ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەڵەتییەکان لەگەڵ هاوتاکانی فیدراڵی عێراق هەماهەنگی لە بوارى بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان بەهێز دەکات
لە بەغدا، د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ فەریق ئەحمەد ساڵح زەڕکانی، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ماددە هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، ڕێگەچارەکانی بەهێزکردنی هاوکاری و هەماهەنگی لەنێوان دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە فیدراڵییەکان لە بوارى بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان تاوتوێ کران.
د. زێباری جەختی لە گرنگیی دانانی میکانیزمێکی بەردەوام بۆ هەماهەنگی و ئاڵوگۆڕی زانیاری و ئەزموون، بە تایبەتی لەنێوان دامەزراوە پسپۆڕەکانی هەرێمی کوردستان و هاوتاکانی فیدراڵی عێراق، کردەوە.
هەروەها، گرنگیی بەهێزکردنی هاوکاری لەگەڵ ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و تاوانی ڕێکخراو (UNODC) وەک هاوبەشێکی نێودەڵەتیی سەرەکی لەم بوارەدا جەختی لێکرایەوە. هەروەها، ڕۆڵی نوسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەڵەتییەکان لە هەماهەنگی لەگەڵ UNODC لە پەیوەندی بە دۆسیە و بەرنامە پەیوەندیدارەکان خراوەتەڕوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، گرنگیی بەشداریکردنی دامەزراوە پسپۆڕەکانی هەرێمی کوردستان لە وۆرکشۆپەکان، خولەکانی ڕاهێنان و بەرنامە نیشتیمانی و نێودەڵەتییە پەیوەندیدارەکان، بە تایبەتی ئەو دەرفەتانەی لەلایەن UNODC ـەوە دابین دەکرێن، جەختی لێکرایەوە.
هەروەها، هاوکاری لە بوارەکانی خۆپارێزی، هۆشیارکردنەوە، چارەسەرکردن و دووبارە شیاندنەوە، و ڕێگریکردن لە بازرگانی و بڵاوکردنەوەی نایاسایی ماددە هۆشبەرەکان تاوتوێ کرا.
لە لایەنی خۆیەوە، فەریق ئەحمەد ساڵح زەڕکانی ئامادەیی خۆی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی و کاری هاوبەش لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی و جەختی لە گرنگیی بەردەوامبوونی هەماهەنگی و ئاڵوگۆڕی زانیاری و ئەزموون کردەوە.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، هەردوو لایەن جەختیان لە بەردەوامکردنی هەماهەنگی لەنێوان دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان و لایەنە فیدراڵییەکان، بەهێزکردنی هاوکاری لەگەڵ UNODC، و پەرەپێدانی بەرنامە و چالاکییە هاوبەشەکان کردەوە.
