“شۆڕشی ئەیلول چرایەک کە هەرگیز ناکوژێتەوە”

“شۆڕشی ئەیلول چرایەک کە هەرگیز ناکوژێتەوە”

 

 

یازدەی ئەیلولی 1961 تەنها ڕێکەوتێکی مێژوویی نیە. ئەو ڕۆژە، ڕۆژی لەدایکبوونەوەی ڕۆحی نەتەوی کورد بوو. لەو ڕۆژەدا نەتەوەیەک کە ساڵانێکی زۆر بوو ستەمی لێ دەکرا، بڕیاری دا بڵێت "نا". ئەو "نا"یە ناوی لێنرا شۆڕشی ئەیلولی مەزن.

هۆکاری هەڵگیرسانی شۆڕش:
شۆڕش لە خۆڕا هەڵناگیرسێت. حکومەتی ئەو کاتەی بەغدا دوای کودەتای 1958، هەموو بەڵێنەکانی بە کورد پشتگوێ خست. کورد وەک هاووڵاتی پلە دوو سەیر دەکرا. زمانی کوردی قەدەغە کرا، ناوچە کوردییەکان بێبەش کران لە ئاوەدانی و لەبری چارەسەری ئاشتیانە تانک و تۆپ نێردرا بۆ باشوری کوردستان.
ڕێبەری نەمر، مستەفا بارزانی، دوای هەموو هەوڵێکی ئاشتیانە گەیشتە ئەو دەرەنجامەی کە ماف بە بێ چەک وەرناگیرێت. دەبوو "پێشمەرگە" بێتە وەڵام.

شۆڕشێک کە تەنها شەڕ نەبوو:
شۆڕشی ئەیلول 14 ساڵی خایاند. لە زاخو تا خانەقین. ئەم شۆڕشە سێ وانەی گەورەی پێ بەخشین:
١-یەکێتی: بۆ یەکەم جار هەموو کورد لە هەر چوار پارچەوە هەستی کرد ئەم شۆڕشە هی خۆیەتی.
٢-ناساندنی دۆزی کورد: جیهان بۆ یەکەم جار بە چاوی نەتەوەیەکی خاوەن دۆز سەیری کوردی کرد، نەک وەک یاخیبوویەکی ناوخۆیی
٣- ڕێککەوتنی 11ی ئادار: پێشمەرگە قارەمانەکانی شۆڕەشی ئەیلول وایان لە حکومەتی عێراق کرد لە ساڵی 1970 دان بە ئۆتۆنۆمی کوردستاندا بنێت. ئەمە گەورەترین دەسکەوتی سیاسی کورد بوو تا ئەو کاتە.

ئەیلول ئەمڕۆ لە کوێیە؟
ئەگەرچی شۆڕشی ئەیلول بەهۆی ڕێککەوتنی نێودەوڵەتی جەزائیر لە 1975 کۆتایی پێهات، بەڵام ئەیلول نەمرد. ئەیلول بووە قوتابخانە. قوتابییەکانی ئەو قوتابخانەیە دواتر شۆڕشی گوڵان و ڕاپەڕینی 1991یان هەڵگیرساند. ئەنجامەکەشی ئەم هەرێمی کوردستانەی ئەمڕۆیە کە ئاڵاکەی لەسەر هەموو دامەزراوەیەک دەشەکێتەوە.

کۆتایی، شۆڕشی ئەیلول سەلماندی کە ناسنامەی نەتەوەیی کورد ناسڕێتەوە داگیرکاران هەر چەند هەولی سڕینەوەی بدەن و ناتوانن ئیرادەی سیاسی کورد لاواز بکەن، ئەرکی ئێمەی کورد ئەمڕۆ پاراستنی ئەو دەسکەوتانەیە کە بە خوێنی شەهیدان هاتۆتە کایەوە.
یەکڕیزی و پاراستنی هەرێم، وەفاداریە بۆ شوڕشی مەزنی ئەیلول.
ئەیلول تەنها مێژوو نیە بەڵکوو ئەیلول ڕێبازە و بەردەوام دەبێت تا گەیشتن بە ئامانجی کۆتایی.

Top