موزەفەر ئەبوبەكر قوتابیی ماستەری سیاسەتی گشتی لە هەولێر: لە غیابی دەوڵەتێكی سەربەخۆدا، ئابووری دەتوانێت ڕۆڵێكی بەهێز و جێگرەوە بگێڕێت بۆ پاراستنی ناسنامەی نیشتمانی و نەتەوەیی

موزەفەر ئەبوبەكر   قوتابیی ماستەری سیاسەتی گشتی لە هەولێر:  لە غیابی دەوڵەتێكی سەربەخۆدا، ئابووری دەتوانێت ڕۆڵێكی بەهێز و جێگرەوە بگێڕێت بۆ پاراستنی ناسنامەی نیشتمانی و نەتەوەیی

 

لە غیابی دەوڵەتێكی سەربەخۆ و خاوەن سەروەریدا، ئابووری تەنیا كەرەستەیەكی سادە نییە بۆ دابینكردنی بژێوی ڕۆژانە، بەڵكو قەڵایەكی بەهێزە بۆ پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی. دروستكردنی پەیوەندییەكی توندوتۆڵی ئابووری و بازاڕێكی هاوبەش لە نێوان پارچە جیاوازەكانی كوردستاندا، سنوورە دەستكردەكان كاڵ دەكاتەوە و هەستی هاوبەشی نیشتمانی لە ناو دڵی تاكەكاندا دەبووژێنێتەوە. كاتێك هاووڵاتییانی پارچەكانی دیكە لە هەرێمی كوردستاندا لە ڕووی یاسا و ڕێكارە كارگێڕییەكانەوە وەك هاووڵاتیی پلە یەك مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت و مافەكانیان دەپارێزرێت، پێوەندیی نیشتمانییان بەهێزتر دەبێت، بەمەش، بەرژەوەندیی دارایی دەبێتە پردێك بۆ یەكپارچەیی سۆزداری.

ئەزموونی یەكێتیی گومرگیی ئەڵمانیا (زۆلفەرین) سەلمێنەری ئەوەیە كە چۆن یەكخستنی بازاڕەكان ڕێگەی بۆ دروستبوونی دەوڵەتێكی سیاسیی یەكگرتوو خۆش كرد. بۆ كوردیش، ئاسانكاری بۆ هاتوچۆی ئازادی كاڵا، سەرمایە و هێزی كار لە نێوان پارچە جیاوازەكاندا، پێویستییەكی مێژوویی و نەتەوەییە بۆ دروستكردنی هاوبەشییەكی ڕاستەقینە لەسەر ئاستی جەماوەری و بەهێزكردنی ئیرادەی نیشتمانی. لە بەرانبەردا، پەرتەوازەیی ئابووری، مەترسییەكی گەورەیە لەسەر قەوارەی سیاسی. دابەشبوونی دارایی و ئابووریی نێوان زۆنەكان لە هەرێمی كوردستان، پێگەی دانوستانكاری هەرێمی لە بەغدا بە تەواوی لاواز كردووە، بە جۆرێك كە قەوارەیەكی كارا بووەتە چاوەڕوانی بڕیارەكانی ناوەند بۆ دابینكردنی مووچە. بۆیە، یەكگرتوویی ئابووری و بنیادنانی بازاڕێكی هاوبەش تەنیا بژاردەیەكی بازرگانی نییە، بەڵكو ستراتیژییەكی نەتەوەیی بنەڕەتییە بۆ پاراستنی قەوارەی دەستووری و ڕێگریكردن لە كاڵبوونەوەی ناسنامەی هاوبەش لەژێر گوشارە دەرەكییەكاندا.

 

Top