لە چیا سەختەکانی کوردستانەوە بۆ مێشکی سەردەمی نوێ: «شۆرشی ئەیلول» هێشتا وێستگەیەکی زیندووە بۆ لاوان

لە چیا سەختەکانی کوردستانەوە بۆ مێشکی سەردەمی نوێ: «شۆرشی ئەیلول» هێشتا وێستگەیەکی زیندووە بۆ لاوان

 


مێژوو تەنها تۆمارکردنی بەسەرهاتی ڕابردوو نییە، بەڵکو نەخشەپێدانە بۆ داهاتوو. کاتێک باسی شۆڕشی مەزنی ئەیلول دەکەین، کە لە ١١ی ئەیلولی ١٩٦١ بە سەرکردایەتیی باوکی ڕۆحیی نەتەوەکەمان، (مەلا مستەفا بارزانی)هەڵگیرسا، ئێمە باسی تەنها ساتێکی کۆنی مێژوویی ناکەین: باس لە ترپەی دڵی نەتەوەیەک دەکەین کە ڕەتیکردەوە بێدەنگ بێت لە بەرامبەر زوڵمدا. ئەمڕۆ، لە جیهانێکی خێرا و پڕ لە گۆڕانکاریی سەردەمی دیجیتالدا، پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا ئەیلول تەنها یادەوەرییەکی ڕابردووە، یان هێزێکی جۆلێنەرە بۆ روولەکانی ئێستامان؟

راستییەکەی ئەوەیە شۆڕشی ئەیلول هەڵسانەوەیەکی گشتگیر بوو کە شکۆی بۆ مرۆڤی کورد گەڕاندەوە. لەو سەردەمە سەختەدا، (بارزانیی نەمر) بە تێگەیشتنێکی قووڵ و بڕوایەکی نەدۆڕاو، توانی جەمسەرەکانی خەبات لە ژێر چتری پێشمەرگەدا کۆبکاتەوە. پێشمەرگە قارەمانەکان لە چیا سەختەکانی کوردستاندا داستانگەلێکیان تۆمار کرد کە سەلماندیان ئیرادەی مرۆڤی ئازاد لە هەموو هێزێکی ماددی گەورەترە. ئەم روحە کۆڵنەدانە، گەورەترین میراتە کە ئەمڕۆ کەوتووەتە سەر شانی لاوان.

بۆ لاوانی ئەمڕۆ، کە لە سەردەمی تەکنەلۆژیا، زانیاری و کێبڕکێی جیهانیدا دەژین، ڕۆحی شۆڕشی ئەیلول ماناێکی نوێ دەبەخشێت. بەرگریکردن لە نیشتمان تەنها لە سەنگەری چەکدا نەماوە، بەڵکو ئەمڕۆ لە هۆڵی زانکۆکان، لە ناوەندەکانی داهێنان، لە پەرەپێدانی زمان، هونەر، ئابووری و تەکنەلۆژیادا ڕەنگ دەداتەوە. یادکردنەوەی ئەم بۆنە مەزنە واتە نوێکردنەوەی پەیمان لەگەڵ ئەو ڕێبازە نیشتمانییەی کە هەمیشە فێری کردین؛ «کوردبوون شانازییە و کۆڵنەدان بنەمای سەرکەوتنە».
با باوەڕمان بە تواناکانی خۆمان هەبێت، چونکە ئەو ئیرادەیەی کە لە ١٩٦١دا زوڵمی تێکشکاند، هەمان ئەو هێزە فیکرییە کە دەتوانێت ئەمڕۆ پێشەنگایەتیی داهاتوویەکی گەشتر و پێشکەوتووتر بکات. ڕێبازی (بارزانیی نەمر )وەک چرایەکی ڕێنیشاندەر دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی هەر تاکێکی گەنج بزانێت بە زانست، هۆشیاری و کۆڵنەدان، دەتوانرێت گەورەترین ئامانجەکان بەدەست بهێنرێن.



Top