حەلیمە ڕەسول حەسەن: زۆربەی ئەوانەی لای ئێمە كار دەكەن كچان و كوڕانی دەرچوون كە دانەمەزراون

حەلیمە ڕەسول حەسەن:  زۆربەی ئەوانەی لای ئێمە كار دەكەن كچان و كوڕانی دەرچوون كە دانەمەزراون

 

 

حەلیمە ڕەسول حەسەن خانمێكی لێهاتوو و پڕ وزەیە و ماوەی شەش ساڵە سەرگەرمی دروستكردنی كولێرەی تەندووری دارانە. حەلیمە ڕەسول حەسەن ساڵی 1977 لە شارۆچكەی سەروچاوە لە دایكبووە و دانیشتووی قەڵادزێیە، ئەو دەرچووی قۆناغی ئامادەییە و لە ئێستادا دوو نانەواخانە بەڕێوە دەبات، نانەواخانەكەی دوو لقە یەكیان لە ڕانیە و ئەویتریان لە قەڵادزێیە، لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان ئەزموونی خۆی لەگەڵ كولێرە دروستكردن بۆ خوێنەران باس دەكات.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

«تەنیا لە كولێرەخانەی قەڵادزێ زیاتر لە 40 كەس لای ئێمە لە كولێرەخانەكەم ئیش دەكەن و من سەرپەرشتی كارەكانیان دەكەم، زۆربەی ئەوانەی لای ئێمە كار دەكەن كوڕان و كچانی دەرچوون كە دانەمەزراون.

لە سەرەتاوە هاوسەر و منداڵەكانم هانیاندام بۆ ئەوەی دەست بەم كارە بكەم، دیارە بیرۆكەی ئەم كارە لەوە هات من پێشتر لە پڕۆژەیەكی خێرخوازی كارم دەكرد، خەڵكی بێكار و هەژار سەردانیان دەكردین، لێرەوە بیرۆكەكەم بۆ هات كە ئەوانەی توانا و بەهرەیان هەیە دەستیان بگرین و ببنە خاوەنكار و داهاتی خۆیان، ئیدی بڕیارمدا هەلی كار بۆ ئەو كەسانە بڕەخسێنم و دەستیان بگرم، پێم باشتر بوو لەوەی بە حازری یارمەتیان بدرێت، چەند ئافرەتێكم بینی دەستڕەنگین بوون و شوێن و جێگەی كاركردنم بۆ ڕێكخستن، ئێستا یەكێك لەو خاتوونانە بە ماندووبوون و بەرهەمی كارەكەی توانی خانوو بكڕێت و لە كرێچیاتی ڕزگاری بێت، خانمێكی دیكە لە بواری بڕین و دوورمان شارەزا بوو بۆ ئەویش بە هەمان شێوە مەكینەی دوورمان و پێداویستییەكانمان كرد ئەویش ئێستا بەرگدوورێكی سەركەوتووە و ژیانی خۆی و خێزانەكەی تەئمین كردووە.

لەلایەكی دیكەوە گەنجی زۆرم بەبێ كاری دەبینی بیرم كردەوە كە كارێك بۆ ئەو خەڵكە بڕەخسێنم، ئەوە بوو شەش ساڵ لەمەوبەر كولێرە خانەیەكم دانا لە شاری قەڵادزێ سوپاس بۆ خوا زۆر سەركەوتوو بوو.

پاشان لەسەر داواكاری خەڵكی شاری ڕانیەی خۆشەویست كە زۆر داوایان دەكرد دەیانگوت رێگاكەمان دوورە بەڵكو بۆمان نزیك كەیتەوە، منیش بڕیارم دا لقی دووەم بكەمەوە ئێستاش هەتا ئەو ستافە بە تەواوەتی دەكەویتە سەر سكەی خۆی، هەر وەكو فێركاری بۆ ماوەی مانگێك لەگەڵیان دەبم . لە قەڵادزێ زیاتر 40 كەس لای من كار دەكەن، بەڵام لە ڕانیە تا ئێستا ژمارەی كارمەندەكان كەمە و چاوەڕێ دەكەین كارمەندی زۆرتر بێنە سەر خەت و ئیشمان زۆرە».

گوتیشی: « زۆر ئاسوودەم بەتایبەتی هەندێك لە كارمەندەكان ئێواران كە پارە وەردەگرن زۆر زۆر پێیانەوە ئاسوودەم كە پێی دڵخۆشن منیش هەروەها لەگەڵیان دڵخۆشم».

حەلیمە ڕەسول حەسەن لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت: « هیچ كارێك نییە ئاسان بێت، بەڵام هەست بە قورسییەكی ئەوتۆ ناكەم و لەلای من قورس نییە، بەڵكو لەگەڵیدا ڕاهاتووم و زۆریش ئاسوودەم.

هیچ شتێك وەكو داهاتی خۆت نییە كە بە ئارەقەی ناوچەوان بەدەستی بێنیت، دەبێت كۆڵنەدەر بێت و بۆ خۆت ئیش دروست بكەیت، كە دروستیشت كرد دەبێت چاوت لەوە بێت كە پەرەی پێ بدەیت و زیادی بكەیت، پێویستە هەوڵبدەین خەڵك زیاتر بخەینە سەركار، ئەویش بە حوكمی ئەوەی ئەمڕۆ هەلی كار زۆر كەمە، هەتا ڕادەیەك بۆ خانمان كار زۆرتر هەیە لەوەی كە بۆ پیاوان هەیە، ڕۆژانە چەندین پیاو سەردانم دەكەن بۆ دەستخستنی هەلی كار، ئافرەتان كەمتر دێنە سەرخەت لە كاتێكدا پێویستە ئەوانیش شان بە شانی پیاوەكان ئیش بكەن».

سەبارەت بە بەرهەمەكانیشی دەڵێت: «چوار جۆر كولێرەمان هەیە، كولێرەمان هەیە سادەیە كولێرەشمان هەیە كونجی و دەرمانە دوو دانە بە هەزار دینارە

كولێرەمان هەیە كونجی و دەرمان بە تێكەڵی پێنج بە هەزارە

لە قەڵادزێ كە بێسنوور خەڵك حەزی لێیە، تەنانەت لە هەموو شار و شارۆچكەكانی كوردستان داواكاری لەسەرە، بە تایبەتی خەڵكی هەولێر، هەروەها لە نەمساش داوایان كردووە و بە پۆست بۆمان بەڕێكردوون.

جگە لە كولێرە بەرهەمی تریشمان هەیە، لەوانە نانی هەورامی نانێكی زۆر ناسك و جوان بە تایبەتی بۆ كەباب ئەو نانە بێ خومرەیە و بێ سۆدەیە تەنیا خوێی تێدەكرێت، نانێكی تەندروست و خۆشە زۆر خواستی لەسەرە. كولیچەی بە خورما و بە فستق و بە گوێزمان هەیە، هەروەها نانی تیری چەند جۆرێكی هەیە لەوانە نانی سپی، نانی بۆر، نانی جۆی خولاسەش هەیە، كە جۆی كوردییە ئەو جۆیە خۆمان دەیهاڕین زۆر تامی خۆشە و كڕیاری نانەكەی زۆرە.

بەرهەمێكی دیكەشمان شەكری كوڵاوە، شەكرێكی ناسك و جوان چۆكلێتی بە گوێز بە فستق سادە قاوەیی، واتا هەموو جۆرە شەكرێكی كوڵاومان هەیە».

 

Top