فیدباك بڕبڕەی پشتی گەشەپێدانی ئاستی پەروەردەییە
(جۆن دیوی) بیرمەند و پەروەردەكاری دیاری ئەمریكی دەڵێ"ئێمە لە ئەزموونەكانمانەوە فێرنابین، بەڵكو لە ڕامان و هەڵسەنگاندنەوە لە سەر ئەزموونەكانمان فێر دەبین".
لە ناخی ئەو وتەیەوە بەهای ڕاستەقینەی (فیدباك) یان ڕەخنەی بنیاتنەر لە پڕۆسەی پەروەردە و فێركردندا دەركەوێت. فیدباك تەنها كۆمەڵێ تێبینی سەر كاغەز نییە، بەڵكو ڕۆح و بڕبڕەی پشتی گەشەپێدانی ئاستی ئەكادیمی و گۆڕینی دامەزراوە پەروەردەییەكانە بۆ ژینگەیەكی زیندوو.
بە گشتی فیدباك(پێڕاگوێزان یان كاردانەوەی بنیاتنەر) پڕۆسەیەكی بەردەوامی ئاڵوگۆڕی زانیاری و هەڵسەنگاندنە لە سەر ئەنجام یان ڕەفتارێكی دیاریكراو. بەمەبەستی ڕوونكردنەوەی خاڵە بەهێزەكان و دەستنیشانكردنی كەموكوڕییەكان بۆ بەرەوپێشبردن و چاكسازی. نەك بۆ لۆمەكردن یان شكاندنی كەسایەتی.
بەگشتی فیدباك گرنگی و بایەخی زۆری هەیە، جگە لەوەی بریتییە لە پەرەپێدانی ڕۆڵ و توانا و لێهاتوویی كەسەكان و زانینی خاڵە لاواز و بەهێزەكان و ڕاست كردنەوە و چاككردنەوەی ڕێڕەوی دروستی كەسەكە و ڕێگری كردنە لە دووبارەكردنەوەی هەڵەكان و چارەسەركردنی گرفتەكانە، لە هەمان كاتدا و بەرزكردنەوە و چاككردنی ئاستی پیشەیی كەسەكانە، فیدباك وەكو ئاوێنەی پێشكەوتن تەماشا دەكرێت. فیدباكی دروست ڕاستەقینەی ئاست و كوالێتی كارەكان نیشان دەدات. نەك ئەوەی كە خۆمان حەزمان لێیە و ئارەزوودەكەین ببینین.
لە بواری پەروەردە ڕۆڵی فیدباك لە نێوان ئاستە جیاوازەكان هەیە لە نێوان (سەرپەرشتیاران و مامۆستایان و بەرێوەبەر و ڕاهێنەران) بە گشتی جۆراوجۆرە و هەریەكە و تایبەتمەندی خۆی هەیە.
ئەوەی لەو وتارەدا دەمەوێ باسی بكەم فیدباكی (مامۆستا بۆ مامۆستای ڕاهێنەر) ، ئاشكرایە وەزارەتی پەروەردە ژمارەیەكی بەرچاو لە ڕاهێنەرانی پەروەردەیی ئامادەكردووە و زیاتر ئامادەیان دەكات، و دواتر ئەوانیش ڕاهێنان بە مامۆستایان دەكەن. ئەوەی لێرەدا جەختی لێدەكەینەوە زانینی ئاستی پیشەیی ڕاهێنەرانی پەروەردەییە كە لە دیدی مامۆستاكانەوە كە ئەوەش تێگەیشتنێكی ورد و جەوهەرییە بۆ پڕۆسەی پەروەردە تا بزانن ڕاهێنەرانمان تا چەند توانیویانە زانیاری ومیتۆد و بابەتە سەرەكیەكان سەركەوتوانە و پێشەییانە پیادەی بكەن و لە گەیاندنەكان سەركەوتوو بوونە.
لێرەدا ڕاهێنەری سەركەوتوو و لێهاتوو و ڕاستەقینە دەستنیشان دەكرێت و دەردەكەوێت ڕاهێنەرەكە تا چەند توانای دیالۆگ و گفتوگۆ وەڵامدانەوەی پرسیارە سەختەكان و گوێگرتنی هەبووە. لە هەمان كاتدا كواڵێتی ڕاهێنانەكە دەردەكەوێت كە ئایا ڕاهێنەرەكە بابەتەكەی بە ڕوونی گەیاندووە یان تەنها زانیاری ئاڵۆز و وشكی ڕاستكردۆتەوە، وە تا چەند ڕاهێنەر سەركەوتوو بووە لە گونجاندنی ناوەڕۆك لەگەڵ واقیع، چونكە مامۆستایان باشتر لە ڕاهێنەر دەزانن كام زانیاری لە ناو پۆلدا كردەییە و كامەش تەنها تیۆرییە.
خاڵێكی گرنگی تر هەیە لەو فیدباكە دەردەكەوێت ئەویش دووركەوتنەوە لە نادادپەروەری كە ئاستی دروستی ڕاهێنەرەكان دیاری دەكات تا چەند باكگراوندێكی زانستی پەروەردەیی لێهاتوویان هەیە و خاوەن ئاستی بەرزن لە ڕاهێنان وپیشەگەری لەگەڵ ئەوانەی ئاستیان لاوازە و بەردەوام خوڵ و ڕاهێنان بەڕێوەدەبن بەبێ هەڵسەنگاندن.
بۆیە گرنگە لە قوتابخانەكاندا سەرجەم مامۆستایان فۆرمی هەڵسەنگاندنی بەبێ ناو لە كۆتایی هەر خولێکدا پڕ بكەنەوە بەبێ ترس و شەرم ڕای ڕاستەقینەی خۆیان لەسەر توانای ڕاهێنەرەكە بنووسن بەبێ ناوزڕاندن.
پێویستە پێوەری هەڵسەنگاندن هەبێت لە سەر چەندەها تەوەر لەوانە
ـ ڕوونی شێوازی ڕوونكردنەوەی ڕاهێنەر"
- توانای وەڵامدانەوەی پرسیارەكان.
- بەكارهێنانی ئامڕازی سەرنج ڕاكێش و نوێ.
- رێزگرتن لە ئەزموون و بۆچوونی مامۆستایان.
- جورئەت و بوێری و لێهاتووی ڕاهێنەر.
- گەیاندن و ئاستی زانیاری ڕاهێنەر.
ئەو ڕێگایە زامن و مسۆگەری ئەوە دەكات كە ڕاهێنەرانیش بەردەوام لە هەوڵی خۆپەرەپێدان وخۆگەشەپێدان دابن و پڕۆسەی ڕاهێنان نەكەوێتە داوی دووبارەبوونەوە و سستی.
لە كۆتاییدا كە مامۆستا دەبێتە هەڵسەنگێنەری ڕاهێنەرەكەی كەرامەتی پیشەیی مامۆستا دەپارێزرێت و بەها بۆ ئەزموونی دەگەڕێندرێتەوە و دەستەبەركردنی كوالێتی ڕاهێنانیش دەبێتە ڕاستیەكی حاشا هەڵنەگر .
ڕاهێنەری بەتوانا و لێهاتوو ڕاستەقینەش لە ڕاهێنەری لاسایكەرەوە جودا دەكرێتەوە.
لە وتارەكانی داهاتوودا نموونەی چەند وڵاتێك باس دەكەین بەهۆی فیدباكەوە لەپەروەردەدا سەركەوتنی گەورەیان بەدەستهێناوە.
ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

بەکر کەریم حەسەن