیاوازی هەیە، لە ڕووی هارمۆنی و ڕازاندنەوەی دەنگدا پەیوەندییەكی زۆر باشی لەگەڵ مۆسیقای ڕۆژهەڵاتدا هەیە و لەگەڵی دەگونجێت، بەڵام لە هەمان كاتدا، فلامینكۆ ڕەگ و ڕیشەی قەرەجی، هیندی، سەفەردی، و بیابانی باشووری ئەفریقایی و فۆلكلۆری ئیسپانیشی هەیە، ئەمەش تایبەتمەندییەك بە فلامینكۆ دەبەخشێت و وای لێ دەكات بەراوردكردنی لەگەڵ شێوازەكانی دیكەی مۆسیقا زۆر قورس بێت.
*دەكرێت فلامینكۆ لەگەڵ مۆسیقای ڕۆژهەڵات تێكەڵ بكرێت بەبێ ئەوەی هیچ كام لەوانە ناسنامەی ڕەسەن و سەرەتایی خۆی لەدەست بدات، ئەی ئەو توخمانە چین بۆ سەركەوتنی ئەم جۆرە پڕۆژە هونەرییە هاوبەشانە زۆر گرنگن؟
-پێم وایە ئەمە دەكرێت، بەڵام پێویستی بە كاری زۆر هەیە بۆ ئەوەی شتێك دروست بكرێت كە هیچ كام لە كولتوورە بەشدارەكان لەناو نەبات، یان لە ناسنامەكەیان كەم نەكات، بەڵام لە سەرووی كولتوورەكانەوە ئەوەی بۆ من گرنگترە، مۆسیقایە.
ئەگەر هونەرمەندەكان بە توانا بن و ئارەزوویەكی ڕاستەقینە و دڵسۆزییان هەبێت بۆ پەیوەندی دروستكردن و بەرهەمێكی جوان پێكەوە دروست بكەن، ئەوا چیتر پێویست بەو پرسیارە ناكات كە ئایا ئەمە «فلامینكۆیە، ئایا ئەمە مۆسیقای كوردییە؟» تەنیا مۆسیقایەكی جوانە و هیچ كەس گرنگی بەو پرسیار و پۆلێن كردنانە نادات.
*پێشتر زانیاریت لەسەر مۆسیقای كوردی، یان فۆلكلۆری هونەری كوردی هەبووە، ئایاهەرگیز گوێت لە كاری هونەرمەند یان مۆسیقاژەنێكی كورد بووە، ئەگەر وەڵامەكەت بەڵێیە، چ هەست و تێڕوانینێكت لەو هونەرە هەیە؟
-زانیاریم لەسەر مۆسیقای كوردی زۆر نییە، بەڵام لە ڕووی هونەرییەوە هەست بە نزیكییەكی زۆر لەگەڵی دەكەم، من لەگەڵ گۆرانیبێژ و سازژەنی كورد ڕۆشان فلیزتەك كارم كردووە، كە لە پاریس دەژی، ئەو بانگهێشتی كردم بۆ ئەوەی لە ئەلبوومەكەی «Exil» .دا، لەگەڵ گیتارژەنی فلامینكۆ فرانسوا ئاریا، گۆرانی بڵێم، ئەزموونێكی زۆر جوان بوو بۆ ئەوەی لەگەڵ دەنگ و مۆسیقای ئەو ئاشنایەتی دروست بكەم، دوو گۆرانیمان تۆمار كرد یەكەمیان«Solea del Encuentro» كە «سۆلیا» شێوازێكی كۆنی فلامینكۆیە لە ڕیتمی ١٢ لێدان لەسەر ئیقاع، و «Encuentro» بە ئیسپانی واتای «یەكتر بینین- دیدار» ـە و دووەمیان «La Travesia»، كە لەسەر بنەمای شێوازێكی دیكەی فلامینكۆیە بە ناوی بولێریا.
لە «La Travesia» .دا، من ئاوازێكی خۆشم بۆ شیعرێكی شاعیری گەورەی فارسی (سەعدی) دانا و كردمە گۆرانی و بە زمانی ئیسپانی پێشكەشم كرد، ئەو شاعیرە ناسراوە و لە سەدەی ١٢ ژیاوە، هەروەها گوێم لە مۆسیقای كوردی بووە لە ڕێگەی هونەرمەندی فەرەنسی(ئێلێنۆر فۆرنیۆ) وە لەوانەیە بیناسن، ئەو لە فەرەنسا نوێنەرێكی زۆر گرنگی كولتوور و مۆسیقای كوردییە، من زۆر حەز لە دەنگی دەكەم.
*مۆسیقای كوردی میراتێكی دەوڵەمەندی لە مەقام، ڕیتم و ئامێرە مۆسیقاییە ڕەسەن و كۆنەكان هەیە، ئایا هونەری كوردی چی پێویستە بیكات بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی فراوانتر بناسرێت و بگاتە ئاستێكی نێودەوڵەتی وەك ئەو پەرەسەندن و ناسراوییە جیهانییەی فلامینكۆ بەدەستی هێناوە؟
-وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە كەمێك قورسە، چونكە من وەكو پێویست ئاشنایەتیم لەگەڵ هونەر و مۆسیقای كوردی نییە بۆ ئەوەی بتوانم بۆچوونێكی ورد و تایبەتی لەسەری بدەم، ئەوەی دەتوانم بڵێم ئەوەیە كە بە بۆچوونی من ئەوەی فلامینكۆ زۆر تایبەت دەكات ئەوەیە كە ئەنجامی پیكەوەژیانی چەندین كولتووری جیاوازە لە شوێنێكدا. قەرەجەكان وەك كۆڵەگەی سەرەكی و گەورەی ئەم تێكەڵبوونە كولتوورییە بوون و بە شێوەیەكی زۆر گەورە بەشدارییان كردووە لەوەی فلامینكۆ ببێتە هونەرێكی تایبەت و بێوێنە. هەروەها ئەوەی وای كرد فلامینكۆ ببێتە هونەرێكی نێودەوڵەتی، ئەو هونەرمەندانە بوون كە شێوازە كۆنەكانیان نوێ كردەوە و دەنگ و شێوازی تایبەتی خۆیانیان دروستیان كردەوە، دەتوانم بڵێم پاكۆ دێ لوسیا، كامارۆن دێ لا ئیسلا، لۆلێ ی مانوێل، ئەنریكێ مۆرێنتێ یان مامۆستاكەم خوان پێنیا ئێل لیبریخانو، چەند نموونەیەكن كە ئەم كارەیان ئەنجام داوە.
*ئەگەر دەرفەتی كاركردنت لەگەڵ هونەرمەندانی كورد بۆ بڕەخسێت، ئایا ئەگەری بەرهەمهێنانی كاری هونەرییەك هەیە كە فلامینكۆ و مۆسیقای كوردی پێكەوە ببەستێتەوە؟ كام توخمە مۆسیقاییە هاوبەشانە دەتوانن بنەمای ئەم پڕۆژەیە بن و ئەم هاوكارییە هونەرییە دەتوانێت چ پەیامێكی كولتووری بە جیهان بگەیەنێت؟
-دڵنیام كە ئەمە دەتوانێت پڕۆژەیەكی زۆر ناوازە و سەرنجڕاكێش بێت! پێم وایە هەردووكیان، مۆسیقای كوردی و فلامینكۆ، مۆسیقایەكی قووڵن و ڕەگیان داكوتاوە، جەماوەرین و لە هەمان كاتدا پێشكەوتوو و دەوڵەمەندن لە ڕووی هونەرییەوە، بەڵام لە هەموو شتێك گرنگتر، هەردووكیان هەمان وزە هەڵدەگرن كە خۆی لە خۆڕاگری و ئازادیدا دەبینێتەوە، چونكە گوزارشت لە دەنگی گەلانێك دەكەن بوون كە لە بەشێك لە مێژوویاندا ڕووبەڕووی پشتگوێخستن و چەوسانەوە و سەركوتكردن بوونەتەوە.
