داڕمانی سەروەریی یاسا لە ژێر سێبەری پشکپشکێنەی سۆسیالیزەکراو و سیاسی

داڕمانی سەروەریی یاسا لە ژێر سێبەری پشکپشکێنەی سۆسیالیزەکراو و سیاسی


سیستەمی پشکپشکێنە (المحاصصة) لە دوای ساڵی (٢٠٠٣)وە بووەتە گەورەترین ئاستەنگ لە ڕێگەی بنیاتنانی دەوڵەتی دامەزراوەیی و چەسپاندنی حکوومەتی یاسا لە عێراقدا. ئەم مۆدێلەی ئیدارەدانی دەسەڵات، کە لەسەر بنەمای بەشکردنی کێک و دەستکەوتە گشتییەکان ڕێکخراوە، تەنیا بەهەدەردانی سامانی گشتی بەرهەم نەهێناوە، بەڵکو کەرامەتی هاووڵاتیبوون و سەربەخۆییی دامەزراوەکانیشی خستووەتە مەترسییەوە.
لە ڕوانگەی یاسای دەستوورییەوە، گەورەترین تاوانی یاسادانانی ئەم سیستەمە بریتییە لە جێگرتنەوەی "بنەمای شایستەیی و لێهاتوویی" بە "سۆزداریی حزبی و تایفی". کاتێک دڵسۆزی بۆ حزب دەبێتە مەرجی وەرگرتنی پۆستە گشتییەکان، بنەمای یەکسانیی هاووڵاتیان لە بەردەم یاسادا بە تەواوی دادەڕمێت. ئەم ڕەفتارە نەک هەر پێشێلکردنی ئاشکرای دەقە دەستوورییەکانە، بەڵکو ناوەڕۆک و کرۆکی فەرمانبەریی گشتیش دەشێوێنێت و دەوڵەت لە دامەزراوەیەکی خزمەتگوزارییەوە دەگوێزێتەوە بۆ کێڵگەی دەستکەوتی حزبی.
لە لایەکی ترەوە، بێدەنگبوون لە بەرامبەر گەندەڵی و پاراستنی گەندەڵکاران لە ژێر پەردەی سەرکردایەتییە تایفی و حزبییەکاندا، پەکخستنی ڕاستەوخۆی دەسەڵاتی دادوەری و دەزگا چاودێرییەکانە. سیاسیی ڕاستەقینە و شەرەفمەند ئەوەیە کە ملکەچی لێپرسینەوەی یاسایی و چاودێریی جەماوەری بێت، نەک لە پشتی ناونیشانی مەزهەبی و نەتەوەییی خۆی بشارێتەوە.
مافی ڕەوای هاووڵاتییە کە پرسیار لە ئەنجامی بەڕێوەبردن بکات، چونکە هیچ سەروەرییەک لە سەرووی سەروەریی یاساوە نییە و هیچ بەرژەوەندییەکیش لە سەرووی بەرژەوەندیی نیشتمانەوە نابێت. ڕەخنەگرتن لە فەشەلی ئیداری و سیاسی، پاراستنی کیانی دەوڵەتە لە داڕمان و گەڕانەوەیە بۆ چەمکی ڕاستەقینەی دادپەروەری.

Top