كۆڤان تەها ئابووریناس لە دهۆك: هەمواركردنی یاسای كار بە شێوازێكی هاوچەرخ، ڕێگە خۆش دەكات بۆ ئەوەی كەرتی تایبەت ببێتە هاوبەشێكی ڕاستەقینەی كەرتی گشتی لە هەرێمدا

كۆڤان تەها    ئابووریناس لە دهۆك:     هەمواركردنی یاسای كار بە شێوازێكی هاوچەرخ، ڕێگە خۆش دەكات بۆ ئەوەی كەرتی تایبەت ببێتە هاوبەشێكی ڕاستەقینەی كەرتی گشتی لە هەرێمدا

 

پەیوەندیی نێوان دەسەڵاتی سیاسی و سیستەمی ئابووری لە هەرێمی كوردستان و عێراقدا بنەڕەتی و ئۆرگانییە. پڕۆسەی ئازادكردنی عێراق لە دوای ساڵی ٢٠٠٣، وەرچەرخانێكی قووڵی بەرەو ئابووریی بازاڕی ئازاد هێنایە كایەوە، بەڵام پاشماوەی یاسا مەركەزییە كۆنەكان هێشتا ڕێگرن لە گەشەكردنی سێكتەری تایبەت لە سەرانسەری وڵاتدا. بۆ بنیادنانی ئابوورییەكی هاوچەرخ، پێداچوونەوەی یاسایی و هەمواركردنی یاسای كار پێویستییەكی هەنووكەیی و یەكجار گرنگە. هەرچەندە هەرێم بەهۆی نەبوونی سەربەخۆیی تەواوی سیاسییەوە ڕووبەڕووی بەربەستی دەستووری دەبێتەوە و سیاسەتی نەختی لە دەسەڵاتی بەغدایە، بەڵام داڕشتنی پلانێكی ستراتیژیی گشتگیر بە هاوبەشیی حكومەت، كەرتی تایبەت و هاووڵاتیان، دەبێتە هۆكارێكی سەرەكی بۆ تێپەڕاندنی گشت ئاستەنگەكان. گەشەی ئابووریی ڕاستەقینە، زیادبوونی داهاتی تاك و دابینكردنی هەلی كاری گونجاو، بێكاری كەم دەكەنەوە و ڕاستەوخۆ سەقامگیریی كۆمەڵایەتی، سیاسی و ئاشتیی نیشتمانی بەهێز و جێگیر دەكەن. لەگەڵ ئەوەشدا، بەربەستە سیاسی و كارگێڕییەكانی نێوان پارێزگاكان، وەك بازگە گومرگییەكان، زیانێكی زۆر بە جووڵەی ئازادی بازرگانی و ئاڵوگۆڕی كاڵاكان دەگەیەنن. هاوكات، بڵاوكردنەوەی هەر جۆرە پڕوپاگەندەیەكی نەرێنی، متمانەی هاووڵاتیان بە بەرهەمی ناوخۆیی كەم دەكاتەوە و جووتیاران و وەبەرهێنەرانی لۆكاڵی بێهیوا دەكات. بۆیە، پێویستە لەپێناو گەیشتن بە گەشەپێدانی بەردەوام و پاراستنی ئاسایشی خۆراك، بەربەستە حزبی، سیاسی، كارگێڕی و ڕۆتینییەكان بەپەلە لەنێوان شارەكاندا لاببرێن و پشتگیریی تەواو پێشكەشی كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازیی ناوخۆیی بكرێت، تاوەكو ئابوورییەكی گەشەسەندوو و سەربەخۆ بنیاد بنرێت.

 

Top